گفتوگۆکردن دەربارەی چەپی نوێ بەردەوامە

کوردستان 04/03/2023

مەلا بەختیار: رەوتی چەپ لە کوردستان پێویستە خۆی لە پاشکۆیەتی و کۆپیکردن رزگار بکات
د. ئیسماعیل: لەهەرکوێ ناعەدالەتی هەبوو، ئەوا رەوتی چەپ بۆ ئەو شوێنە پێویستە


رۆژی 4/3/2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر سیمینارێک بەناونیشانی (سازمانی ئینقلابی و رەوتی چەپی نوێ لە باشوری کوردستان ١٩٦٨- ١٩٧٠) بۆ د.ئیسماعیل بازیار مامۆستای زانکۆ بەڕێوەچوو کە گفتوگۆیەکی چڕوثڕی دەربارەی مێژوی چەپی نوێ لە کوردستان و کاریگەری چەپی نوێی لە ئێستادا بەدوای خۆیدا هێنا.
د. ئیسماعیل لە سەرەتای سیمینارەکەدا باسی لەوەکرد، دەیەی شەستی سەدەی پێشوو دەیەیەکە پڕە لە روداوی گرنگ و سەرهەڵدانی بزوتنەوە چەپەکانی جیهان، هەر بۆیە ئەو روداوانە کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان دروست دەکەن و دەبنە زەمینەیەک بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی نوێخوازی چەپ، کە باشوری کوردستانیش دەگرێتەوە. بۆیە لە ساڵی 1968 رێکخراوی سازمانی ئینقیلاب کە رێکخراوێکی چەپی ئێرانی بون لە ئەوروپا، رێبەرەکانیان بە هاوکاری مام جەلال دێنە باشوری کوردستان بۆ ئەوەی پاڵپشتی راپەڕینی چەکداریی 1968ی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، بەڵام دوای سەرنەکەوتنی راپەڕینەکە رێبەرەکانی سازمانی ئینقلاب لە باشوری کوردستان دەمێننەوە.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، رێبەرەکانی سازمای ئینقلاب شارەزا بون لە فکری مارکسی لینینی و ماوتسیتۆنگدا، بۆیە مام جەلال داوایان لێدەکات لە بەکرەجۆی شاری سلێمانی، وانە و خول بۆ  کادیرانی چەپەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی بڵێنەوە لە ساڵانی 1968 تا 1970، بەم هۆیەشەوە گۆڤارێکیش دەردەکەن بەناوی گۆڤاری رزگاری، کە نەوشیروان مستەفا سەرنوسەری دەبێت و رۆڵی هەبوە لە بڵاوکردنەوەی بیر و رەوتی چەپ لە باشوری کوردستان.
د. ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، تێکڕا ئەو چالاکیانەی ئەو سەردەمە زەمینەیەکی خۆشکرد بۆ ئەوەی رێکخراوێکی چەپی نوێخواز لە باشوری کوردستان دروستببێت بە ناوی (کۆمەڵەی مارکس لینینی کوردستان بیری ماوسیتۆنگ) کە دواتر ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵەی رەنجدەران.
قسەکردن لەسەر ئەم مێژوە، پرسیاری ئەوەی لای ئامادەبوانی سیمینارەکە دروستکرد کە لە ئێستادا بۆچی چەپی نوێ، وەک بزوتنەوەیەکی فراوان لە باشوری کوردستاندا بونی نیە. لەوبارەیەوە د. ئیسماعیل پێیوابوو، لە ئێستادا هەم لە جیهان و هەم لە کوردستانیش چەپی نوێ بە شیوازی رەوت و بزوتنەوەی جۆراوجۆر بونیان هەیە، مەرج نیە بە ناوی چەپ و مارکسی بێت، بۆیە بە بڕوای من ئەوەی کار بۆ دادپەروەری بکات، ئەوە بە رەوتێکی چەپ دادەنرێت، واتا لەهەرکوێ ناعەدالەتی هەبوو ئەوە رەوتی چەپ بۆ ئەو شوێنە پێویستە.
مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کردو بۆچونی خۆی لەبارەی بابەتەکە بە گشتی خستەڕوو.
مەلا بەختیار دەربارەی بیری ماویزمی کۆمەڵەوە وتی، ماویزم بە چەپی نوێ نازانم، سازمانی ئینقلابیش کە هەڵگری بیری ماویزم بون بە شێوەی دۆگما لە بابەتەکانیان روانیوەو تەرحەکانیشیان بۆ دیموکراسی تەرحی ماوی بوە.
وتیشی: ئەوەشی تەبەنی بیری ماویزمی کردوە بۆ کۆمەڵە شەهید خاڵە شیهاب بوە. ئەوەشی کۆتایی بە بیری ماویزم هێنا، ساڵی 1975 کۆمیتەی هەرێمەکان بوو بە سەرۆکایەتیی شەهید ئارام.
جگە لە باسکردنی زنجیرە مێژوییەکانی بابەتەکە، مەلا بەختیار باسی لەوەکرد کە رەوتی چەپ لە جیهاندا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتوە، بزوتنەوەی کرێکاری لە ئەوروپا کەوتە ژێر ریفۆرمی کۆمەڵایەتیەوە، بۆیە گرنگترین شت بۆ چەپ و رەوتی چەپ لە کوردستان ئەوەیە خۆی رزگار بکات لە کۆپیگەرایی و پاشکۆیەتی و پێویستە لێکدانەوە بۆ دۆخی خۆی بکات.