وێنەی کورد لە رۆژنامەگەریی ئەمریکیدا

کوردستان 11/03/2023

د. هیوا: لە مێژوی رۆژنامەگەریی ئەمریکیدا  بە ناشرینی وێنای کورد کراوە، کورد بە نامۆ و کێوی باس کراوە.
مەلا بەختیار: ئەوەی بەشداریی کوشتاری ئەرمەنەکانی کردوە، جاشی کورد بوە نەک نەتەوەی کورد

ئەمڕۆ 11/3/2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بە ناونیشانی (وێنەی کورد لە رۆژنامەگەریی ئەمریکیدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست) بۆ د. هیوا عەزیز بەڕێوەچوو.
د. هیوا لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، بە گشتی رۆژنامەگەریی ئەمریکی بە شێوەیەکی خراپ وێنای کوردی کردوەو باسی کردوە، رەنگە هەر ئەمەش بێت  وایکردوە کورد لە جیهاندا وەکو نەتەوەیەکی فەرامۆشکراو ببینرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد رۆژنامەگەریی ئەمریکی، بە هۆکاری بونی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەی دەسەڵاتی عوسمانیەکان گرنگی بە کوردیش داوە وەک یەکێک لە نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، هاوکات رۆژنامەگەریی ئەمریکی لەو سەردەمەدا ویستویانە لە رێگەی باسکردنی شتی سەرنجراکێشی دەرەوەی ئەمریکا خوێنەر و تیراژی رۆژنامەکانیان زیاد بکەن بۆیە کوردیش یەکێک بوە لە بابەتە سەیرەکانی ناو رۆژنامەکان. تەنانەت ئەوان وەکو نەتەوەیەکی  کێوی و نامۆ باسی کوردیان کردوە، هەروەها لە وتارەکانیاندا ئەوەیان ورژاندوە کە کورد ئەرمەنی چەوساندۆتەوەو بەشداری لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا کردوە.
د. هیوا، باسی لەوەشکرد کە ئەو بابەتانەی لەسەر کورد لە رۆژنامەکانی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە  زیاتر بابەتی کۆمەڵایەتی و کولتورین، کەمترین تەرکیزیان لەسەر سیاسەت کردوە، بۆ نمونە باسیان لە پەیوەنیە خێڵەکیەکانی کورد کردوە، یان باسیان لە ژنی کورد کردوە بە ژنێکی توند و زبر وێنایان کردوە، لە وتاری تردا هەبوە بە ئازا و چاونەترس وەسفی ژنی کوردیان کردەوە. هاوکات باسی ئاینی خەڵکی کوردستانیان کردوە لەو روەوە نوسیویانە کە نیوەی خەڵکی کوردستان یان سێ بەشی موسوڵمانن و ئەوانی تر لە ئاینەکانی ترن، وەک باسی کردوە ئەوکات زیاتر لە 50 هەزار جولەکە لە کوردستان ژیاون. وتیشی: بابەتی تەندروستی و کشتوکاڵ و شێوە ژیانی دانیشتوانی کورد، لەسەریان نوسراوە.
توێژەر، بڕوای وابوو بە شێوەیەکی گشتی ئەو بابەتانەی لەناو رۆژنامەگەریی ئەمریکیدا لەسەر کورد نوسراون، دژبەیەکیان تێدایە و مایەی ئەوەن لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەسەر بکرێت تا بزانرێت راستن یان ناڕاستن.
دوای کۆتایهاتنی قسەکانی د. هیوا، پرسیار و گفتوگۆی بابەتەکە لەلایەن ئامادەبوانی سیمینارەکەوە دەستیپێکرد، بەشی زۆریان پێیانوابوو، رۆژنامەگەریی ئەمریکی بە هەڵە یان بە مەبەست ویستویانە وێنای کورد ناشرین بکەن، بۆ نمونە بابەتی کوشتاری ئەرمەنەکان لەلایەن عوسمانیەکانەوە،  لەکاتێکدا ئەوە راست نیە و کورد زۆر پێش ئەو مێژوە رێزی ئەرمەنی گرتوەو پەیوەندی کورد و ئەرمەن پەیوەندیەکی باش بوە.
بەشێکی ئامادەبوان جەختیان لەوە کردوە کە هۆکاری ئەم وێنا ناشرینە بۆ کورد ئەوەیە، کورد خۆی مێژوی خۆی نەنوسیوەتەوە. هەروەک د، هیواش پێیوابوو کورد نەک ئەوکات بەڵکو ئێستاش کایەی نوسینەوە مێژوی کورد دەستیپێنەکردەوە.
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بەشداری گفتوگۆکەی کردو بۆچونەکانی خۆی لەسەر بابەتەکە خستەڕوو، کە بەشێوەیەکی گشتی پێیوابوو ئەو وێنایەی رۆژنامەگەریی ئەمریکی لەو سەردەمەدا بۆ کوردیان دروستکردوە وێنایەکی هەڵەیە و بەرژەوەندی ئەمریکا و دەوڵەتی عوسمانی لە پشتەوە بوە کە لەدوای ساڵی 1700 کانەوە ئەمریکیەکان لەگەڵ عوسمانیەکان پەیوەندی و بازرگانی دروست دەکەن.
مەلا بەختیار نمونەی ئەوەی هێنایەوە کە بەپێی گێڕانەوەکانی ئەولیا چەلەبی، میری دیاربەکرد لە ساڵانی 1400کان کتێبخانە و دەستنوسەکانی هێندە زۆر بوە، کە وتیەتی بە سێ مانگیش لە ژماردنیان نابمەوە، ئەمە لە ساڵانی 1400 وابوبێت بێگومان ساڵەکانی دیکە باشتر بوە، ئیتر چۆن رۆژنامەگەریی ئەمریکی بەو شێوە ناشرینە باسی کوردیان کردوە؟
مەلا بەختیار دەربارەی کوشتاری ئەرمەنەکانیش کە دەستی تۆمەت بۆ کورد درێژ دەکەن، باسی لەوەکرد ئەوەی بەشداری کوشتاری ئەرمەنەکانی کردوە جاشی کورد بون بەناوی سوارەی حەمیدیە، نەک کورد. وتیشی: سوارەی حەمیدیە یەکەمین جاشی  رێکخراوە لە مێژووی کوردا، بۆیە ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەرمەنەکان کراوە کورد نەیکردوە بەڵکو جاشەکان بون. وتیشی: هەر جاشەکان بون بەشداریی ئەنفال و کیمیابارانی کوردیان کردوە، خۆ ئەوە بەرامبەر کورد خۆی کراوە.