پارە لە کوێوە هات؟

جیهان 10/01/2023

پێداچوونەوە بە تێڕوانینەکانی تیمۆین و ڕەی

عەلی سلیمیان
وەرگێڕان: سۆران جەلیل
ئەمڕۆ ئەگەر پرسیار لە سەرچاوەی پەیدابوونی پارە بکەیت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گوێت لەو وەڵامە دەبێت لە کۆمەڵگە سەرەتایییەکاندا کە هێشتا پارە بوونی نەبوو، مرۆڤەکان بۆ ئاڵوگۆڕکردن و بەدەستهێنانی کاڵای دڵخوازی خۆیان سوودیان لە ئاڵوگۆڕی کاڵاکان وەردەگرت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بڕیاریان دا هەندێک کاڵای پتەو وەک ئامرازی ئاڵوگۆڕکردن بەکار بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن هەم سەروەت و سامانە لەناوچووەکان لە شێوەی کاڵای خۆڕاگر هەڵبگرن و هەمیش پێوەرێکیان بۆ هەڵسەنگاندنی بەهای کاڵاکان لەگەڵ یەکدیدا هەبێت. بە تێپەڕبوونی کات، سکە جێگەی هەموو کاڵایەکی بەهێزی گرتەوە، چونکە لە زۆربەی کاڵاکان بەهێزتر و جێگیرتر بوو، هەروەها گواستنەوەی ئاسانتر بوو، بەڵام دواتر کاتێک بازرگانی پێویستی بە گواستنەوەی بڕە پارەیەکی زۆر بوو، دراوی کاغەزی جێگەی دراوی کانزایی گرتەوە، چونکە گواستنەوە و هەڵگرتنی زۆر پارێزراوتر و ئاسانتر بوو.

ئەم گێڕانەوەیە لە مێژووی پارە کە لە کتێبەکانی خوێندنی ئابووریدا دەخوێنرێت، ڕەگ و ڕیشەی لە بیرۆکەی قوتابخانە کلاسیک و نیوکلاسیکییەکانی ئابووریدا هەیە. ئەم قوتابخانانە وەک ڕەوتی باڵادەست و ئاسایی زانستی ئابووری، پارە وەک داهێنانێکی پاشەکەوت دەزانن کە وەک جێگرەوەیەک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی سەربەسەر و بۆ ئاسانکردنی مامەڵەی بەروبوومەکانی بازاڕ دروست کراوە. لەبەر ئەم هۆکارە، ئابووریناسان چۆنیەتی ئاسایی کارەکانی هۆکاری ئاڵوگۆڕ و پاشەکەوتی بە بەهابوونی دەخەنە ڕوو، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە لە مێژووی پارە جیاکارانە و یەکلایەنەیە و لە لایەن ئابووریناسانی جیابیرەوە (هێترۆدۆکس)[١] بەتوندی ڕەخنەی لێ دەگیرێت. لە واقیعدا هەر کەسێک بەستراو بەپێی ئەو کردارەی کە وەک گرینگترین تایبەتمەندیی پارە پێناسە دەکات، مێژووی پارە جیاکاریی پەیدا دەکات.

ئابووریناسانی هێترۆدۆکسی وەک ئێریک تیمۆین و ڕانداڵ ڕەی، پێیان وایە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بەمسۆگەری سەرچاوەی پارە دیاری بکرێت، وەکوو ئەوەی جۆن کینز، لە نامیلکەیەک لەبارەی پارەوە، دەڵێت، سەرچاوەی پارە (بەدڵنیایییەوە لە سەردەمی پێش مێژوودا) لە "تەپوتۆزی زەمان"دا بزر بووە. ئەوەی یارمەتی بە دوودڵیمان لە دۆزینەوەی ڕێڕەوی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی پارە دەکات، دۆزراوە مێژویییەکانن. لێکۆڵینەوە لە مێژووی پارە، بابەتێکە پێویستی بە هاوکاری زانایانی ئابووری، کۆمەڵناسی، مێژوو، شوێنەوارناسی و مرۆڤناسی هەیە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین گێڕانەوەیەکی دیکە بۆ مێژووی ئاسایی پارە لە ڕوانگەی تیمۆین و ڕەی بخەینە ڕوو.

