لەرزەیەک کە لە گیانماندایە

جیهان 16/03/2023


مەهدی شەبانی

دووشەممە ٦ی فێبریوەری
بە ڕووناکییەک کە دەکەوێتە سەر دەموچاوم لە خەو هەڵدەستم. کەمێک ئەمدیو و ئەودیو دەکەم. خۆزگە زیاتر دەخەوتم. دوو ڕۆژ لەمەوبەر پلانی گەشت بۆ ئەدەنە و غازی عەنتاب بۆ وێنەگرتن هەڵوەشایەوە؛ کەواتە ئەمڕۆ پلانێکی تایبەتم نییە. مۆبایلەکە لە ژێر بالیفەکە دەردێنم تاکوو بزانم کاتژمێر چەندە. لەبری ئەوەی سەیری کاتژمێرەکە بکەم، دوو دەقی یەک لە دوای یەک لە دایکمەوە دەبینم:"باشیت؟" "پێوەندیم پێوە بکە!" هەروەها هەندێک پێوەندی و نامەی دیکەی کەسوکار و هاوڕێیان لەسەر شاشەکەیە.

بێگومان شتێک ڕووی داوە، ئەگەرنا ئەم هەموو پێوەندی و نامانە لەم کاتەدا ئاسایی نییە. بۆ ساتێک چاوەکانم دادەخەم. بیرم بۆ لای ئێران دەڕوات، بەڵام بەگشتی هیچ کەس لە گەیاندنی هەواڵی ناخۆش پەلە ناکات. لە گرووپی وەتسئەپی خێزانی دەنووسم: "من باشم و تا ئێستە نازانم چی ڕووی داوە." مۆبایلەکەم خستە ژێر بالیفەکەوە.

جگەرەیەک دادەگیرسێنم و پەنچەرەکە دەکەمەوە. ڕەنگە جارێکی تر بۆمبێکیان لەم دەوروبەرەدا تەقاندبێتەوە. نزیکە لە هەڵبژاردن و بە هۆی تەقینەوەکەی ماوەیەک لەمەوپێشی شەقامی ئیستقلال، ئەم سیناریۆیە ئەوەندە بەدوور نازانرێت. لە ماوەی جگەرەکێشانەکەدا، هەندێک سیناریۆی دیکە لە ڕووداوە شیاوەکان لە زەینمدا تاوتووی دەکەم. ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێک پەروەردەی کردووین کە هەردەم دەبێت بۆ بیستنی هەواڵی ناخۆش ئامادە بین. هەواکە ساردە. پەنچەرەکە دادەخەم و لاپتۆپەکە دادەگیرسێنم.

میدیاکان باس لە ڕووداوێک دەکەن کە پێویستە بۆ ئەوەی لێی تێبگەیت هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژیت:

ئەمڕۆ کاتژمێر ٤:١٧ خولەکی بەیانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلە سووریا و باشوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیای هەژاند. ئەمەش بە واتای گەورەترین بوومەلەرزە لە ناوچەی ئەنادۆڵ لە دوای ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش.

کاتێک هەموومان پێکەوەین

ئیتر هەموومان دەزانین ئەوەی ڕووی داوە تەنیا بوومەلەرزەیەکی ئاسایی نییە لەم جوگرافیا بوومەلەرزەیییەدا، بەڵکوو شتێکە لەوە زیاتر. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە وێرانکاری بەربڵاوی شار و گوندەکانی دەوروبەری غازی عەنتاب، ئەدەنە، ئامەد، مەلاتیا و نزیکەی هەموو باشووری تورکیا دەکەن. پێوەندی لەگەڵ شاری مێژوویی ئەنتاکیا (هاتای) بەتەواوی پچڕاوە.

حکوومەت ڕایدەگەیەنێت، بارودۆخەکە لەژێڕ کۆنتڕۆڵدایە و ‪AFAD (دەزگای بەڕێوەبردنی کارەساتی سروشتی و فریاکەوتن) مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی بوومەلەرزەکە دەکات. ئەم بەڕێوەبەرییە ڕایدەگەیەنێت بە هەموو توانای لە ناوچەکەدا ئامادەیە و بانگهێشتی خۆبەخشەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری پێوەندی بە دیمەکانەوە بکەن.

