ژنێک گالیسکەکەم بە بخوور تەڕ دەکا

رۆشنبیری 19/08/2023

سامی هادی


١
خۆر ئاوابوون
بە هەموو ڕەنگە پەرتەوازە و ماندوویەوە
  بیابان دەسووتێنێ کە
چەند سەدەیەکە لە بۆن و هەناسەی باران تۆراوە

٢
لێرە هێشتا ئێوارەیە
ژنێک لەناو نیگەرانی ژیان
گالیسکەکەم بە بخوور تەڕ دەکا
مۆمێکیشم دەداتێ
 پڕە لە پەنجەرەی واڵای گۆرانی
ژنێک
بەجریوەی شینی ئاسمان وتی
پەنجەرەکەشت بکەی بە خۆرەتاو
هێشتا نام ناسی

٣
لە بەردەم ئاوێنەیەکی تۆراو
خۆم و تاریکی چایەک دەخۆینەوە

٤
ئاڵوودەم بە هەموو ڕەنگە میهرەبانەکانی پایز 
بەو بارانەی هێندە تاریکە شەویش نایناسێتەوە
بە ڤیڤاڵدی بە مۆزارت بە باخ
بە هیندڵ. بڕاهمز
بە وەرزشی نێوان تاریک و ڕوونی
گۆیژە و ئەزمەڕ
بەو پەنجەرەیەی لە هەر وەرزێک
ڕەنگێکی هەیە
بە سەیرکردنی پەنچەی ئەو ژنەی تەنیا ئێواران
ماچ دەبەخشێتە پیانۆیەکی پیر
بەو کتێبانەی لە هەموو سوچێکی ماڵەکەم
بە گیتارێکی نەخۆش بانگم دەکەن
 بە هەفتە بازاڕی کۆنەی سلێمانی
بە سینەما سالم بە کتێب فرۆشەکانی شار
بە قاوەی بەیانیانی سەمەندی چایچی
بەو هاوڕێیانەی لە ڕۆژێک 
گوێم لە شنەی دەنگیان دەبێ
ئاڵوودەم بەو ژنەی مۆمێکی سەرەڕۆ لێمی تۆراند 
بە خۆم.. بە هەموو تاریکیەکانی خۆم

٥
وەک زەریا
گۆرانیم بۆ کەشتییەکە وت
کەشتی هێندە ئاشق بوو
لە کۆکردنەوەی شەپۆڵ و وردە شەپۆلان
هەموو ئەو ئاوازانەی گوتەوە
کە ڕەشەبا فێریان کردبوو

٦
لەناو دارستان ون بووین
کەسێ نەبوو ڕێگای گۆڕستانمان
نیشان بدات جگە لە تاریکی
ئەویش لەناو تەڕایی خەوتبوو
٧
درەختەکانی ئەودیو پەنجەرەکە
شەوان بە زمانی خۆرئاوابوونی وەرزەکان
قسە بۆدوا خەونی باڵندان دەکەن
ژیان ئاوێنەیەکی تەڵخ بوو
وردە باران هێندە کۆی کردنەوە
کەس نەیزانی ماناکانی وردو و خاشبوون
هی کام وەرزە.


٨
ژیان بەرەو پیربوون دەچێ
باران وادەی جارانی شێواوە
بەفر بە ختۆکەوە دەبارێت
ئەم گۆی زەویە ئێجگار ماندووە
مڕۆڤەکانی بێتام دەخۆنەوە
ژنەکان نیوەیان تاریک
نیوەکەی دی ڕووت وەک خۆرەتاو
ئێمەش پیر دەبین
نازانم فریای نووسینەوەی نهێنیەکانی
هەر چوار وەرزەکە دەکەوین
یان لە نیوەشەوێکی
سەرمابردەڵە دەبینەوە خۆڵەمێش
٩
ئەو ژنە لەناو باراندا بزەی ماچ دێنێ
ژیان ئیتر بە هەموو ڕەنگەکانیەوە
چیتر بە دارستان ناڵێ
گەڵاکانت کەی سەفەر دەکەن
١٠
ئاگر
ئەگەر ڕەنگی لێ بسەنیتەوە
تەنیا دەڵێ
باران چ وەرزێکی لاسار بوو

١١
مردن
ئەو باڵندەیەی چەند ساڵ جارێک
هێلانەی گۆڕستان
پڕ لە دوا خەونی تاریکی دەکا.

١٢
ئەمشەو بێ کاتژمێر
سەیری دەریام دەکرد
دەریا جریوەی شەپۆلەکانی
بێ بزەی کەنار ون دەبوو
زۆر دەترسام ئاوڕێک باتەوە و بپرسێت
کات چەندی ماوە
بۆ فرینی دواخەونەکانی ژیان
١٣
مانگە شەوە
لەسەر پردەکە
هێندە بە تاسەوە سەیری سەمای ماسیەکان دەکەین
هەندێ جار بۆنی گۆرانیەکانیان دێ 
هەندێ جاریش شەرم دەکەن
بڵێن شەپۆل لە بەهارێکی مێینە دەچێ.

