تۆفانی ئەقسا... شەڕی بەهاکان یان بەرژەوەنی سیاسی؟

کوردستان 21/10/2023

د. مەهدی: تۆفانی ئەقسا لە پێناو بەرژەوەندی بەرەی مقاوەمە و ئێران بوو
مەلا بەختیار: بەهۆی بوردومانی مەدەنیەکان، ئەو هاوسۆزیەی سەرەتا بۆ ئیسرائیل هەبوو، ئێستا نەماوە


ئەمڕۆ 21\10\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (تۆفانی ئەقسا... شەڕی بەهاکان یان بەرژەوەنی سیاسی؟) دەربارەی جەنگی غەزە و ئیسرائیل بۆ د. مەهدی ئەبوبەکر بەڕێوەچوو.
ناوبراو لە سەرەتای باسەکەیدا پانۆرامایەکی دەربارەی بەهێزبونی حەماس لە ناو غەزە و دەستبەرداربونی ئیسرائیل لەو شارە خستەڕوو. پاشان ئاماژەی بە مەترسیەکانی ئەو جەنگە کرد کە سەرەتا بەناوی تۆفانی ئەقسا بزوتنەوەی حەماس دەستپێشخەری کرد. لەوبارەیەوە وتی: سەنتەرە سترایژیە سەربازیەکانی جیهان پێیانوایە بەهۆی ئەم جەنگە تازەیەوە جیهان روبەڕوی مەترسی گەورە بۆتەوەو دەڵێن ئەم جەنگە وایکردوە کە ئاماژەکانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم بگاتە 50%.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا بۆچونی وابوو کە هەڵگیرسانی جەنگەکە لەلایەن حەماسەوە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی بەرەی موقاوەمەیە کە ئێران سەرپەرشتی دەکات، بەڵام حەماس ناسنامەیەکی ئاینی و بەهایی پێداوە. وتیشی: کاتێک پەیوەندی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی وردە وردە ئاسایی کرایەوەو پەیوەندی دیبلۆماسی دروست بوو، لەهەموی گرنگتر هاتنە کایەی رێکەوتنی نێوان سعودیە و ئیسرائل بوو، ئەمەش بە کارەسات دادەنرا بۆ بەرەی مقاوەمە بە سەرۆکایەتی ئێران..
بۆیە گرنگترین ئامانجی تۆفانی ئەقسا، لە هەڵگیرسانی جەنگەکەی حەماس تێکدانی رێکەوتنی ئیسرائیل و سعودیە بوو ..
د. مەهدی دژی ئەو بۆچونانە بوو کە پێیانوایە ئەم جەنگە سیناریۆی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێرانە، بەڵکو پێیوابوو پێویستە واقیعیانە سەری بابەتەکە بکرێت.

دوای تەواوبونی قسەکانی د. مەهدی ئامادەبوانی سیمنیارەکە سەرنج و پرسیارەکانایان خستەڕوو. هاوکات مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری کوردستان بەشداری گفتوگۆکەی کرد و پێیوابوو کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل وەکو کێشەی کورد، کێشەیەکی ئاوساوەو هەر هێندە بواری بۆ رەخسا دەتەقێتەوە، بۆیە کێشەی فەلەستین دەبێت چارەسەر بکرێت، چونکە کەسیان ناتوانن یەکتری لەناوبەرن.

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد، بزوینەوەی حەماس لە سەرەتای جەنگەکە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵام هەڵەیەکی ستراتیژیان کرد، کە دەستیان  بە مەدەنی کوشتن کرد. وتیشی: ئەو سۆزەی لە سەرەتاوە بۆ ئیسرائیل هەبوو، بەهۆی بۆردومانی شوێنە مەدەنیەکانی وەکو نەخۆشخانەکان، پاشەکشێی کردوەو ئێستا رایگشتی عەرەبی و جیهانی هاوسۆزی خەڵکی غەزەن.
ناوبراو بۆچونی دەربارەی ئایندەی جەنگەکە وابوو کە زۆر زەحمەتە ئیسرائیل بتوانێت غەزە بەتەواوی داگیری بکات و حەماس لە رەگەوە دەربهێنێت، بە دوریشی زانی ئێران راستەوخۆ بچێتە بەرەی هێرشکردنەوە، مەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل پەلاماری ئێران بدەن.