کۆمپانیا گەورەکان ڕایدەگەیەنن کە هەموو توانا و هێزەکانیان بۆ ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری ئامادە دەکەن. زۆرێک لە پیشەوەران و دوکاندارەکان داهاتی ڕۆژێکیان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە تەرخان دەکەن.

خەڵکی لە شەقام و گەڕەکەکاندا هەموویان باس لە ئینساندۆستی دەکەن. گرینگ نییە تۆ کورد، عەرەب یان تورک بیت و پێویستە بە هەموو تواناتەوە پەلە بکەیت لە یارمەتیدانی خەڵکانی ئەو ناوچانە. خەڵکێکی زۆر لەبەردەم سەنتەری خوێنبەخشین ڕیزیان گرتووە. لە هەموو کوچە و کۆڵانێکدا ناوەندی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کراوەتەوە. خەڵک بە کۆمەڵ کارتۆن و کیسەی پڕ خۆراک و پۆشاک لە کامیۆنەکان بار دەکەن. شۆک و دڵتەنگی کەشەکەی داگیر کردووە، بەڵام هاودەنگیش هەیە.

لە مێشکتدا هاوڕێیانی دانیشتووی ئەو ناوچانەی کە بەر بوومەلەرزەکە کەوتوون ڕیز دەکەیت. تەلەفۆن بکەم؟ بەڵام تەلەفۆن بکەیت و چی بڵێیت؟ بنەماڵەکەت زیندوون؟ خانوو و ئەو شوێنەی کە تێدا دەژیات وێران بووە؟ ئەم پرسیارانە و ڕیزکردنی ڕستەی بێمانای تر کە لەم بارودۆخانەدا ناچاری بیڵێیت. قەناعەت بە خۆم دێنم کە ئێستە کاتی پێوەندیکردنی پێویست و کۆکردنەوەی یارمەتییە.

ئایین، سیاسەت و بوومەلەرزە

حكوومەت دەڵێت بوومەلەرزەكە بە سیاسی مەكەن. لە یەکەم کاتژمێری بوومەلەرزەکەوە نەک تەنیا مینبەری مزگەوتەکان، بەڵکوو هەموو میدیای دەوڵەتی و نادەوڵەتی نزیک لە دەسەڵات باس لە چارەنووسی خوایی و ئەو وانانە دەکەن کە دەتوانرێت لێوەی فێر بین. تاکوتەرا میدیا سەربەخۆکان ڕەخنەیان لە دەستەپاچەیی حکوومەت و شێوازی بەڕێوەبردن گرتووە.

"خوایە یارمەتیم بدە"، "داڕووخاین! خوایە خۆت بە هانامانەوە وەرە."، "قیامەت" و "نەهامەتی سەدە" مانشێتی ڕۆژنامەکانی نزیک لە ئەردۆغانن.

بەشێک لەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووکاندا دەستیان بە مۆبایلەکانیان بگات، داوای هاوکاری دەکەن. کوڕێکی گەنج  پەیامەکانی دایک و باوکی لە ژێر داروپەردووەوە بڵاو دەکاتەوە. تویت لە دوای تویت، بەڵام ناتوانێت پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە ستافی ناوەندە بەرپرسیارەکان بکات. چەند ڕۆژ دواتر هەرچۆنێک بێت، خۆی دەگەیەنێتە دیار ئەو داروپەردووانەی کە باوک و دایکی هێشتا لە ژێریدا هەناسە دەدەن، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێک لە تیمی فریاگوزاران نییە. ئەمەش لە بنەماکە بەدەر نییە؛ وێنە و نووسراوەکان پێشانی دەدەن کە دۆخێکی لەم شێوەیە لە زۆربەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە بەدی دەکرێت. بارودۆخی ئاخرزەمانی.

