بێ‌ئەدەبی عەلی حەمەساڵح لە كۆمێنتێكدا

کوردستان 11/01/2023


بەشی توێژینەوەی چاودێر

عەلی حەمەساڵح، هەتا پیر دەبێ‌ خووی شیری تەرك ناكات. ڕۆژ نییە قسەیەك نەكات. نەنوسێ‌. پەلامار نەدات. بوختان هەڵنەبەستێ‌.
با لاف لێ نەدا لەسەر دژایەتی گەندەڵی. چونكە ساڵەهایە بزوتنەوەی دژایەتی گەندەڵی لەكوردستاندا دەسەڵاتی قانگ داوە. تەنها عەلی دژی گەندەڵی نییە. ئەوانەی بەكردەوە دژی گەندەڵین خۆیان دەرناخەن، عەلی بە ڕاگەیاندن دژی گەندەڵییە بەردەوام خۆی دەردەخات!
لە كۆمێنتێكدا وەڵامی مەلا بەختیاری داوەتەوەو كۆمەڵێك هەڵەوپەڵەی نوسیووە من وەكو كوردێك شەرم دەكەم ئەو زاتە ئەندام پەرلەمانە. جارێ‌ كەسانی تر لەسەریان نوسیووە. كەچی ئەو چەند جارێكە پەلاماری مەلا بەختیار دەدات. بەبێ‌ ئەوەی لە قسەكانیا یەك بەڵگەشی لەسەر ناوبراو هەبێ‌ كە دزی كردبێ‌ یان گەندەڵ بوبێ‌. نەك خۆی هەموو حیزبەكەشی كە "گۆڕان" نەیانتوانی بچوكترین گەندەڵی لەسەر مەلا بەختیار بخەنەڕوو. بەڵام عەلی كاری بەسەر ئەوەوە نییە كە مەلا بەختیار گەندەڵ نییە.. تەنها كاری بەوەیە كە رقی ناخی كەسایەتیە لەرزۆكەكەی هەڵڕێژێ‌. ئەمیش‌و نزیكەكانی شادڕەوان نەوشیروان‌و كەسانی تریش ڕقی ئەوەیان لە مەلا بەختیار هەڵگرتووە.. كە لە كتێبی "لەبری بیرەوەری" لێفەی لەسەر بەشێكی ڕاستیەكان هەڵداوەتەوە. لەباتی ئەوەی بە كتێب‌و بەڵگە وەڵامی بدەنەوە، بە بوختان‌و پەلاماری ئاژەڵ ئاسا لەسەر خۆی‌و ماڵ‌و مناڵیشی دەنوسن!!
لە دوا كۆمێنتی عەلی حەمەساڵحدا كە هەر لەسەر مەلا بەختیاری نوسیووە، ئەوەندە قسەی سوكی وەكو خۆی سوك ئاسای كردووە.. ئەزی تیا شەرمەزار دەبم. با چەند دێڕێكی لێكبدەینەوە..
لەسەرەتاوە دەڵێ‌: دوژمنی سلێمانی ئەوانەن قاچاخی لەسەر خەڵكەكەی دەكەن. زەوی نایابەكانی داگیردەكەن.
ئەگەر عەلی یەك زەڕە كەرامەتی سیاسی‌و كەسایتی هەبوایە، بۆئەوەی تومەتەكەی ڕاست دەربچێ‌، بەڵگەیەكی لەسەر مەلا بەختیار دەهێنایەوە كە قاچاخچێتی كردبێ‌، یان زەوی نایابی داگیركردبێ‌. كە بەڵگەی پێ‌نەبێ‌ قسەكەی وەكو بڵقی سەر زەلكاو وایە.
لە دێڕێكی تردا دەڵێ‌: منداڵەكانی ڕەزو باخ‌و گوندی خەڵک دەسوتێنن.