١٤
هەینییە
کات حەوتی ئێوارەیە
قاپێ شەرابی ڕەش
شانزە ساڵی ڕێکە لە گەرما و سەرمادا خەوتووە
ڕەش وەک ئەفریقا
هەر بەو بۆنەیەشەوە لە ئەفریقا لە دایکبووە
بێ جریوەی دارستان و لە شارێکی بێ ڕووبار
لە ئێوارەیەکی گەرمی مانگی تەمووز
بڕیارم داوە بە بێ هەموو هاوڕێکانم
سەیری بکەم و ئینجا: نۆش

١٥
ژنێ
بێ کۆکردنەوەی ژمارەی وەرزەکان
تۆرا زۆر تۆرا
نازانم ئێستا لە غوباری دەرگاکان دەدا
یان بە وردە بەردی ڕووبارێ
وێنەی پیاسەی ئەو شەوانە کۆدەکاتەوە
کە بوون بە پەیکەری خۆرنشین
١٦
ئەوە تابلۆی ئەو ژنە بوو
پێش شەونم بووین بە هاوڕێ
پایز کۆمانی کردەوە
بەرەبەیانی وەرزێکی ڕەش
هەموو چرۆکانی کوژاندەوە

١٧
موزیک
تەمەنمی کرد بە مۆم
نازانم لە کام وەرز
بێئاگایی شەختەی گۆڕستان
دادەگرسێن

١٨
ئەو شەوەی
مانگ ڕووناکی خواردەوە
ئەو بەختەوەرانە لەگەڵ تاریکی دەدوا
دارستان بێدەنگ بوو
تەنیا پیانۆکە
بە پەنجەی دار کاژەکان
نۆتەکانی بە خامۆشی دوا ماچ
هەڵفڕاند

١٩
بارانی ئەو بنارە
هێندە تاریک دەبارێت
بیرم چۆتەوە
شنە بەر لە مانگەشەو
سێبەری بووە بە کۆلارە

سلێمانی ٢٠٢٣


چەند سەرنجێک

د. موحسین ئەحمەد عومەر 
   شیعرییەت ئەوە نیە وێنایەکی شیعری داڕێژی مانایەکی هەبێ گشت لەسەری کۆک بن، ئەو گشت لەسەر کۆکبوونە بۆ شیعر بە کەڵکی هیچ نایێ، شیعر دەبێ بە پێ و نیگای خۆی بڕوا، لە شیعر هەموو شتێک دەبێ لەناو بێ سنووری، بێ پایانی، بێ ماقووڵی بە ماقووڵی بێ پایانی خۆی بێ، وەک هەموو ئەو دەریایە بێ سنوور و ئەو ئاسمانە بەرز و بێ کۆتاییانە بێ، وێنایەک داڕێژی سەرەڕای ناماقووڵی بەڵام وێنایەکی ماقووڵ بێ و لەگەڵ ئەو هێلە یان ئەو تەندانسە وجودییەی ژیان، کە هەر ئەویش لە ناو ماقووڵی و ناماقووڵی دێ و دەچێ، یەک بگرێتەوە یان هاوتەریب بێ لەگەڵی. 
   بە گشتی بە پێی ڕوانین و بۆچوونی خۆم بنیاتنانی شیعرییەت هەر بە وێنای جوان ناکرێ بەڵکو بە ناشیعرییەتیش دەکرێ، چونکە لە هەناوی هەموو شیعرێک ئەم هەڵکەوتە هەیە، ناشیرینی و ناماقووڵی و بێمانایی و هەتا بێهوودەییش، لە ڕاستیدا ئەگەر بڵێین ناوەڕۆکی هەموو شیعرێک هۆنینەوەی بێهوودەییە، ئەمە ڕاستە، جوانی ئەو کاتە دەردەکەوێ یان شیعرییەت ئەو کاتە دەردەکەوێ کە بێهوودەییەکە زۆر باڵا بێ، واتە وێنا شیعرییەکە باڵا بێ، بە پێچەوانەوە لە ئاستێکی خوارەوەی جوانی دەمێنێتەوە، دەشێ ناو لەم ئاستە بنێین ئاستی جوانی کۆمەڵایەتی، ئەمەش لەچاو باڵاکە تەمەنی کورتە زوو لە یاد دەکرێ. 
لەم کۆمەڵە شیعرانەی کاک سامی هادی بە ئاراستەی یەکەمە، شاعیر نایەوێ سنوور بۆ خەیاڵی خۆی دابنێ، سوود لە هەموو شتێک وەردەگرێ بۆ بنیاتنانی خەیاڵی شیعری خۆی، هەست بە جوانی دەکەی، هەست بەو جیهانە ناکامە دەکەی کە پێی دەگوترێ جوانی مەحاڵ، واتە ئەو هەستە شیعرییە سرک و نەگیراوە کە لە هەنگاوی یەکەم هەست دەکەی بێمانایە بەڵام لە بنچینەدا هەموو شتێک تەواوە هیچ خەوشێکی تێدا نیە. وەک کە دەڵێ: 
مردن
ئەو باڵندەیەی چەند ساڵ جارێک
هێلانەی گۆڕستان
پڕ لە دوا خەونی تاریکی دەکا.
یان کەدەڵێ:

کەسێ نەبوو ڕێگای گۆڕستانمان
نیشان بدات جگە لە تاریکی
ئەویش لەناو تەڕایی خەوتبوو
ئەم وێنا شیعریانە تا ئاستی بێمانایی دەڕۆن بەڵام هەر لەناو بێمانایی شیعرییەت بنیات دەنرێ، چونکە ئەم ڕوانینە لێکدانەوەیە یاخود هاوتای ئەو بوونە بێمانایەیە کە پێی دەگوترێ ژیانی مرۆڤ، ئەمەش رێگا خۆش کردنە بۆ بنیاتنانی لیریکایەکی دی کە دەشێ ناوی لێ بنێین لیریکای نۆستالژیانەی بوونی مرۆڤ، بەڵام ئامانج لەم بنیاتنان و داڕشتانانە هەر شیعرە کە سەلوای دەروونی مرۆیە و هیچ تر.