جەنگی ساردی دووەم مەترسیدارتر دەبێت لە جەنگی ساردی یەکەم

جیهان 16/05/2023


نایڵ فێرگسۆن
هێنری کیسینجەر

وەرگێڕان: سۆران جەلیل


هێنری کیسینجەر، وەزیری دەرەوەی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشداری دا لەوەی جەنگی ساردی دووەم -لە نێوان چین و ئەمریکادا- مەترسیدارتر دەبێت لە جەنگی ساردی یەکەم.

ئەمە لە لایەن هێنری کیسینجەر، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی سەرۆکایەتی و وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مێژوونووسی بەریتانیایی نایڵ فێرگسۆن، کە ڕۆژنامەی ئێل مۆندۆی ئیسپانی بڵاوی کردووەتەوە، خراوەتە ڕوو.

کیسینجەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێل موندۆ"ی ئیسپانیدا ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە شەڕێکی ساردی نوێ لە نێوان چین و ئەمریکادا ڕوو بدات.

ئەو پێی وایە هەردوو وڵات سەرچاوەی ئابووری هاوشێوەیان هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد:"دوو وڵات کە توانای زاڵبوونیان بەسەر جیهاندا هەیە –ئەمریکا و چین– وەک دوا ڕکابەر ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە."

ئەوان بە سیستەمی ناوخۆیی ناتەبا بەڕێوە دەبرێن، بە گوتەی کیسینجەر جەنگی نێوان واشنتۆن و پەکین "دەتوانێت شارستانیەت بڕوخێنێت، ئەگەر بەتەواوی لەناوی نەبات."

هەروەک ئەو بەرپرسەی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی پێ کردووە، ئێستا هەردوو زلهێزەکە خاوەنی سەرچاوەی دارایی بەراوردکارین، کە لە سەردەمی جەنگی ساردی یەکەمدا هەرگیز وا نەبووە و لە ئێستەدا تەکنەلۆجیاکانی وێرانکاری ترسناکترن، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی هۆشی دەستکرد.

کیسینجەر ئاماژەی بەوەش کرد، "پێم وا نییە زاڵبوون بەسەر جیهاندا چەمکێکی چینی بێت"، بەڵام هەردوو زلهێزەکە "کەمترین ئەرکی هاوبەشیان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی پێکدادانێکی کارەساتبار."

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی پێشووی چین له مانگی سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوودا له میانی دیدارێکی لەگەڵ کیسینجەر ڕایگەیاند، دەستپێکردنی "جەنگی ساردی نوێ" له نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کارەساتێک دەبێت بۆ هەموو جیهان.

وانگ یی، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتێکی عەقڵانی و پراگماتیک بەرانبەر بە چین و لە هەمان کاتدا پابەند بێت بە سێ بەیاننامەکە (Three Communiqués)* کە وەک بنەمای پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و چین کار دەکەن.

کیسینجەر لەبارەی ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت: "ئەو سەرۆکی وڵاتێکە کە لە دابەزیندایە" و لەگەڵ جەنگی ئۆکراینا "هەستی ڕێژەیی خۆی لەدەست داوە." کیسینجەر وتی "هیچ بیانوویەک" نییە بۆ کارەی پووتین کردوویەتی.

سەبارەت بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراینا، کیسینجەر تیشکی خستە سەر ئەوەی کە چۆن "ئەرکێکی مێژوویی بەڕێوە بردووە". ئاماژەی بەوەش دا "بە هۆی بێزاری لە سیاسەتی وڵات، سەرۆکێکی بەڕێکەوت بووە و پاشان ڕووبەڕووی هەوڵی ڕووسیا بۆ گەڕاندنەوەی ئۆکراینا بۆ پێگەیەکی وابەستەیی و ملکەچبوونی تەواو بووەوە. لە ئەرکێکی مێژووییشدا توانی وڵاتان و بیروڕای جیهانی لەپشت خۆی کۆ بکاتەوە. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە."

ناتۆ دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە چۆن کۆتایی بە جەنگ لە ئۆکراینا بهێنێت. کیسینجەر ڕوونی کردەوە؛ "لە کۆتاییدا دەبێت پێگەیەک بۆ ئۆکراینا و پێگەیەکیش بۆ ڕووسیا دابنێین، ئەگەر نامانەوێت ڕووسیا ببێتە بنکەیەکی دەرەوەی چین لە ئەورووپا."

کیسینجەر گوتی: "ناتۆ هاوپەیمانییەکی دروست بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیایەکی شەڕانگێز لە کاتێکدا کە هەڕەشەی سەرەکی بوو بۆ سەر ئاشتیی جیهانی". هاوپەیمانی ئەتڵەسی بووەتە "دامەزراوەیەک کە ڕەنگدانەوەی هاوکارییەکانی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا بە شێوەیەکی ناوازەیە. هەر لەبەر ئەمەشە گرینگە پارێزگاری لێ بکرێت."

بە گوتەی ئەو، "گرینگە بزانین پرسیاری گەورە لە پێوەندییەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکادا سەر هەڵدەدەن." بەم مانایە، "ناتۆ دامەزراوەیەکە کە مەرج نییە ئەندامەکانی دیدگای گونجاویان هەبێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو یەکێتییەی لەسەر ئۆکراینا نیشان درا "هەڕەشە کۆنەکانی بیر خستنەوە، کارێکی باشیان کرد و من لەگەڵ ئەو کارەدام کە ئەوان کردوویانە. ئێستە پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن کۆتایی بە جەنگەکە بهێنرێت."


-------------------------------------------------------------

• ئەم چاوپێکەوتنە نایڵ فێرگسۆن لەگەڵ هێنری کیسینجەر بۆ ڕۆژنامەی ئێڵ موندۆ (El Mundo)ی ئیسپانی ئامادەی کردووە و لە ٢٥ی مارچی ٢٠٢٣، لە سایتی هەمان ڕۆژنامە بڵاو کراوەتەوە.

* سێ بەیاننامە (Three Communiqués)، یان سێ لێدوانی هاوبەش، بریتییە لە سێ لێدوانی هاوبەش کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری گەلی چینەوە دراون. بەیاننامەکان ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو لە دامەزراندنی پێوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری گەلی چینی و بەردەوامن لە توخمێکی جەوهەری لە گفتوگۆی نێوان هەردوو دەوڵەتدا، لەگەڵ یاسای شەش دڵنیایی و پێوەندییەکانی تایوان.

بەیاننامەی یەکەم (٢٨ی فێبریوەری ١٩٧٢)، کە بە بەیاننامەی شەنگەهای ناسراوە، کورتەیەک لەو گفتوگۆ گرینگە دەخاتە ڕوو کە لە لایەن ڕیچارد نیکسۆن، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژۆ ئینلای، سەرۆک وەزیرانی کۆماری میللی چین، لە ماوەی فێبریوەری ١٩٧٢ دەستی پێ کردووە. بەشێک لەو پرسانەی لەم بەیاننامەیەدا باس کراون بریتین لە بۆچوونی هەردوولا سەبارەت بە ڤێتنام، نیمچە دوورگەی کۆریا، هیندستان، پاکستان و ناوچەی کشمیر و ڕەنگە لە هەمووی گرینگتر، پرسی تایوان (واتە پێگەی سیاسی تایوان) بێت. لە بنەڕەتدا هەردوولا ڕێک کەوتن لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی یەکتر. ئەمریکا بەفەرمی ددانی بەوەدا نا کە "حکوومەتی کۆماری گەلی چین تاکە حکوومەتی قانوونی چینە، هەروەها تایوان بەشێکە لە چین." ئامانجی کۆتایی کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراوە سەربازییەکان لە تایوان دووپات دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا پێوەندییە ئابووری و کولتوورییەکان دەپارێزن." زۆرجار بەکارهێنانی وشەی "ددانپێدانان-acknowledge" (نەک "قەبووڵکردن-accept") وەک نموونەیەک لە هەڵوێستی ناڕوونی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی تایوان دەهێنرێتەوە.

بەیاننامەی دووەم (١ی جەنیوەری ١٩٧٩)، بەیاننامەی هاوبەشی دامەزراندنی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان، بەفەرمی دەستپێکردنی پێوەندییە ئاسایییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری گەلی چین ڕادەگەیەنێت. لەم بەیاننامەیەدا پێداگری لەسەر خاڵەکانی بەیاننامەی یەکەم کرایەوە. هەردوولا خواستی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ململانێی نێودەوڵەتی و هەروەها دوورکەوتنەوە لە هەژموونی هەر وڵاتێک لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن دووپات کردەوە.

بەیاننامەی سێیەم (١٧ی ئۆگەستی ١٩٨٢)، لەم بەیاننامەیەدا خواستی هەردوولا دووپات دەکاتەوە بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێوەندییە ئابووری، کولتووری، پەروەردەیی، زانستی و تەکنەلۆجییەکان. هەروەها هەردوولا ئەو لێدوانانەیان دووپات کردەوە کە لە بەیاننامەکەی پێشوودا سەبارەت بە پرسی تایوان دراون. هەرچەندە هیچ بەرەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەسەر پرسی فرۆشتنی چەک بە تایوان نەگەیشتە ئەنجام، بەڵام ئەمریکا نیازی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە فرۆشتنی چەک بە تایوان و گۆڕینی لەسەرخۆی ئاستی فرۆشتنی چەک شانبەشان لەگەڵ میلیتاریزەکردنی گەرووی تایوان لە لایەن کۆماری گەلی چینەوە ڕاگەیاند.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Niall Ferguson, Kissinger: ‘A second US-China Cold War would be even more dangerous than the first’, Agenzia Nova, 26 March 2023