بە تێڕوانینی تیمۆین و ڕەی، دۆزینەوە مێژوویییەکان دوو بابەت ڕوون دەکەنەوە:

داهێنانی پارە تەنانەت لە داهێنانی ئەلفبێ کۆنترە، چونکە یەکەمین دەستنووسە دۆزراوەکان؛

١- پێوەندییان بە تۆمارکردنی قەرزی پارەوە هەیە. کەواتە نابێت چاوەڕێی ئەوە بین نووسین لەسەر داهێنانی یەکەمین پارە بدۆزینەوە.
٢- داهێنانی پارە دەگەڕێتەوە بۆ پێش داهێنانی سکە، واتە سکە یەکەمین جۆری پارەی دهێنراو نییە.

بە پێچەوانەی باوەڕی باو، جێگرەوەی مێژووی پارە، سەرچاوەی پارە لە پێوەندی داخوازی و قەرزدا، واتە کرێدیت[٢]، لەبەرچاو دەگرێت. ئەم پێوەندییە کرێدیتییە لە کۆمەڵگە سەرتایییەکانی مرۆییش بوونیان هەبووە. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک تووشی تاوانێکی وەک کوشتن بووایە، تا ئەو کاتەی دیە (جەریمە - خوێنبایی)یەکەی نەدەدا، بە قەرزاری بنەماڵەی قوربانییەکە دادەنرا. ئەو دەبوو قەرزەکەی بەپێی ئەو کاڵا و بڕەی کە گەورەپیاوانی خێڵەکە دیارییان دەکرد، بدات. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانییەت و حکوومەتی ناوەندی، نوێکارییەکی سەرەکی هاتە ئاراوە و ئەو تاوانانەی بەپێی کاڵا جیاوازەکانەوە بە قوربانییەکان دەدرا، بەپێی یەکەی ژمێریاری یەکەیەک و بە شێوەی ماڵیات و باج بە فەرمانڕەوای ناوەندی دەدرا. تیمۆین و ڕەی دەڵێن پارە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی ئابوورییەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکوو دۆخی یەکەی ژمێریاری سەرچاوەی سەرهەڵدانی پارە بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەرکی یەکەی ژمێریاری پارە بۆ شیکاریییەکەمان زیاتر لە ئەرکی ناوەندی ئاڵوگۆڕکردنی گرینگترە.