لە کاتێکدا ڕەخنە لە نائامادەیی حکوومەت گەیشتووەتە لووتکە، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە پێشەنگی پێشکەشکردنی هاوکاریدان. لە ڕێگەدا تووشی زنجیرەیەک یارمەتییە مرۆیییەکانی چەند ڕێکخراوێکی فێمینیستی دەبم. چەند کاتژمێرێک یارمەتییان دەدەم، بارەکان دەگوازینەوە بۆ ناوچەکە. جەمیلە، وتەبێژی ڕێکخراوی فێمینیستی "چەتری وەنەوشەیی" دەبینم. ماوەیەک پێش ئێستە چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردبوو و وتی ئەم ڕێکخراوە بە ڕێکخستنی ژنانی گەڕەکەکانی هاتای دەستی بە کارەکانی کردووە. ئێستە هاتای، شاری مێژوویی، وێران بووە. باس لە جیاکاریی هاوکارییەکانی حکوومەت دەکات؛ لە ژنان، منداڵان، کەمینە ڕەگەزییەکان و کەمئەندامانی کە لە پەراوێزدان و بە دەردی خۆیانەوە جێهێڵراون.

هەموو شتێک ژێروژوور دەبێتەوە

لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەی کە لە ئەستەنبووڵ ژیاوم، هەرگیز خەڵکم ئاوا نائومێد و توڕە نەبینیوە. وا دیارە میللەت پاڵپشتی خۆی لەدەست داوە. ئەم پاڵپشتییە بۆ یەکێک حکوومەت بوو، بۆ یەکێکی تر خوا و بۆ ئەوی تریش هیوا بە هاودەنگی مرۆیی بوو. لەم ڕۆژانە ئیمان و بڕوا لەدەست چووە.

هەواڵەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە تەنیا بە داروپەردوو و ئەوانەی لە ژێرەوە ماونەتەوە سنووردار نین. لەسەر ڕووی وێرانییەکان مەیدانی ململانێ دروست دەکرێت. سەردانی ئەردۆغان و بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەت بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان نەک هەر ڕەخنەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی توندبوونەوەی کێشەوبەرەکان. بڕیارە لە مانگی مەیدا یەکێک لە گرینگترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی کۆماری تورکیا بەڕێوە بچێت. ئایا حکوومەت بێ ئەوەی بەدوای چارەسەردا بگەڕێت، دەستەوئەژنۆ دادەنیشێت و سەیری کەمبوونەوەی بڕواپێبوونی دەکات؟

تورکیا سەرباری زۆری کوودەتا، وڵاتێکە زۆر تووشی بوومەلەرزەش دەبێت. زۆر کەس بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی ١٩٩٩، بە هۆکاری سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٣ دادەنێن. دوای ئەو سەرکەوتنە، حکوومەتەکەی ئەردۆغان چەندان کۆنفڕانس و کۆبوونەوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە بەڕێوە برد. یاسا و پێوەری توندتر بۆ بەرگەگرتنی وڵاتەکە لە بەرانبەر بوومەلەرزە دانرا و هاووڵاتییان ناچار بوون مانگانە "باجی بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتی" بە حکوومەت بدەن.

بەڵام دوای چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان، تورکیا لە وڵاتێکی گەشەسەندووەوە کە مۆدێلێک بوو بۆ دیموکراسی لە وڵاتانی ئیسلامیدا، گۆڕا بۆ وڵاتێک کە نەیارەکانی بە "ڕژێمی تاکەکەسی" ناوی دەبەن.

دیکتاتۆری لەگەڵ خۆیدا ڕانت[١] دەهێنێت. ڕانت بیرۆکراسی[٢] کارگێڕی گەندەڵ دەکات. سیستەمی کارگێڕی گەندەڵ، بەڵێندەران و بەڕێوەبەرانی بیناسازی گەندەڵ دەکات. بەم شێوەیە، سووڕێکی سەقەت دروست بووە و گەندەڵی وەکوو موولوولە خوێن لەم وڵاتەدا بڵاو بووەتەوە.

لە دە ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی تورکیا جار جارە لێخۆشبوونی یاسایی بۆ ئەو پێکهاتانە دەرکردووە کە بەبێ بڕوانامەی سەلامەتی یان بە پێشێلکردنی پلانە سەرەتایییەکان دروست کراون.

