مەلا بەختیار: شانۆییەک لەبری رەخنەگرتن، بە لێپرسراوان و دەسەڵاتدا هەڵبدات، پانزە بینەری نەبێت

کوردستان 27/02/2023

"بزوتنەوەیەکی مەدەنی فشارئامێزنییە، پاشەکشە بەملهوڕی بکات و مەدەنییەت گەشە پێبدات"

ئێوارەی ئەمڕۆ (27/2/2023) مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، لەدیداری گروپی شانۆیی (٧)دا، گفتوگۆی سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەکرد، کە ئێستا خەڵکی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد:
شانۆ، ئەگەر تێڕامان و خوێندنەوەیەکی قوڵی هەبێ، دەتوانێ بەجوانی بەرجەستەی واقیع بکات و باوەڕموایە ئێستاش باشترین هەلومەرج لەکوردستان رەخساوە، کە تیپە شانۆییەکان و بەرهەمە شانۆییەکان دەتوانن کاریگەری زۆریان هەبێت لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک.
رونیشیکردەوە: ئەگەر لەبری رەخنەگرتن، شانۆگەرییەک بە لێپرسراوان و دەسەڵاتدا هەڵبدات، رەنگە پانزە کەس بینەرتان نەبێت! ئەمە جگە لەوەی هەر خۆتان تاقەت و بڕوای بەشداریکردنتان نەبێت لەو بەرهەمەدا. بۆیە ئەم قۆناغە، لەشانسی ئەدەب و هونەرە کە دەتوانرێ داهێنانی گەورە بەدیبهێنرێت. هەندێک داهێنانیش بەرهەمهاتووە لەبواری رۆمان و هونەردا.
مەلا بەختیار، هەر لەو دیدارەدا جیاوازی سەردەمەکانی شرۆڤەکردو کاریگەرییەکانی لە رەهەندی هەلومەرجی بابەتیدا رونکردەوەو وتی: ئەوەی دەگوزەرێ لەمێشکدا هزر دروستدەکات، نەک هزر هەلومەرج دروستبکات. هەروەک تێڕوانینەکانی خۆی لەبارەی مێژووی شانۆی کورد و ئەو بەرهەمانەی لە مێژووی دورو نزیکدا پێشکەکشکراون خستەڕوو، تیایدا ئاماژەشی بۆ کاریگەریی ئەو بەرهەمانەشی لەسەر خەڵکی کوردستان و هەستی کوردایەتی و رۆڵی بەرگری لای نەتەوەکەمان کردو رایگەیاند:
هۆشیاری کۆمەڵایەتی بەهێزە، بەڵام هێشتا بەزۆری لەناخی خەڵکەکەماندایە و کەمی دەربڕدراوە، بەڵام دڵنیابن دەگاتە قۆناغی دەربڕینیش. چونکە ئەو هۆشیارییەی کە رەخنە ئامێزەو لەناخی خۆیدا شتە جوانەکان دەبینێ، هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی دەربڕین. بەڵام باوەڕموایە کە شانۆ رۆڵی دەبێت بۆ ئەوەی لەناخدا دەخوێندرێتەوەو سەرەنجام دەریشببڕدرێت و بشبێتە هەوێنی هەڵوێستی رایگشتی و رایگشتی دروستبکات. رایگشتییەکی دیموکراسی و مەدەنی و رەخنەیی دروستبکات و جەختیکردوە: دیموکراسی تەنها بەدەسەڵات دروستنابێت، بەڵکو بەفشاری مەدەنی، هونەری و ئەدەبی دروستدەبێت. ئەگەر ئەو فشارەش دروستنەبێت و دەستپێنەکات، ئەوا ئەوەی پێویستە بۆ خەمڵاندنی دیموکراسی و دیموکراسی بەقۆرخکراوی لای دەسەڵات بمێنێتەوە، شکست دەخوات وەکوو هەموو حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونکە لەرۆژهەڵاتدا بزوتنەوەیەکی مەدەنی فشارئامێزنییە، کە پاشەکشە بەملهوڕی بکات و دیموکراسی و مەدەنییەت گەشە پێبدات. 
بۆیە دەبێ لە بیرمانبێ، کە نابێ ئەو وتەیەی دەڵێت (کرێکار زۆرەو شۆڕشگێڕ کەمە) لەم قۆناغەدا بەسەرماندا جێبەبەجێ ببێت.