دۆخی یەکەی ژمێریاری لەژێر دەسەڵاتی پیاوانی ئایینیی یان بەرپرسانی حکوومەت بوو. یەکەی ژمێریاری چەمکێکی ئاڵۆزە. هەر بۆیە لە سەرەتادا لە یەکەکانی کێش یان درێژی وەک یەکەکانی ژمێریاری بەکار دەهێنران. بۆ نموونە پێیەک، کە بە هاوتای درێژی پێی حاکمێک دادەنرا، یان کێشی ژمارەیەکی دیاریکراو لە دەنکە جۆ یان بڕێکی دیاریکراو لە زیو. ستانداردەی ئەم کێشانە دواتر بۆ یەکەکانی پارە بەکار هێنران، وەک دینار، شێکڵ، یان پاوەند. پێوەندی نێوان ئەو وشانەی کە بۆ یەکەکانی کێش و یەکەکانی پارە بەکار دەهێنران، هەر لە سەردەمی کینزەوە ئەم گومانەی دەربڕی کە دەبێت پێوەندییەکی بنەڕەتی لە نێوانیاندا هەبێت. وا دیارە پەرستگە و کۆشکەکانی سۆمەر لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین بۆ یەکەمجار بۆ مەبەستی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی خۆیان یەکەمین یەکەکانی پارەیان داهێنابێت. ئەوان زیوێکیان بە کێشی "شێکڵ"[٣] (٢٤٠ دەنکە جۆ) لەگەڵ بەهای یەکەی بەکارهێنانی مانگانە، واتە یەک "بوشێڵ"[٤] (١ بوشێڵ = ٢٧‪.‬٢ کیلۆگرام گەنم) یەکسان کرد. بەم شێوەیە، پیاوانی دەسەڵاتدار بە یارمەتی یەکەیەکی ژماردن کە خۆی لە یەکەی کێشی بەکارهێنانی مانگانەی دەنکە جۆ وەرگیرابوو، بەهای پارەی کانزای بەنرخیان دیاری کرد. کەواتە پێویستە بڵێین یەکەی ژمێریاری لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دیاری دەکرێت، نەک لە ئەنجامی باشبوونی تاکەکەسی. ئابووری هەرگیز ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە چۆن زۆرترین کەسانی سوودمەند لەسەر یەکەی پارەیەک ڕێک دەکەون. وەک لە خوارەوە ڕوونی دەکەینەوە، پێکهاتنی دەسەڵاتدار ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروستکردنی پارەدا هەبوو، چونکە هەم قەرز و کرێدیتی لە شێوەی ماڵیات و باجدا داهێنا و هەمیش یەکەی ژمێریاری دیاری کرد.

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سیستەمی دراوی

تیمۆین و ڕەی لە کاتی لێکۆڵینەوەی مێژووی پارەدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی سیستەمی دراوی دەبێت ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوەی هەبێت:

١- یەکەی ژمێریاری و ئامرازەکانی تۆمارکردنی ئاڵوگۆڕی هەبێت.
٢- یەکەی ژمێریاری دەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ناسراو بێت.
٣- ئامرازی دراوی هەبێت. ئەرکی ئامرازەکانی پارە بریتییە لە تۆمارکردنی قەرزی کەسێک بە کەسێکی دیکە. هەر شتێک؛ یەکەمجار، بڕوا بە قەرزەکە بهێنێت و دووەمیش لە ڕووی یەکەی ژمێریارییەوە دیاری بکرێت، دەتوانێت ئامرازێکی دراوی بێت.
٤- ئەگەر ئامرازەکانی پارە ناکەسی بن و بتوانرێت بگوازرێنەوە بۆ لایەنی سێیەم (دەستاودەستکردن)، ئەوە بە ئامرازی دراوی (money-things) دادەنرێن. ئامرازەکانی پارە بەپێی ئەو کەسەی کە بڵاویان دەکاتەوە ڕیزبەندی دەکرێن و هەریەکەیان کە لە لایەن بڵاوکەرەوەیەکی متمانەپێکراوترەوە دابەش دەکرێن دەبنە ئامرازی پارە.

لەم تایبەتمەندییانەوە تێدەگەین، مێژووی پارە پێوەندی بە سێ بابەتەوە هەیە:

ا. مێژووی قەرز (سەرچاوەی قەرز، سروشت و جۆرەکانی قەرز پێش و دوای سەرهەڵدانی سیستەمی یاسایی)
ب. مێژووی ژمێریاری (سەرچاوە، یەکە بەکارهێنراوەکان، پەرەسەندنی یەکەکان، ئامانجەکان)
ج. مێژووی ئامرازەکانی قەرزی دراوی و نادراوی (جۆرەکان، بڵاوکراوەکان، ناو، بەها بەپێی یەکەی ژمێریاری و بەکارهێنانیان (پێویستی، جۆرە تایبەتەکانی ئاڵوگۆڕ وەک پشک، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕۆژانە و هتد.))

لە پشت هەر یەکێک لەم مێژووانەوە هۆکاری سیاسی-کۆمەڵایەتی-ئابووری هەیە و پێویستە بەوردی لێیان بکۆڵینەوە. جگە لەوەش، دەبێت وریا بیت لە لێکۆڵینەوەی مێژووی پارەدا، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا، نەکەوینە داوی ڕەگەزپەرستییەوە. هەروەها نابێت تەنیا بە لێکۆڵینەوەی ئامرازێکی دراوی وەک سکە بووەستیت، چونکە هەم مێژووی پارە لە مێژووی سکە جیاوازە و هەمیش ناتوانین بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لە یەکەکانی ژمێریاری بکۆڵینەوە. لە لایەکی دیکەوە، ناتوانرێت سروشتی پارە لە ئەرکی سادەی بە هۆی ئاڵوگۆڕ یان ئامرازی پارەدان کەم بکرێتەوە. بوون و بەکارهێنانی پارە بەو مانایە نییە کە ئابووری ئابوورییەکی دراوییە، واتە ئابوورییەک کە تێیدا بە کەڵەکەبوونی پارە هێزەکانی بڕیارە ئابوورییەکان بەڕێوە دەبات.

لێکۆڵینەوە لە مێژووی پارە

دەتوانین بەکورتی مێژووی پارە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش بکەین. بێگومان ئەگەری قۆناغی گواستنەوە و سەریەککەوتنی هەندێک لەم قۆناغانە ڕەد نادەینەوە، بەڵام ئەم دابەشکردنە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی پەرەسەندنی پارە بەسوودە:

١- کۆمەڵگە سەرەتایییەکان

ئابووریی سەرەتایی بازاڕی نەبوو، چونکە خاوەنداریی تایبەت (بە مانای خاوەنداریی ئامرازی بەرهەمهێنان)، لەم کۆمەڵگەیانەدا بوونی نەبووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئاڵوگۆڕی سەربەسەر دروست نەبووبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی سیستەمی پێدانی جەریمە و دیە، کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دیاری دەکرا، هەبوو، پێوەندی کرێدیت و قەرز دامەزرا. لەم کۆمەڵگەیانەدا تاوانەکان بەپێی کاڵای جۆراوجۆرەوە دەدران، کە یەکسان (ستاندارد) نەکرابوون. واتە بۆ هەر تاوانێک، کاڵایەکی جیاواز وەک غەرامە خەرج دەکرا. بەگشتی لەم کۆمەڵگەیانەدا پێویستیان بە ژمێریاری نەبوو.

٢- کۆمەڵگە دێرینەکان

لە نزیکەی ٣٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین، کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی نزیک کۆمەڵگەی ڕێکخراو و چینایەتی دروست بوو، ئاڵوگۆڕی بازاڕ سەری هەڵدا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بیرۆکراسی بەهێز، سیستەمێکی یاسایی دامەزرا و بڕیارە یاسایییەکان جێگەی بڕیارە خێڵەکییەکانی گرتەوە. ئەم بڕیارانە زۆرەملێی و یەکسانسازی کرابوون. دەتوانین مێژووی سەرهەڵدانی پارە هاوکات بە سەرهەڵدانی ئەم کۆمەڵگە دێرینە گەورانە سەیر بکرێت. ڕەنگە خەڵکانی چینی سەرەوە (دەسەڵاتدارانی ئایینیی و دەربارەی) سەرەتا چەند یەکەیەکی ژمێریارییان داهێنابێت، بەڵام وردە وردە ئەم یەکانە بە زیو و جۆ کەم کرانەوە و دواجار زیو بوو بە تاکە یەکەی ژمێریاری. هەرچەندە سەرەتا یەکەی ژمێریاری بۆ ئاسانکاری بەڕێوەبردنی کۆشک و پەرستگاکان بەکار دەهێنرا، بەڵام وردە وردە بەکارهێنانی لە دەرەوەی کۆشکیش بڵاو بووەوە. بەکارهێنانی پارەی ژمێریاری لە ئاڵوگۆڕە تایبەتەکاندا بە هۆی ئەو قەرزانەوە بووە کە خەڵک لە ئەنجامی پابەندبوونە یاسایییەکان (وەک باج و ماڵیات) لە پێوەند بە کۆشکەوە تووشی بووبوون.

٣- کۆمەڵگە مۆدێرنەکان

ا. دار حیساب و سکە

وەک ئەوەی پێشتر باسمان کرد، بازرگانی لەمێژە لەسەر بنەمای کرێدیت و قەرز بووە، نەک لەسەر بنەمای سکەی کانزای بەنرخ. لە ئەورووپا بە درێژایی چەندان سەدە ئامرازی سەرەکی بازرگانی "دار حیساب"[٥] بووە نەک سکە. بەم شێوەیە ناوی قەرزدار و ڕێکەوتی ئاڵوگۆڕکردنەکە لەسەر ڕووی دارێکی چوارگۆشە کە لە داری فەندۆق دروست کرابوو دەنووسرا و بەپێی بڕی قەرزەکە خەتێک لەسەر دارەکە دەکێشرا. پاشان دارەکە بە شێوەیەک لە ناوەڕاستەوە دەکرایە دووکەرتەوە کە ناو و ڕێکەوتەکە لەسەر هەردوو پارچە دار حیسابەکە دەربکەوێت. کاتێک قەرزدار دەیویست قەرزەکەی بداتەوە، هەردوو پارچە دار حیسابەکە بەیەکەوە دەلکێنران بۆ ئەوەی بڕی قەرزەکە دیاری بکەن. دەتوانرا دار حیسابەکان وەک ئامرازی گواستنەوە و پارەی نەخت دەستاودەست بکەن. واتە بەپێی ئەو پێناسەیەی کردمان ئامرازی دراو بوون.

کۆنترین سکەی ناسراو مێژووەکەی لانیکەم بۆ ٢٠٠٠ ساڵ دوای کۆنترین دۆزینەوەی قەرز و متمانە دەگەڕێتەوە. یەکەمین سکە تەنیا لە سەدەی حەوتی پێش زایین دەرچووە. بە پێچەوانەی باوەڕی باو، بەدوور دەزانرێت کە سکە بەنرخەکان بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕ بەکار هێنرابن، چونکە فینیقییەکان و زۆرێک لە گەلانی ڕۆژهەڵات بەبێ پارەی لێدراو بازرگانییەکی سەرکەوتوویان لەگەڵ دەیان وڵاتدا هەبووە. بە واتایەکی تر سکە جێگرەوەیەکی کەمتر کارامە بووە بۆ دار حیساب. بە بڕوای زانایان، سکەکانی سەرەتا هێما و بەڵگەنامەی قەرزی حکوومەتەکان بە کەرتی تایبەت بووە و بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی پێداویستییە دارایییەکانی حکوومەت دروست دەکران. دەوڵەت لە بەرانبەر کڕینەکانیدا سکە و دار حیسابەکانی بە خاوەن قەرزەکان دەدا و ئەوانیش کاتێک باج و ماڵیاتیان دەدا هەمان شتیان بۆ دەوڵەت دەگەڕاندەوە. لە واقیعدا سکەکانیش وەکوو جۆرێک لە دار حیساب دادەنران. سکەکان پارەی ڕەمزی بوون کە حکوومەت بەهای ڕواڵەتییانی زیاتر لە بەهای ناوەڕۆکی کانزاکان دیاری دەکرد. هەروەها بەکارهێنانی سکە وەک ئامرازی ئاڵوگۆڕکردن بەرەنجامی هەڵکەوتی لێدانی سکە بوو، نەک هۆکارەکەی.

ب. ستانداردی زێڕ

لە قۆناغی گواستنەوە لە فیۆدالیزمەوە بۆ سەرمایەداری، کە حکوومەتە سەربەخۆکان سەریان هەڵدا، بە هۆی نەبوونی چاودێری سیستەمی دراوەوە، چەند قۆناغی بێسیستەمی دروای دەرکەوت. بۆ نموونە بەهای سکەکان زۆر نزیک بووەوە لە ناوەڕۆکی کانزا بەنرخەکانیان. وردە وردە ئەو بیرۆکەیە دروست بوو کە بەهای دراوێک بە جۆری کانزاکەی دیاری دەکرێت، لە کاتێکدا حکوومەت بۆ ئەوەی ڕێگە لە سکەی ناقانوونی بگرێت، سوودی لە کانزای بەنرخ بۆ لێدانی سکە وەردەگرت، چونکە هەموو کەسێک نەیدەتوانی کانزا بەنرخەکان بەدەست بهێنێت. تا ئەم دواییانە بەهای دراوەکە لەسەر سکەکە هەڵنەدەکەنرا. هەر بۆیە ئەگەری خۆبواردنی دەسەڵات لە قەرزەکانی (کە لە شێوەی دراو و دار حیسابدا دەرچووبوو) زۆر بوو. واتە ئەگەری ئەوە هەبوو حکوومەت بۆ بەدەستهێنانی باجی زیاتر بەهای سکەکان کەم بکاتەوە، چونکە دیاریکردنی بەهای ڕواڵەتی هەر دراوێک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بوو. بۆ نموونە؛ ئەگەر حکوومەت کرێدیتی دراوەکەی بۆ نیوە کەم بکردایەتەوە، ئەوە نیوەی قەرزەکانی نەدەدا و دوو هێندەی پێشتر باجی وەردەگرت. ئەمەش وای کرد ئەو حکوومەتانەی کە جێی متمانە نەبوون زیاتر داوای سکەی بە ناوەڕۆکی کانزای بەنرخ بکەن و وردە وردە بەهای ڕواڵەتی دراوەکان لە بەهای ناوەڕۆکەکەیان نزیک بووەوە. ئەم بابەتەش لانیکەم بەشێکی ئەو هەوڵە بۆ دامەزراندنی ستانداردی زێڕ (یان زیو) لە کاتی گواستنەوە لە حکوومەتی پاشایەتییەوە بۆ دیموکراسی ڕوون دەکاتەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداری و ئابووریی بەرهەمهێنان پارەی نوێ دروست کرا.

هەوڵدان بۆ دەرخستنی سروشتی پارە لە کارکردی ستانداردی زێڕ کە خۆی لادان بوو لە ڕێبازی ئاسایی دراوی، هەڵەیە. سیستەمەکانی دراو بە درێژایی مێژوو پشتی بە قەرز و کرێدیتەکان بەستبوو، بەپێی یەکەی ژمێریاری یان دراوی باوەوە کە حکوومەت دایمەزراندبوو، دیاری دەکران. جێبەجێکردنی ستانداردی زێڕ تەنیا بەو مانایە بوو، حکوومەت دەبێت لەمەودوا داواکاری قەرزەکانی لەسەر نرخی دیاریکراو بۆ زێڕ بگۆڕێت. ئەم بابەتە لە واقیعدا بەو مانایە نەبوو کە زێڕ پارە بێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە نرخی فەرمی زێڕ لە لایەن حکوومەتەوە جێگیر دەکرا. بەداخەوە ئەم ئەزموونە تا ڕادەیەک کورتەی زێڕ، چەند نەوەیەکی سیاسەتمەدار و ئابووریناسانی بەلاڕێدا برد، چونکە جەوهەری پارەیان لە کاڵا -کانزا بەنرخەکان-دا دەبینی چاوپۆشییان لە کرێدیت و قەرزەکانی دەکرد.

ج. گەڕانەوە بۆ پارە بەبێ پشتیوانی

لە کۆتاییدا بە وازهێنانی سکە کانزایییەکان و تەنانەت سوودوەرگرتن لە یەدەگی زێڕ وەکوو "پاڵپشت"ی پارەی کاغەزی، گەڕاینەوە بۆ بەکارهێنانی پارە "بەتەواوی ڕەمزی". لە سەردەمێکدا بە هۆی بەڕێوەبردنی نالەباری سیستەمی دراوەوە سوودوەرگرتن لە ستانداردی زێڕ خوازراو بوو، هەرچەندە بە لادان لە مێژووی پارەدا دادەنرێت، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانانەی حکوومەتەکان لە ماوەی سەدەی نۆزدە و بیستدا ڕووبەڕووی بوونەوە، وازیان لە زێڕ هێنا و ئیتر نەیانتوانی بۆی بگەڕێنەوە. ئێستە ئێمە بۆ لای سیستەمێکی تەنیا ڕۆنراو لەسەر کرێدیت و قەرز IOU (واتە من قەرزاری تۆم - I owe you)، بۆ دواوە گەڕاینەوە. ئێستە لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا ئەوە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکن کە یەکەی ژمێریاری (پارەی باو) دیاری دەکەن، باجەکان بەپێی ئەو پارە باوە دۆخ و ئامرازەکانی دراوی بڵاو دەکەنەوە کە یەکەکەی بەپێی پارەی باو بۆ پارەدانی دەوڵەتە. کەرتی تایبەت ئەم ئامرازە دراوە بەبێ ترس لەوەی کە حکوومەت لەناکاو لە قەبووڵکردنی باج سەرپێچی بکات و (بەزۆری) بە ترسێکی کەمەوە لەوەی حکوومەت پارەی باو بە کەمکردنەوەی بەهای ڕواڵەتی قەرزەکانی "کەم کرێدیت" بکات، قەبووڵ دەکات. لێرەدا ستانداردی زێڕ نەک هەر پێویست نییە، بەڵکوو ڕێگە لە کارکردی دەوڵەت لە بەرژەوەندی گشتیدا دەگرێت.

کارکردی پارەی حکوومەت (بەبێ پشتگیری) بەکورتی بەم شێوەیەیە: دەوڵەت یەکەی ژمێریاری (دۆلار) دیاری دەکات، پابەندبوونی باج لەسەر بنەمای ئەو یەکەیە دەسەپێنێت (باجی پێنج دۆلار بۆ هەر تاکێک) و بڕیارەکانی "پارەی بەبێ پشتیوانی" خۆی بەپێی ئەوە (پارەی کاغەزەی یەک دۆلاری) دادەنێت. پاشان حکوومەت پابەندبوونەکانی خۆی لە پارەداندا بڵاو دەکاتەوە و لە پێدانی باجدا قەبووڵیان دەکات.

بەرەنجام

هەرچەندە ڕەنگە هەرگیز نەتوانین سەرچاوەی پارە بدۆزینەوە، بەڵام ئەم کورتە مێژووەی پارە چەند خاڵێکی گرینگ دەوروژێنێت. یەکەم: سیستەمی دراوی لە کاڵاکانەوە کە وەک ئامرازی ئاڵوگۆڕکردن بەکار دەهێنران دەستی پێ نەکرد، وردە وردە لە شێوەی کانزا بەنرخەکان، سکە، پارەی کاغەزی و دواجاریش کرێدیتی نووسینگەیی و کۆمپیوتەریی فرەوان بوو. لە لیستی ئامرازەکان دراودا، کرێدیت لە پێش هەموو شتێکەوە دێت، پاشان دراوەکان کە هەرگیز سەروەت و سامانی بێخەوش نەبوون، بەڵکوو هەردەم ئامرازی قەرز بوون، واتە کرێدیت و قەرزەکانی (IOU) کە لەسەر کانزا دەنووسران. بەم شێوەیە وا دیارە گرنگیپێدانی زیاد لە پێویستی ئابووریناسان بە سکە، ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕ و کانزا بەنرخەکان، نابەجێیە. گرینگی بابەتەکە لە قەرزە. دووەم: جگە لە سکەکان، زۆر ئامرازی قەرزی دیکە لە بازاڕەکاندا بەکار دەهێنران و پەسەند بوون. سێیەم: تەنانەت ئەگەر هەر کەسێک بتوانێت ئامرازەکانی قەرز دروست بکات، بەڵام دروستکردنی یەکەیەکی ژمێریاری (زۆربەی کات) مافی پاوانکاری دەسەڵاتداران بووە. بەبێ ئەم یەکە ژمێریارییە هیچ ئامرازێکی قەرز نەیدەتوانی ببێت بە ئامرازی دراوی، چونکە بەپێی یەکەی ژمێریاری گشتی نەدەکرا تۆمار بکرێت، بەڵکوو تەنیا وەک قەرزێکی تایبەت هەژمار دەکرا.

