(ژیان و جەنگ و هیچی تر).. ئەوەی من هەرسێکیم بینی

جیهان 26/01/2023



سامی هادی

ئۆریانا فالاچی، هەمیشە وەک قەڵەمێکی بوێرو راستگۆ، لە دونیای نووسین و داهێناندا ناسراوە، جگە لەوە رۆژنامەنوسێکی بە سەلیقەو بە ئاگاییەکی زۆرەوە بەرنامەی بۆ کارە رۆژنامەوانییەکانی خۆی داناوە، چ لەو چاوپێکەوتنە دورو درێژانەی لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە سیاسیەکانی جیهان و روناکبیران ئەنجامی داون، چ وەک ژنە چەپێکی شۆڕشگێڕو دیموکرات بۆ کاری رۆژنامەوانی لە ئامادەکردنی ریپۆرتاژی گرنگ و سەرنج راکێش، هەروەها رۆژانە هەواڵی ئەو روداوانەشی کردووە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵات و دەرەوەی رۆژهەڵات روویانداوە.
 یەکێک لەو کارە گرنگانەی پێویستە بۆ هەمیشە لەبیرمان بێت و بیریش لە لەبیرچونەوەی نەکرێت، شۆڕشی گەلی ڤێتنامە لەرووبەڕوو بونەوەی داگیرکاری وڵاتێکی زلهێزی سەرمایەداری وەک ئەمریکا،
فالاچی بۆ ئەوەی بچێتە ڤێتنام، وەک رۆژنامەنووسێکی کارا بەشداری لە ناردنی هەواڵ و ریپۆرتاژی رووداوە سەربازیەکان بکات، نەیتوانیوە لەگەڵ شۆڕشگێرەکان بچێتە بەرەکانی جەنگ، بەڵکو لەم ئەرکەیدا کارەکانی لەگەڵ سەربازی ئەمریکی و بەشێک لە بەکرێگیراوە ڤێتنامییەکان بووە، چونکە بەشێوەیەکی فەرمی ئەو لەم رێگایەوە توانیویەتی بەشداری کارای هەبێت لە کارە رۆژنامەییەکانی خۆی.
ئەوەی فالاچی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا تۆماریان دەکات، ئینجا دەزانین مێژووی مرۆڤایەتی چەند دڕەندانە مامەڵە لەگەڵ خودی مرۆڤە شۆڕشگێڕو چەپەکان دەکات، کە داکۆکی لە فیکرو ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەکات، ئەم هێزو شۆڕشگێڕو چەپانە بەپێی گێڕانەوەکانی فالاچی، چ ئەوەی کە بیستوویەتی یا لەڕێگەی ئەو شۆڕشگێڕە دیلانەی کە زۆربەیان بە برینداری دەست سەربازە داگیرکارەکانی ئەمریکا کەوتبوون، چۆن بە ورەیەکی شۆڕشگێڕانە لەو ئانو ساتانەشدا کە مەرگ چاوەڕوانی کردوون، داکۆکیان لە پرانسیپ و لە پەیامی کۆمۆنیستانەی خۆیان کردووە.
پێموایە لە هەموو دیوەکانیەوە فالاچی توانیویەتی تراژیدیای ڤێتنام بە سەرجەم مرۆڤایەت بگەیەنێت کە دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، هەرچی تەکنیکی سەربازی و ئەو هەموو چەکە مۆدێرنەی هەیبووە بەسەر شۆڕشگێڕە چەپەکانی ڤێتنامدا تاقی کردونەتەوە، دوا چەکیش کە لەو قۆناغەدا دایهێنا چەکی (ناپاڵم) بوو، کە بۆ جوگرافیای ڤێتنا  گونجاو بوە، هەرچی توانی بە ناپاڵم و چەکی قورسی تریش بەرامبەری کردی، خۆشبەختانە دواجار ئیرادەی شۆڕشگێڕانە توانی بە مقاوەمەتی بەردەوام پێوانە سیاسی و دیبلۆماسی ئەم شەڕە لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن، بێگومان دوای ڤێتنامیش ئەمریکا چەکی ناپاڵمی دایە سەدامی فاشی و ئەویش لەشەڕی دژ بە کورد تاقیکردەوەو بوە هۆی لەناوچونی سەدان و هەزاران هاوڵاتی کوری بێ گوناه.
ئەم کارەی فالاچی پێم وایە یەکێکە لەو شاکارانەی لە هەموو قۆناغێکدا دەبێت بخوێندرێتەوە، چونکە ئەوە نووسینەوەی مێژووی ئیرادەی خەڵکە شۆڕشگێڕو چەپەکان بوو کە لە پێناو مانەوەو بەردەوامی ژیان و چەسپاندنی هێزی ئیرادەی نیشیمانی و خاک و گەل بوو.
ئەوەی زیاتریش لام مەبەستە، کاری وەرگێڕانی ئەم شاکارەی فالاچییە کە لەلایەن وەرگێڕی گەورە (عەزیز گەردی)کراوە بە کوردی.
ئەگەر دوێنێ یەکێ لە شانازیەکانی عەزیز گەردی نەمر  وەرگێڕانی (داغستانی من) و (کۆمیدیای خواوەندی دانتێ) بوبێت لە پاڵ دەیان وەرگێڕانی تر، ئەوا (کتێبی ژیان و جەنگ و هیچی تر)ی فالاچیش دەچێتە ناو ئەو چوارچێوە کە نەمر عەزیز گەردی بە کوردییەکی ئێجگار رەوان و جوان، کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە. جگە لەمەش عەزیز گەردی دەتوانم بڵێم زۆربەی شاکارەکانی فالاچی لە چەندین رۆمان و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی کردووە بەکوردی، بەڵام بەلای منەوە، لەسەروی هەموویان (ژیان و جەنگ و هیچی تر)، کە دەبێ چاپ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە نەوەی ئێستا بە دیقەتەوە بیخوێننەوە.