هەڵسەنگاندنی کوردناسی

کوردستان 18/03/2023

د. سامان: کوردناسەکان نەبونایە، نەماندەزانی کورد لەسەدەی هەژدە و نۆزدەدا چۆن ژیاوە
مەلا بەختیار: سیاسیەکانی کورد کارێکی باشیان کردوە کە لەم 20 ساڵەی دواییدا بیرەوەریەکانی خۆیان نوسیوە

رۆژی (18/3/2023) كاتژمێر (3:30)ی دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (ڕوانینێكی میتۆدیانە بۆ كاری كوردناسان‌) بۆ پرۆفیسۆر (د.سامان حسێن) بەڕێوەچوو.
د. سامان لە سەرەتای سیمینارەکەدا باسی لەوە کرد، کوردناسی بابەتێکی فکری و مەعریفیە کە تەعبیر لە دیدی رۆژئاواییەکان دەکات بەرامبەر بە کورد. وتیشی: بە دوو ئاراستەی هەڵە باسی کوردناسی و کوردناسەکان دەکرێت، ئاراستەیەکیان بە رەهایی هەموو نوسین و بەرهەمی کوردناسەکان رەتدەکاتەوە، ئاراستەیەکیش هەموو شتەکانیان بە رەهایی قبوڵ دەکات، کە هەردوو ئاراستەکە هەڵەیە، باشترین شت ئەوەیە بە ئاراستەی سێیەم کار بکەین کە لەسەر بنەمای لۆژیکی و نالۆژیکی یان زانستی و نازانستی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن لەسەر نوسینی کوردناسەکان بکەین...
ناوبراو، جەختی لەوە کردەوە، کوردناسەکان هەم لایەنی باشە و هەم لایەنی خراپەیان هەیە کە دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئەگەر کوردناسەکان نەبونایە ماڵوێران دەبوین، لەبەرئەوەی هیچ سەرچاوەیەکمان نیە جگە لە کوردناسەکان باسی ئەوە بکات کورد لە سەدەی هەژدە و نۆزدە چۆن ژیاوە.
وتیشی: لایەنی خراپی کوردناسەکان ئەوە بوە کە سیاسەت زاڵ بوە بەسەر بیروبۆچون و نوسینەکانیاندا، بەشی زۆریشیان راپۆرت نوس بون و کاریان بۆ دەزگا هەواڵگریەکان کردوە. هەروەها لایەنێکی خراپی دیکە ئەوە بوە کە شتیان گشتاندوە بە تایبەتی قوتابخانەی ئەمریکی بۆ نمونە لە نوسیندا هەبوە  دەڵێت: "کاتێک گەیشتینە لای کوردەکان کە هەمویان دز و چەتەن"، بەشێوەیەک وا وێنای کوردی کردوە کە هەمویان دز و چەتەن.
د. سامان، رەخنەی لە ناوەندە ئەکادیمی و حکومیەکانیش گرت کە کەمتەرخەمن لە دیکیۆمێنتکردنی مێژوی کورد، بۆیە هەوڵی تاکەکسی هەیە بۆ هێنانەوەی بەڵگەنامەکان لە وڵاتانی دەرەوە، بۆ نمونە لەسەر حسابی خۆم 17 هەزار بەڵگەنامەی تایبەت بە کورد لە دەوڵەتی عوسماندا هێناوەتەوە بۆ کوردستان.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. سامان، بەشێک لە ئامادەبوان سەرنجەکانیان لەبارەی بابەتەکەوە خستەڕوو، ئەوانیش بۆچونیان وابوو کە کوردناسەکان کاری گەورە و باشیان کردوە، هەروەها بێ کەموکوڕی و لایەنی خراپەش نین، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی میتۆدیانە لێکۆڵینەوە لە نوسینەکانیان بکرێت.
هاوکات مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بۆچونەکانی لەسەر بابەتەکە خستەڕوو، ئەویش بۆچونی وابوو کە پێویستە بە ئاراستەی لۆژیکی و نالۆژیکی کار لەسەر کوردناسی بکرێت، بەڵام باسی لەوەش کرد کوردیش خۆی بەرهەمی گەورەی مێژویی هەبوە، لەوانە شەرەفنامە کە لەمێژوی کوردا زۆر گەورەیە.
مەلا بەختیار سەبارەت بە نوسینەوە مێژووی شۆڕشەکانی کورد، بە تایبەتی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ، باسی لەوەکرد کە سیاسیەکان کارێکی باشیان کردوە کە لەم 20 ساڵەی دواییدا بیرەوەری خۆیان نوسیوەتەوە، ئیتر هەڵسەنگاندنی نوسینەکان بابەتێکی ترە بۆ لێکۆڵەرەکان دەمێنێتەوە. وتیشی: سیاسیەکانی یەکێتی زۆرترین نوسینیان لەسەر شۆڕشی نوێ نوسیوە بە پێچەوانەی پارتیەوە کە کەمترین نوسینیان لەسەر شۆڕشی ئەیلول هەیە، لەکاتێکدا پارتی ئەرشیفێکی زۆر دەوڵەمەندیشی هەیە.