مەلا بەختیار: یەکێتی و پارتی ناتوانن بەڕێککەوتن و پەیوەندییەکانی رابردوو، ئەرکە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتوو، راپەڕێنن

کوردستان 14/03/2023

مەلا بەختیار:
یەکێتی و پارتی ناتوانن بەڕێککەوتن و پەیوەندییەکانی رابردوو، ئەرکە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتوو، راپەڕێنن!


ئەمڕۆ (14/3/2023) لە دیدارێکدا مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، لەگەڵ رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا، بەئامادەبونی جەیمس ئۆتس، لەتیمی کونسوڵخانە، گفتوگۆیان سەبارەت دۆخی ئێستای کوردستان، یەکێتی، پەیوەندییەکانی کوردستان و عیراق و پرۆژە یاسای پەسەندکراوی بودجە کرد.
مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تا ئێستا عیراق ستراتیجێکی دارایی روونی نییە، نە بۆ بازاڕ، نە بۆ بودجە، نە بۆ پەیوەندییە ئابورییەکانی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و دەوروبەر و وتی: بەڵکو عیراق ئاگای لەدارایی خۆیشی نییە،بەرادەیەک لەدوای روخانی سەدام تا ئێستا ٣٠٠ ملیار دۆلار دزراوەو تازە بەتازە لە هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی بەشێک لەپارەکان. هەر بۆیە ئەم سیاسەتەی ئابوری عیراق، لەسەر پەسەندکردنی بودجە و هەم لەپویوەندی ئابوری کوردستان و عیراقیش رەنگیداوەتەوە. راستە لەکوردستانیش هەڵەمان هەیە و یەکێکیش لەهەڵەکان گومرگە، کە بەپیی دەستور سەر بەعیراقە و لەگەڵ حکومەتی مەرکەز رێکماننەخستووە.
یەکێکی تر مەسەلەی نەوت و غازە، کە تائێستا عیراق دڵنیانییە، نە لەنرخی فرۆشتنەکەی و نە لەچۆنێتی خەرجکردنی پارەکەی.
هەربۆیە کۆی بودجە هەم لەعیراق و کوردستانیش بە کێشەوە تێدەپەڕێت.
هاوکات مەلا بەختیار، رێککەوتنی کوردستان و بەغدادی بە گرنگ ناوبرد و رونیکردەوە، بەوشێویە داهاتی نەوت و غازی کوردستان بچێتە سەر داهاتی ناوەندی  عیراق و لەوێوە بەشی پەسەندکراوی کوردستانی لێبدرێت و وتی: باوەڕموایە حکومەتی کوردستان، دەرسی لەهەڵەکانی خۆی وەرگرتووەو راستگۆیانە لەگەڵ ئەم رێککەوتنە دەڕوات. بەڵام بێگومان ئەگەر کێشە سیاسی، ئیداریی و داراییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر نەکرێ، ئەوا بە نێگەتیڤی لەسەر کۆی پرسەکان دەشکێتەوە.
لەبەشێکی تری گفتوگۆکەیدا لەگەڵ رۆزی کەیڤ، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەداخەوە لەدوای مام جەلال، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی تا هاتووە ئاڵۆزی تێکەوتووە و رونیکردەوە: 
سەرچاوەی کێشەکان بە دوو خاڵ دەبینم، یەکەمیان ئەوەیە پارتی بە سیاسەتی حاکمییەت و یەکێتیش بە سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەن. ئەمەش هەردووکی هەڵەیە.
مەلا بەختیار، جەختیشیکردەوە:
یەکێتی و پارتی لەقۆناغ و هەلومەرجێکی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیداین، بەتایبەت لەشەڕی ئۆکراینا بەدواوە، بۆیە یەکێتی و پارتی ناتوانن بەڕێککەوتن و پەیوەندییەکانی رابردوو، ئەرکە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتوو راپەڕێنن. بەڵکو دەبێت فۆرمێکی نوێ و ئامانجی نوێ، لەئاست هەلومەرجی ئەم قۆناغ و سەردەمە، بدۆزنەوە بۆ رێککەوتن8.