کوردو مومارەسەی سیاسی

کوردستان 16/09/2023

مامۆستا ئیبراهیم میکە: پێویستە کورد سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و متمانەی تورک و عەرەب و فارس بەدەستبهێنێت
مەلا بەختیار: گرنگە کورد لەباتی خەباتی چەکداری زیاتر روبکاتە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی

ئەمڕۆ 16\9\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر سیمینارێک دەربارەی کوردو مومارەسەی سیاسی بۆ مامۆستاو توێژەر ئیبراهیم میکە عەلی بەڕێوەچوو.
ناوبراو لە باسەکەیدا تێزی جەبرگەرایی فەیلەسوفی هۆڵەندی سپینۆزای وەکو نمونە گشتگیرکردبوو بە سەر توێژینەوەکەیداو وتی:   جەبەرگەرایی پێیوایە یەک بە یەکی بڕیارو کردارەکانی مرۆڤ ڕۆڵیان هەیە لەسەر ئەوەی ئێستا دروستبوە. ئەمە پێچەوانەی قەدەرگەراییە کە پێیوایە مرۆڤ ناتوانێت و دەسەڵاتی نیە لە روداوەکاندا..
 لەو روانگەیەوە مامۆستا ئیبراهیم پێیوابوو: بەپێی تیۆری جەبرگەرایی، ئەوەمان بۆ روندەبێتەوە کە کورد لە خەباتی سەد ساڵەی رابردودا دەرکەوت ناتوانین ئەو واقیعەی هەیە و ئەو نەخشەیەی لەم ناوچەیە زاڵە بگۆڕین و ببینە خاوەنی دەوڵەتی کوردی، بۆیە پێویستە واقیعەکە قبوڵ بکەین و بیر لە شێوازی دیکەی ژیان لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بکەینەوەو هەوڵ بدەین بە ئاشتی لەگەڵیاندا پێکەوە بژین.
ناوبراو لە باسەکەیدا گەیشتوە ئەو ئەنجامەی کە  ئەو تەکتیکەی حزبە سیاسیەکانی کوردستان لە رابردودا بەکاریانهێناوە، زیانی بۆ کورد هەبوە، بۆیە ئەم واقیعە تاڵەی بۆ کورد دروستکردوە.
مامۆستا ئیبراهیم پێیوابوو، پێویستە کورد ستراتیژی سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و متمانەی تورک و عەرەب و فارس بەدەستبهێنن تا روانگەی ئەوانیش لەبارەی دوژمنایەتیکردنیان بۆ کورد گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ئاشتی بەرقەرار بێت.
دوای تەواوبونی بابەتەکەی، ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و بۆچونەکانیان خستەڕوو، بەشێکیان پێیانوابوو بنەمای باسەکە دەبێتە هۆی دابڕانی نەتەوەیی لەنێوان پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە کورد میکانیزمەکانی خەباتی بگۆڕێت.
هاوکات مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بەشداریی گفتوگۆکەی کرد و باسی لەوەکرد کە نەتەوەی کورد مەحکومە بە جوگرافیا، هەڵکەوتەی جوگرافی و جیۆسیاسی کوردستان، زیانی بۆ خەباتی کورد و ئامانجەکانی هەبوە، بۆ نمونە ئەگەر کوردستان دەریای هەبوایە تەواوی واقیعەکان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دەهات. وتیشی: ئەم نەتەوانەی دەروربەرمان سودیان لە جوگرافیاو و دین وەرگرتوە بۆ دژایەتیکردنی کورد..
مەلا بەختیار ئەو بۆچونەی قبوڵ نەبوو کە دەستبەرداری خەباتی کوردایەتی ببین، بەڵام بە پێویستی زانی کە میکانیزمەکانی خەباتی کوردایەتی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بە تایبەتی گواستنەوە لە خەباتی چەکداریەوە بۆ خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی و یاسایی.
مەلا بەختیار پێیوابوو کێشەی گەورەی کورد ئەوەیە کە وڵاتانی تورکیا و ئێران عێراق و سوریا هیچیان وڵاتێکی دیموکراسی نین، بۆیە مافی چارەنوسی کورد لە وڵاتی نادیموکراسیدا بەدەست نایەت.