دەرفەتی ئاشتی لە یەمەن

جیهان 26/04/2023

دەرفەتی ئاشتی لە یەمەن
رامیار جمال، مامۆستای زانکۆ/ پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان

دوای رێککەوتنی نێوان سعودیەو ئێران  لەسەر ئامادەکاری بۆ کردنەوەی باڵیوزخانەکانیان لە هەردوو وڵات، وە دەست پێکردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکانی نێوانیان دەرفەتی مێژوویی بۆ گەرانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ یەمەن گەراوەتەوە. لە راستیدا رێککەوتنی نێوان دوو ووڵآت کە صین دەستپێشخەری کردووە تیایدا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ڕێککەوتنە بەهەموو شێوەیەک سوودی بۆ هەرێمی کوردستان دەىێت، دۆخی ئەمنی عێڕاق باش دەکات، ئیسڕائیڵ تووڕە دەکات، سوریا ئاشت دەکاتەوە، یەمەن سەقامگیر دەکات. چین لە ناوچەکە بەهێز دەکات، هەژموونی ئەمریکا کەم دەکاتەوە.  بەڵام لەم ووتارەدا سەرنج لەسەر یەمەن دادەنێین کە ٨ ساڵە ئاگری جەنگ سووتاندوویەتی، دۆخی ئەمنی تێک چووە، برسیەتی و قات و قوری رووی لە ووڵاتەکە کردووە.   ڕێککەوتنەکەی ئێران و سعودییە، دەرفەتی تازەی دروست کرددوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە یەمەن لە نێوان حکومەتی یەمەن و چەکدارانی حوثی. باڵیۆزی سعودیە لە کوبوونەوەیەکدا چاوی بە بەرپرسانی حکومەتی یەمەن لە صەنعا کەوت بۆ گفتوگۆکردنی دەستپێشخەریەک کە خۆی کردبووی ساڵی ٢٠٢١ کە خۆی لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەم حکومەتە دەیبینێتەوە بۆ بەرقەرارکردنیی ئاشتی. محمد جابر، باڵیۆزی سعودیە لە هەژمارەکەی لە تویتەر نووسی مەبەستی سەردانەکەی بۆ وەستاندنی شەر و چەسپاندنی ئاگربەستە. لە ئێستادا پرۆسەی ئالوگۆری خێزان کە دیلن لای هەردوو لا دەسیت پێکردووە لە نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەم.  لە تازەترین هەنگاودا، ١٠٤ خێزانی حوسسیەکان ئازاد کران لەلایەن حکومەتی یەمەنەوە، کە ئەمە بەهانگاوێکی دلخۆشکەرو ئەرێنی وەسفکرا لەلایەن ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو. سعوودیە رایگەیاندووە دەیانەوێ کۆتایی بە جەنگ لە یەمەن بێنن وە بگەرێنەوە بۆ سەر بەهاکانی ئیسلام، رەسەنایەتی عەرەب وە مافی مرۆڤ.  چاودێران پێیان وایە دەکرێت ئەم پرۆسەیە  دەرفەتێک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگێک لە یەمەن کە هەشت ساڵە وولاتەکەی وێران کردووە. هەموو ئەم گۆرانکاریانە دوای رێککەتنەکەی سعودیەو ئێران دێت بە دەستپێشخەری صین. شانشینی سعودیە مەبەستێتی ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە یەمەن و کۆتایی هێنان بەشەڕ. ئێران لەلای خۆیەوە نایشارێتەوە دلخؤشە بەم جووڵانەی لە یەمەن روودەدەن و گەشبینە دەرفەت بن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە وولاتەکە.

گۆڕانکاری لە یەمەن تەنها پەیوەست نییە بە رێککەوتنی نێوان سعودیەو ئێران بەڵکو دۆخی نێودەوڵەتی بە شیێوەیەکی گشتی لە گۆڕاندایە.  چاودێران پێیان وایە دۆخی نێودەوڵەتی سیاسی و ئابووری ناجێگیرەو بە زەمەنێکی مێژووییدا گوزەر دەکات. دیارترین گۆرانکاریش کێشە ئابووریەکانی ئەمریکاو ئەوروپان. لە راستیدا ئەمانە قەیرانن. ئەم قەیرانانە بوون بەهۆی کەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە وە بەهێزبوونی صین کە دووژمنی سەرسەختی ئەمریکایە. سەرکردە سیاسیەکانی عەرەب چیتر ئەو متمانە بەهێزەیان بە ئەمریکا نییە کە لەرابردوودا هەیانبوو. ئەوان ئەمریکا بە پارێزەری ئاسایشی ووڵاتەکەیان نازانن وەک ئەمریکا هەمیشە بانگەشەی بۆ دەکرد. لە ئێستادا پەیوەندییە سیاسیەکانی سەرکردەکانی عەرەب بەرەو ئاسایەبوونەوە دەچن، ئێران و سعودییە پەیوەنددەیکانیان ئاسایی کردۆتەوە، ئێران بەلێنی داوە چیتر حوسیەکانی یەمەن پڕجەک نەکات، لەلایەکی ترەوە ووڵاتانی عەرەبی خواستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەدی سووریا هەیە. لە ڕووی ئابووریەوە ئەمسال ساڵیکی باشی ئابووری نابێت بەڵکو ئەزمە ئابووریەکان و پاشەکشەی ئابووری بەردەوام دەبن (IMF)، ڕێژەی هەژاری بەرەو زیاد بوون دەڕوا (UN)، دۆلار و یۆرۆ و پاوەند لە پەنجا ساڵی رابردووە دۆخیان ئەوەندە خراپ نەبووە. ئەزمە بانکییەکانی ئەوروپاو ئەمریکا هەرەشەی گەورەن بۆ سەقامگیری ئابووری و سیاسی ئەم ناوچانە.