لە لایەکی ترەوە، سەرەڕای فشارە زۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن، هیچ کات ئاشکرا نەکرا کە ئەو ٨٨ ملیار لیرە کۆکراوەیەی "باجی بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتی" کە لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٩٩ مانگانە لە هاووڵاتییانی تورکیا وەردەگیرا، چۆن خەرج کراوە. هەندێک لە ئەندازیاران پێشتر هۆشدارییان دابوو کە شارەکانی تورکیا بە هۆی کەمتەرخەمی لە ڕێساکانی بیناسازی لە کاتی بوومەلەرزەدا دەبنە "گۆڕستان".

فریاگوزاری هەیە؟

پارێزگا زیانلێکەوتووەکان، لەو پارێزگایانەن کە زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی لە جیهاندا لەخۆ گرتووە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر دوو دانیشتووی شاری کیلیس یەکێکیان و لە هەر چوار دانیشتوویەکی ئەنتێپ و ئۆرفا و هاتای یەکێکیان کۆچبەرن.

لە میدیا سەرەکییەکان و لە کاتی دابەشکردنی هاوکارییەکان، هیچ باسێک لە کۆچبەران ناکرێت، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنە و ڤیدیۆ بڵاو دەکرێنەوە کە کۆچبەران وەک دز و تاڵانچی ئەو هاوکارییانە دەردەخەن کە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەنێردرێت. لە زۆربەی ئەم ڤیدیۆیانەدا کات و شوێنی وێنەگرتن نادیارە، کۆچبەران دەکەونە بەر ڕق و کینەی ئەو خەڵکەی کە بە هۆی زیانەکانی بوومەلەرزەکەوە بێدەسەڵات و توڕەن و نازانن چی بکەن.

تەنیا هەندێک لایەنی چەپ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان باس لە دۆخی نالەباری پەنابەران و کۆچبەرانی ناوچەکە دەکەن. کەمپەینێک لەژێر ناوی "دەرکردنی بیانییەکان و پێدانی خانووەکانیان بە قوربانیانی بوومەلەرزەکە" پێک هێنراوە. لە پەیجی ئینستاگرامەکەمدا، تووشی یەکێک لەو کەسانە دەبم کە ئەم کەمپەینەیان واژۆ کردووە: ئەو گەنجە غەواسەی کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە ژێر ئاودا ڤیدیۆیەکی لەبارەی پەنابەرانەوە بۆ گرتبووم. پڕوپاگەندەی دژە کۆچبەران لە هەموو کاتێک زیاتر پەرەی سەندووە.

گەڕان بەدوای موعجیزەدا

هاوڕێیەک کە وەک خۆبەخشێک لەگەڵ گرووپی فریاگوزاری سەر بە ‪AFAD چوو بووە ناوچەکە، گەڕاوەتەوە. کاتێک یەکترمان بینی پێش ئەوەی هیچ قسەیەک بکات دەستی بە گریان کرد. دەڵێت زۆر توڕەم. باس لەو دوو ڕۆژە دەکات کە بە هۆی بێپلانی بەرپرسان لە فڕۆکەخانە و لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە. باس لە تەرمی منداڵێکی ساوا دەکات کە لە ژێر داروپەردووەوە دەرهێنرا و تەنیا چەند کاتژمێرێک بوو گیانی لەدەست دابوو. بە بڕوای ئەو، ئەمە مردن نییە بە هۆی کارەساتی سروشتییەوە، بەڵکوو کوشتنە.

لە تەلەڤزیۆن و میدیاکاندا "موعجیزە" وشەی ڕۆژە. هەمووان باس لە موعجیزە دەکەن. منداڵێکی ساوا بە موعجیزە دوای ١٠ ڕۆژ، لە ژێر داروپەردوودا بەزیندوویی هاتە دەرەوە. خوشک و برایایەک موعجیزەئاسا دوای ١٣ ڕۆژ، ڕزگاریان دەبێت. ئەم وشەیە شێوەیەکی ئایینیی بە فریاگوزارییەکان بەخشیوە. چالاکییەکانی بەشێک لە تەریقەتە مەزهەبییەکان و نەتەوەپەرستە توندڕۆکان کە خەریکی کردنەدەرەوەی ڕێکخراوە مرۆیییەکانن لە ناوچەکەدا و خۆیان بە ڕزگارکەری لێقەوماوان دادەنێنن، تەنانەت ناڕەزایی هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان و میدیا حکوومییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

بوومەلەرزەیەک و دوو بەرە: هاودەنگی یان خێرخوازی

چەند هەفتەیەک بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە. ئیتر موعجیزەش هیچی پێ ناکرێت و هیچ ئومێدێک نەماوە. ئێستە نۆرەی بەرنامە خێرخوازییەکانە. تەلەڤزیۆنی نیشتمانیی تورکیا بەرنامەیەکی بە ناوی "تورکیای هاوسۆز" ئامادە کردووە.

