سێبەر ئەگەر نەما
بەشدار سامی
حەبیب گیان / پێمبڵێ بەم نیوەشەوە خەریکی چیت/ ئەگەر گوێت بخەیتە بەردەمم، دەمەوێت سەبارەت بە زۆر شت هاوار بکەم/ نامەوێت پێتبڵێم دەترسم خۆت ئەوە دەزانیت/سەبارەت بە دڵتەنگی هیچت بۆ نانووسم بەڵام هێشتا ئەو ڕۆژەم لەبیرە کە باران دەباری و نە تۆ لە فیلەندا دەگریایت نە منیش هیچ ئازارێکم هەبوو/
تا لەبیرم بچێتەوە، خۆشەویستێک کە هەمبوو/ حەفتەی ڕابردوو چوومە سەر گۆڕی سافی هیرانی، ئەوەم بۆ دانا فایەق و حەمە تاهیر گێڕایەوە/ حەمە تاهیر سافی هیرانی نەناسیبوو, خۆ عەیب نییە؟/
سەبارەت بە هەولێر هێشتا دڵم شکاوە بەڵام غاباتێکم لە بەردەم ماڵەکەم دروست کردووە، نۆ درەخت و
شەش-حەوت گوڵ و چیمەنم چاندووە/ دەتوانم بە تەماشاکردنی درەختەکان هەموو ئەوانە بناسمەوە کە خۆشم دەوێن/ درەختێکم ناوناوە بڕیار موحەمەد، لە ژێر ئەم گەرمای هەولێرە، بەستەزمان بڕیار/
سامی هادی، لەبیری نەکردووم/ زوو زوو هەواڵم دەپرسێت، شیعرێکی نوێی بڵاوکردبووەوە بەشێکی پێشکەش بە من کردبوو، هێندە دڵخۆش بووم وەک ئەوەی قەڵای بانەمان لەسەر شانی داینابم/ حەزم کرد بۆتی بگێڕمەوە/ ڕۆژێکیش کە زۆر بێ هاوڕێ بووم، حەمە تاهیر بە تاکسی، لە سلێمانییەوە هات بۆ لام/ بە شەرەفم/ دەربازی کردم/
بە دۆستێکم گوت سڵاوم بگەیەنێت بە دکتۆر سەروەر عەبدوڵڵا/ جارێک بە پیکەبەکەم بردەمەوە، گوتی شاعیر کوو دەبێت لۆری باژوات/ ئێستاش کە نەخۆشم لەباتی ئەوانەش کە خۆشیان ناوێم خۆشی دەوێم/
دەمەوێت بچمە سلێمانی و هاوڕێکانم ببینم/
ئەمشەو من پیس دڵتەنگم/
هەوڵمدا بخەوم/نووستم/ ئەوپەڕی نیوسەعاتێک بەڵام شێرێک پەلاماریدام و ڕاچلەکیم/ ئەگەر پەیوەندیم بە بنکەی پۆلیسەوە کردبا دەهاتن و تێر شەقیان دەکردم ئەوان کوا بڕوا بەوە دەکەن شێر دەیەوێت بمخوات/
بەهەر حاڵ حەبیبە
ئەگەر نەخەوتوویت، تکایە، پەیوەندیم پێوە بکە/