لەمەشیاندا تۆزقاڵێك ڕاستگۆیی لە عەلیدا نییە. ئەوەی كە زانیبێتمان، لە دێی خەمزە كوڕێكی مەلا بەختیار تاوانبار كرا بەوەی لە تەقەكردندا بە ڕێكەوت ڕەز سوتاوە. لە پەیجی مەلا بەختیاردا خوێندمانەوە كە داوای لێبوردنی لە گوندی خەمزە كرد. خۆیشی سەردانی خەڵكەكەی كردو قەرەبووی كردنەوە. خەڵكەكەش دوای ئەوە هیچ گللەییەكیان نەما. ئیتر عەلی بۆچی خۆڵەمێشی ئەو ڕەزە سوتاوانە دەكاتە چاوی خەڵك.. لەكاتێكدا مەلا بەختیار:
-     كۆمپانیای بە میرات نەكردۆتە ناوی مناڵەكانی.
-     186 دۆنم زەوی حیزبەكەی نەكردۆتە میراتی مناڵەكانی.
-     پشكی مۆڵی گەورەی نەكردۆتە میرات بۆ مناڵەكانی.
-     خانوی لە لەندەن نەكردۆتە میراتی مناڵەكانی.
عەلی باش دەزانێ‌ چ بەرپرسێك میراتی حیزبەكەی كە ئەخەمەڵێندرێ‌ بە (300) ملیۆن دۆلار كردۆتە میرات بۆ مناڵەكانی.. كەچی بێدەنگە لەئاست ئەو تاوانە. بەڵام ڕوداوێكی بە ڕێكەوت ڕویداوە لە مەلا بەختیار گەورە دەكات.. لەكاتێكدا چارەسەریش كراوە.
لە بەشێكی تر فەرمایشتەكاندا دەڵێ‌:
گەورەترین دزی لە سلێمانی بردنی (35) ملیۆن دۆلاری مانگانەی پرۆژەكانی سلێمانی حیزبەكەی كاك بەختیار دەیبرد. كە ئەوكات بەرپرس بوو.
لەسەر ئەم قسانە.. مەلا بەختیار نكولی نەكردووە. بەرگریشی لە دزی نەكردووە. ئەگەر وا نییە هەقوایە قوبادو سەرۆكی یەكێتی‌و دارایی گشتی بێنە دەنگ. ڕونكردنەوە نەدەن ئەوە دەگەیەنێ‌ قسەكانی عەلی بەداخەوە ڕاستن.
لیرەدا عەلی لەوە بەهەڵە چووە كە ئەڵێ‌ ئەوكاتە مەلا بەختیار بەرپرس بوو.
ئەم عەلییە مێژوو باش ناخوێنێتەوە. مەلا بەختیار چوار ساڵە دوورە لە دەسەڵاتی سیاسی. ئەو پارەیەش دوای ئەوە هاتۆتە ئارا. كە مەلا بەختیار بەرپرس بوو لە سەروتار و كۆڕەكانیدا بەردەوام لە (15) ساڵی ڕابوردودا دژی گەندەڵی‌و دزەكان قسەی هەبوو. بەڵام عەلی‌و كەسانی بوغزاوی دەیانەوێ‌ هەڵوێستەكانی مەلا بەختیار كە هەموو نوسراوەو تۆمار كراوەو لای چاودێر پارێزراوون، فەرامۆش بكەن.
عەلی دەشڵێ‌: دوژمنی سلێمانی ئەوانەن (30) ساڵە لەسەر حسابی ئەم شارە خاوەنی ژیانی شاهانەن. دەزگای بێكەڵكی هەیە، ملیۆن دۆلار لەسەر حسابی ئەم شارە بۆ خەرج دەكرێ‌، باخ‌و ڤیلای هەیە.
عەلی.. هەموو خەبات‌و تێكۆشان تەنها لە (30) ساڵی دوای ڕاپەڕین قەتیس دەكات، شەرمەزارە لەئاست مێژووی كۆنتری مەلا بەختیارو هاوسەنگەرەكانی. وەكو:
-     لە دامەزراندنی كۆمەڵەوە 1970 مەلا بەختیار سیاسەت دەكات.
-     24 ساڵ باوك‌و دایك‌و (7) خوشك‌و برای مەلا بەختیار راگوێزراوون بۆ فەلوجە.
-     برایەكی جاشەكان فڕاندیان‌و لەت‌وپەتیان كرد.. ئێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
-     7 جار لە ژیانی سیاسیا هەوڵی تیرۆركردنی دراوە.
-     لە بەڵگەنامەكانی موخابەراتی عێراقیا بە شۆڕشگێڕێكی سەرسەختی دژی بەعس باسكراوە.
دەیان ڕاستی تریش.. كە عەلی‌و عەلی ئاساكان ئاوڕی لێنادەنەوە.. چونكە مێژووی خۆیان بەقەد تڵپە چایەكیش نابێ‌.
مەلا بەختیار.. نە ڤێلا و نە باخی هەیە. ئەمە درۆیەكی شاخداری هەڵبەستراوە. با عەلی بەبەڵگەوە باسی ڤێلاو باخەكانی مەلا بەختیار بكات.
لەچاو بەرپرسە هاوتاكانی خۆیشیا مەلا بەختیار كەمترین پاسەوانی هەیە.
سەبارەت بە (دەزگای بێكەڵك)یش كە عەلی باسی دەكات. لەمەیاندا ویژدانی عەلی لە فرێزەرێكی نەكراوەدا بەستویەتی.
دەزگاكانی مەلا بەختیار ئەمانەن:
-     بنكەی گەلاوێژ (25) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سازداوە.
-     لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان.. هەموو یەكێتییە وەرزشی‌و چالاكیە وەرزشیەكان لەخۆی دەگرێ‌.
-     فێستیڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتی.. كە بە شایەتی دۆست‌و دوژمن.. مایەی شانازییە (تەنها عەلی نەبێ‌ هیچی لێ نازانێ‌).
-     ئینجا دابڕان..
عەلی بە دابڕان هەراسانە. چونكە ناخی سەلەفییەو رواڵەتی گۆڕانخوازە.
دابڕان.. دژی دین نەبوەو نییە. یەكێكە لە جوانترین پرۆژە فكری‌و فەلسەفیەكانی ساڵانی ڕابوردوو. ئەگەر عەلی گۆڕانخوازی ڕاستەقینەیە دەبوایە پشتیوانی بنكەی گەلاوێژو رۆشنگەری بكردایە.. نەك دژیان بوەستێ‌. بەڵام ئەو زاتە لە فكرو فەلسەفەو تێگەیشتنی هاوچەرخ.. وەكو دەهۆڵی بەتاڵی شایەرەكان وایە.. بۆیە دژی گیانی سەردەمە!
لە بەشێكی تردا بێ‌كەرامەتی سیاسی دەگەیەنێتە لوتكە دەڵێ‌:
كێ‌ لە ئوردن خێزانەكەی نەخۆشخانەو هوتێلی هەیە؟
مرۆڤ كە ویژدانی نەبوو ڕەوشتی سیاسی‌و نوسینیشی نامێنێ‌.
عەلی لەسەر مەلا بەختیار بەناهەق دەنوسێ‌، ئەمەیان لە دونیای سیاسەتدا ڕێی تێدەچێ. بەڵام لەبەرچی‌و بۆچی‌و لەسەرچی باسی خێزانەكەی دەكات؟ ئەویش بەبێ‌ بەڵگە. ئێستاش چاوەڕوانین بەڵگەیەك لەسەر مەلا بەختیار یان خێزانەكەی بڵاوبكرێتەوە كە لە ئوردن یان هەر شوێنێكی دونیا موڵك‌و كاسبی هەیە.. بەڵێن دەدەین هەڵوێستی لێوەردەگرین. بەڵام بوختان كردنی بێ‌ بنەما.. شەرمەزاریەكی گەورەیە.
كاتێك ئەو قسانە بەبێ‌ بەڵگە دەخوێنینەوە ئیتر تێدەگەین عەلی حەمەساڵح.. چەند هەڵەوەرەو چەندیش درۆهەڵبەستەو چۆنیش بەئارەزووی ڕقەكانی ڕەقەم هەڵدەڕێژێ‌.
لەكۆتاییشدا دەڵێین: هەرچی لەكۆتایی كۆمێنتەكەی عەلیدا لەسەر وەستانی پرۆژەو گەندەڵی نوسراوە لە سلێمانی جێی گومانە، بەڵام ڕەتی ناكەینەوە. با مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵام بدەنەوە.