(رۆژگار)م لەم رۆژگارەدا خوێندەوە

رۆشنبیری 23/01/2023


سامی هادی

تەها حسێن، نووسەرو بیرمەندی گەورە، وەک رۆشنگەرێکی سەردەمی خۆی و بۆ ئێستاش کاریگەری بەردەوامە، کتێبی (الأیام-رۆژگار) بەشێکی پرشنگداری بیرەوەرییەکانی تەها حسێنە، کە بە کارەکتەری کەسی سێیەمەوە بیرەوەریەکانی دەگێڕێتەوە.
ئەم بیرەوەریانە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، چ لە نوسین و چ لە بڵاوکردنەوەی، کە بەداخەوە ئەم شاکارە لە ساڵی (2019) بە زمانی کوردی بڵاودەکرێتەوەو وەرگێڕ (شیروان هەڵەبجەیی) راستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە دەیکات بە کوردی، روداوەکانی ناو (رۆژگار)، هەر لەسەردەمی مناڵی و دوای لە دەستدانی چاوەکانی بیرمەند (تەها حسێن) دەست پێدەکات. بەتایبەتیش پێگە کۆمەڵایەتیەکەی باوکیشی کە لە لادێوە هەیەتی وەک کارەکتەرێکی شێخ، خاوەن دیدێکی ئاینی کۆنی ئەو سەردەمەیەو هانی کوڕە نابیناکەی دەدات لەلای هێندێ مەلاو شێخی دیکە فێری سەرەتاکانی لەبەرکردنی قورئان و ئەو مەراسیمە دینیانەی بکەن کە لەو رۆژگارەدا باوبوون.
بەڵام لەیەکەم بەرکەوتنی (تەها حسێن) بەو جۆرە میتۆدو بابەت و باسانەی قسە لەو رۆژگارە دەکات، دەبێتە مایەی سەرنج و وردە گلەیی و رەخنەو پرسیاری جیاواز، ئەو بەریەککەوتنانە دەبێتە مایەی ئەوەی باوکی زوو بیر لە (تەها حسێن) بکاتەوەو بینێرێت بۆ ئەزهەر، بێگومان ئەزهەر لەم قۆناغەدا بەپێی بەشێکی زۆر لە گێڕانەوەکان، ناوەندێکی ئاینی ئێجگار باڵابووە لە خوێندنەوەو فێربوونی هەموو جۆرە زانستێکی ئاینی. بەڵام (تەها حسێن)ی بیرمەند لە ساڵی یەکەمی خوێندنی و دەست بەکاربوونی، لەگەڵ بەشێکی زۆری ئەو میتۆدەی ئەزهەر بەردەکەوێت،  بەهیچ جۆرێک ناتوانێت خۆی لەگەڵیان بگونجێنێت و هەمیشە باری سەرنج و رەخنەکانی خۆشی بۆ ئەزهەر نەشاردۆتەوە، کە پێی وابووە بەهیچ شێوەیەک خزمەتی زانست و ئاراستە راستەقینەکانی ئایین ناکات، بێگومان لەسەروی هەموو ئەمانەشەوە دەست نیشانی چەند شێخێک دەکات کە جیهانبینیانی قبوڵ بووە، ئەمانیش بەپێی چەندین میتۆدی زانستی و جیاواز، لێکدانەوەیان بۆ تەفسیرو دەقی قورئانیش هەبووە.
 خاڵێکی تر، بەبڕوای من بۆتە مایەی سەرنج، (تەها حسێن)ی نابینا رۆژانە لە گەڕەکە شەعبی و کۆمەڵایەتییەکانی قاهیرە، کە پڕبووە لە ژاوە ژاو و بەریەک کەوتنی خەڵکە هەژارو نەبووەکان، بەهەموو هەستەکانییەوە وێنایەکی بینینی ئەو شوێن و رۆژگارو هەتا هەموو بەریەک کەوتنەکانی ناو ئەزهەریش، بە دەنگی فڕەفڕی نێرگەلەی چایخانەو چا خواردنەوەکان دەگێڕێتەوە. پێم وایە، هیچ چاوساغێک ناتوانێت ئەو هەموو وێنایانە، بۆ خوێندنەوەکانی خۆی بکات بە بینینێکی ئێجگار واقعی. بەڵام (تەها حسێن) لەو بیرەوەریانەی دا. لە دووتوێی گێڕانەوەیەکی زۆر جوان، پێمانی ئاشنا دەکات.
خاڵێکی تریش لەلام گرنگە، ئەو ململانێ مەعریفی و میتۆدەییە کە لەگەڵ ئەزهەرو ناوەندە ئاینی و مەنهەجەکانی خوێندنی ناو ئەزهەر روبەڕووی دەبێتەوە، هەمیشە بەرکەوتنەکان بەردەوام دەبێت و بۆ دواجار بڕیاری خۆی دەدات و لە زانکۆیەکی حکومی لە قاهیرە جێی دەکاتەوە، بێگومان ئەم قۆناغەش لە ژیان و بیرکردنەوەی تەها حسێنی بیرمەند و رۆشنگەر، وەرچەرخانێکی بونیادی مەعریفی گەورە دەگرێتە خۆی و ئەم سەرەتایە لەم جیهانبینیە تازەیەش روبەڕووی زانستی نوێ و مێژوو خوێندنەوەی مێژووی ئەدەبیات و فەلسەفە دەبێتەوە. خۆشبەختانە، هەموو قۆناغەکانی زۆر بەسەرکەوتووی دەبڕێت و هەرلێرەشەوە سەرەتای نووسین و ئاشنابوون بە دنیای رۆژنامەوانی دەست پێ دەکات، بەتایبەتیش وتارە رەخنەیە بەراییەکانی لەمەڕ ناوەندەکانی خوێندن و ئەو بیرە کۆنەپەرستانەی هیچ کاتێ قبوڵینەکردووە. دوابەدوای ئەمەش قۆناغەکانی خوێندنی ساڵ بە ساڵ بەرەو پێش دەچێت و بە نمرەی بەرز و رەخنەو ئاراستە رەخنەییەکانی دەبێتە جێی سەرنجی رووناکبیرو مامۆستاکانی زانکۆ.
دەبێت ئەوەش بڵێین لەسەرەتاکانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لەلایەن زانکۆی قاهیرەوە تەها حسێنی بیرمەند و رۆشنگەر بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا لە فەرەنسا دەست نیشان دەکرێت. بێگومان ئەو بڕیارەش دەبێتە مایەی دڵخۆشی کە ئەمەش وەک بەشێک لە هاوبیرەکانی بتوانێت خوێندن لە فەرەنساو بەتایبەتیش لە زانکۆی سۆربۆن تەواوبکات و لە جیهانبینییەکی هاوچەرخ بە چەندین میتۆدی فەلسەفی و فیکری و زانستی ئەو سەردەمەوە بێتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ لە قاهیرە، بەڵام بەداخەوە رووداوەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم بۆماوەی چەندساڵێک ئەم خەونەی کە هەمیشە ئارەزووی بوو دوادەخات، بەڵام دوای گۆڕینی رووداوەکان و دۆخی شەڕ بەرێگای دەریایی سەفەری خوێندن بۆ وڵاتی ئازادی و دیموکراسی و سۆربۆن دەست پێ دەکات.
هەموو پلەکانی خوێندنی سۆربۆن، بە چەندین بڕوانامەی باڵا لە ئەدەب و مێژوو فەلسەفە تەواو دەکات، بە بڕوانامەی دکتۆرا، دەگەڕێتەوە بۆ زانکۆی قاهیرە. ئەو ئەندێشمەندە گەورەیە لەگەڵ گەڕانەوەیدا، چ لە رێگای وانەکانی خوێندنی ناو زانکۆی یان ئەو ووتارو توێژینەوانەی بڵاویان دەکاتەوە روبەڕووی رەخنەی سەلەفیەکان و دەسەڵاتی سیاسی ئەوسا دەبێتەوە. بەڵام بیرمەندە نابیناکەمان هەر سوور دەبێت لە سەر داکۆکی کردن لە فەلسەفەی بیروڕاکانی و  پێی وایە، ئەمە میتۆدی واقعی گۆڕانی کۆمەڵە. کۆمەڵ لێرەدا دەتوانێت بنەماکانی دیموکراسی، ئازادی، بیری هاوچەرخ بەدی بێنێ، بۆیە دەبینین لە سەر نووسین و توێژینەوەکانی چ بە کتێب یان بە وتار روبەڕووی دادگای دەکەنەوە، هێندێ لە مزگەوتەکانی قاهیرەش، بە لادەری دین تۆمەتباری دەکەن، بەڵام ئەو هەر داکۆکی لە زانستی بوونی بیرکردنەوەکانی خۆی کرد.
تەها حسێن، تا دوا رۆژەکانی ژیانی  هەر بە بیرمەندو رۆشنگەر مایەوە، مایەی گوتنە، ئەم شاکارەی (رۆژگار) ی ساڵی (1992) کرا بە زمانی فەرەنسی لە ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ( گالیمار) لە فەرەنسا، چاپ و بڵاوکرایەوە.
خاڵێکی تریش کە لام گرنگە، لەماوەی مانەوەی لە فەرەنسا، کچێکی جوان، دەبێتە چاوساغی و هەمیشە ئەدەبیات و زمانی فەرەنسی فێر دەکات، جگە لە بینینی چەندین خولی زمانی جیاواز، ئەم پەیوەندیە روناکبیریەش، دواجار دەبێت بە خۆشەویستی و تەها حسێن بڕیاری ژیانی هاوژینی لەگەڵ (سۆزانە) دەدات.
بێگومان ئەم پەیوەندیە، خێزانی و رووناکبیریەشی تا دوا مەرگی تەها حسێن بەردەوام بوو. سۆزانەش بۆ ئەم مەبەستە بیرەوەرییەکانی خۆی بە زمانی فەرەنسی نووسیوەتەوە بەناوی (معک). وەرگێڕی سوری (بدر الدین عرودکي) کردویەتی بە عەرەبی.
 بەراستی (معک) تامی (رۆژگار)ی تەها حسێنی  هاوژینی دەدات.
بەو هیوایەی شیروان هەڵەبجەیی، بتوانێت ئەم ئەرکەش بخاتە سەرشانی خۆی و وەک وەرگێڕانە جوانەکەی تر، ئەمەش بکات بە کوردی.
کتێبی (رۆژگار)، لەلایەن وەرگێڕ ( شیروان هەڵەبجەیی) بە کوردییەکی رەوان و بێ گروگاڵ بە شێوەزاری تێکەڵی موکری و هەولێری و بەشێک لە شێوە زارەکانی تریش کراوە بە کوردی، ئەم بەرهەمەش لەلایەن دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.