بەرنامەیەک بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ناودارەکان کە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لە سەرجەم کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان پەخش دەکرێت. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پێوەندی بەم بەرنامەیەوە دەکات و بەشداری ئەم هەڵمەتە دەبێت. ئەو دەڵێت: "دەستمان کردووە بە لابردنی داروپەردوو و ئاوەدانکردنەوەی شارەکانمان. ئامانجمان ئەوەیە لە ماوەی ساڵێکدا لە جێی هەر بینایەکی وێرانبوو، خانوویەکی نوێ بۆ هاونیشتمانانمان دروست بکەین." دوای ئەم بەڵێنە، داوای هاوکاری زیاتر دەکات. کۆمپانیاکانی بیناسازی کە خۆیان یەکێکن لە تۆمەتبارانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە، زۆرترین یارمەتی پێشکەش دەکەن.

لە هەمان کاتدا ئەم بوومەلەرزەیە "دەرفەتێکی باشە" بۆ ئابووری شکستخواردووی تورکیا. پیشەسازی بیناسازی هەردەم یەکێک بووە لە لایەنگرانی سەرەکی ئەردۆغان. بۆ بەڵێندەران چ شتێک بەسوودترە لە شارێکی بوومەلەرزەلێدراو کە زۆرێک لە خاوەن خانووەکان مردوون - بەهەشتی سەرمایەداری تێکەڵ بە دیکتاتۆریی تاکەکەسی. گۆڕینی هەڕەشە بە دەرفەت.

هەستکردن بە نائومێدی، بێچارەیی و توڕەیی، یاخیبوون دەهێنێتە ئاراوە. نائومێدی هەندێک جار گۆڕانکاری بەرهەم دەهێنێت. هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی ئومێدەوار بین و یارمەتی پێشکەش بکەین. لەبەر خاتری کەسانێک کە چەندان جار سەردانی شار و گوندەکانیانمان کردووە، لە قاوەخانەکانیاندا قاوەمان خواردووەتەوە و لە ماڵەکانیاندا میوان بووینە. مرۆڤگەلێک چ تورک، کورد یان عەرەب، کە نەک هەر بە هۆی کارەساتی سروشتی، بەڵکوو بە هۆی جیاکاری و رق و کینەی سەرووتری کۆمەڵگە گیانیان لەدەست داوە.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە مەهدی شەبانی نووسیویەتی و بە ناونیشانی (لرزه‌ای که در جانمان است)، ٢٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

•• مەهدی شەبانی، نووسەر و بەڵگەفیلمسازی ئێرانی دانیشتووی ئەستەنبووڵ. جگە لەم کارانە، کاری شۆفێری تاکسی، کتێبفرۆشی، دارتاشی و ئەندازیاری کۆمپیوتەری کردووە. حەمام (٢٠٠٩)، شەش و بێش (٢٠١٢) و مەیخانە (٢٠١٤)، لە بەڵگەفیلمەکانی ئەم دەرهێنەرەن. بابەتەکانی لەسەر هونەر، مێژوو و سیاسەت لە ڕۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕە فارسییەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

[١] ڕانت: کاکەبەشانەی ناڕەوای حکوومەتی، داهاتێک کە لە هەل و دەرفەتەکانی سەرووتر بەتایبەتی بە سوودوەرگرتن لە کەرەسە و ئیمکاناتەکانی دەوڵەتی و بە پاڵپشتی بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان بەدەست بێت.

[٢] بیرۆکراسی (Bureaucracy)، سیستەمێکی حکوومەتدارییە کە تێدا زۆربەی بڕیارە گرینگەکان لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە دەدرێت نەک لە لایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوەوە.