ئەلیکساندەر دووگین: لە ئەگەری شکستی ڕووسیا، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنین

جیهان 27/02/2023


ئەلیکساندەر دووگین، بیرمەندی ڕووسی نزیک لە پووتین، لە تازەترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە دەڵێت: "ڕووسیا بێ پلان چووەتە ناو شەڕێکی درێژخایەنی نەخوازراوەوە. بڕیار وا بوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە ئۆکراینا خێرا بێت، بەڵام بە هۆی ئەو تێکەڵبوونە قووڵەی ئۆکراینا لەگەڵ ناتۆ و ڕۆژئاوا، ئەمە مەحاڵ بوو."

دووگین دەڵێت:"ڕووسیا لەسەر دوو ڕیانێکە و ناکرێت جەنگەکە بدۆڕێنێت یان دەستبەرداری ناوچە نوێیەکان بێت. شکستی ڕووسیا لە ئۆکراینا بە مانای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دێت. هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە ڕزگارکردنی تەواوی ئۆکراینا لە دەستی نوخبەی سەر بە ناتۆ. ڕووسیا پێویستە بۆ مانەوەی‪، لەم ململانێیەدا سەربکەوێت."

ئەوبەردەوام بوو لە قسەکانی و گوتی‪: "ڕووسیا بۆ پاراستنی بوونی خۆی دەجەنگێت و تەنیا لە حاڵەتی شکست نەبێت چەکی ئەتۆمی بەکار ناهێنێت. لە هەموو حاڵەتەکاندا ئۆکراینا لە نەخشە دەسڕێتەوە و لە واقیعدا بوونی نامێنێت."

دووگین ئاماژەی بەوە دا کە بڕی پشتیوانی چەکەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکراینا زۆر زۆرە، ئەو گوتی: "بۆمان دەرکەوت ئەم جەنگە بێکۆتایییە. جەنگ دژی ئۆکراینا بەتایبەتی دوای کوودەتاکەی ساڵی ٢٠١٤ بووبووە شتێکی حەتمی و پشتبەستن بە ڕێککەوتنەکانی مینسک هەڵەیەکی ستراتیجی سەرکردایەتی ڕووسیا بوو."

ئەو ڕوونی کردەوە:"نزیکبوونەوە بەرەو جیهانی فرە جەمسەری لەگەڵ هاتنەسەردەسەڵاتی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا و شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین دەستی پێ کرد. جیهان لە قۆناغی گواستنەوەدایە لە یەک جەمسەرییەوە بۆ فرە جەمسەری. پێکدادان لەگەڵ ڕۆژئاوا حەتمییە و من هانی پووتینم نەداوە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکات."

هەروەهاگوتی: "ڕۆژئاوا بە هۆی ترسیلە بیرۆکەکانم و بەرگریکردنم لە جیهانی فرە جەمسەری بڕیاری تیرۆرکردنمی دا."

لەساڵیادی یەکساڵەی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، چین داوای ئاگربەستی هەمەلایەنەی کرد و داوای کرد وردە وردە هەوڵی کەمکردنەوەی توندوتیژی و چارەسەرکردنی دۆخەکە بدرێت، پێش ئەوەی "قەیرانەکە زیاتر تێک بچێت یانلە کۆنتڕۆڵ دەربچێت". بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی چین، جەختی لەوە کردەوە کە "نابێت چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنرێت وناکرێت جەنگی ئەتۆمی بکرێت."

حکوومەتیچین پێشنیازێکی ١٢ خاڵی بڵاو کردەوە، داوای لە مۆسکۆ و کییڤ کرد دانوستاندنەکانی ئاشتی دەست پێ بکەنەوە وخۆیان لە بۆردمانکردنی خەڵکی مەدەنی بەدوور بگرن.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەلیکساندەر گلیڤچ دووگین، فەیلەسوفێکی سیاسی-مەزهەبیی ئۆرتۆدۆکسییە، لە ٧ی جەنیوەری ١٩٦٢ لە مۆسکۆ لەدایک بووە. باوکی پلەدارێکی سوپا بوو لە یەکەی جاسووسی سەربازیی یەکێتیی سۆڤیەت (GRU). دووگین بەکالۆریۆسی لە فەلسەفە و دوو دوکتۆرا، یەکیان لە کۆمەڵناسی و ئەوەی دیکەیان لە زانستیی سیاسی لە زانکۆی مۆسکۆ هەیە. زمانی ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانێت، لە ساڵی ١٩٨٠ دژی کۆمۆنیستەکان دەجووڵایەوە. لە دوایین کتێبیدا بە ناوی (قوتابخانەی سیاسیی سوقرات) کە لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاو کرایەوە خۆی بە دژە دیموکراسی پێناسە دەکات.