پارە لە بنەڕەتدا کۆمەڵایەتییە و لە ڕێبازە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان پێک دێت، کە پێوەندی چینایەتی و دەسەڵات، چەمکی دروستکراوی کۆمەڵایەتی و شێوەی جیاوازی بەهای کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. پارە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە و تەنیا بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی بازاڕ نەهاتووە. گرینگترین خاڵ ئەوەیە، پارە وەک یەکەیەکی ژمێریاری کار دەکات، تاکوو کرێدیت و قەرزەکان (وەک نرخی بازاڕ) بەپێی ئەو دیاری دەکرێن. ئەم یەکەیە دەبێت کۆمەڵایەتی بێت، واتە پێوەرێکی کۆمەڵایەتی ددانپێدانراو بێت و هەردەم لە لایەن جۆرێک لە دەسەڵاتی ناوەندییەوە هەڵدەبژێردرێت.



-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە عەلی سلیمیان نووسیویەتی و بە ناونیشانی (پول از کجا امد؟)، ٥ی جەنیوەری ٢٠١٥، لە سایتی (ترجمان) بڵاو کراوەتەوە.

•• ئێریک تیمۆین (Eric Tymoigne)، مامۆستای یاریدەدەری ئابوورییە لە کۆلێجی لویس و کلارک، پسپۆڕە لە بوارەکانی پارە و بانک، تیۆری دراو، ئابووریی گەورەی دارایی. کارنامەی لێکۆڵینەوەکانی ئێستەی سروشت و مێژوو و تیۆری پارە لەخۆ دەگرێت؛ دۆزینەوەی لاوازی دارایی کۆی گشتی و کاریگەرییەکانی لەسەر بانکی ناوەندی؛ هەماهەنگی سیاسەتە دارایی و دراوییەکان و شیکاری تیۆری ئابوورییەکانی بەرهەمهێنانی دراو. نوێترین کتێبی لەگەڵ ڕانداڵ ڕەی بە هاوبەشی نووسیویانە، بریتییە لە سەرهەڵدان و دابەزینی سەرمایەداری بەڕێوەبەری پارە: نیو سەدەی مینسکی لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە تا داڕووخانە گەورەکە.

••• ئێڵ. ڕاندال ڕەی (L. Randall Wray)، مامۆستای ئابوورییە لە کۆلێجی بارد. لێکۆڵینەوەکانی ئێستەی لەسەر پێشکەشکردنی ڕەخنەیەک لە تیۆر و سیاسەتی دراوی ئۆرتۆدۆکس و پەرەپێدانی ڕێبازێکی جێگرەوەیە. نوێترین کتێبی ڕەی بریتییە لە بازدانێکی گەورە بۆ پێشەوە: سیاسەتی ئابووریی هێترۆدۆکس بۆ سەدەی بیست و یەکەم، لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.

•••• جۆن کینز (John M. Keynes)، یەکێک بوو لە ئابووریناسە کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم. کارە پێشکەوتووەکانی لە ساڵانی ١٩٣٠دا بووە هۆی پەرەپێدانی شێوازێکی ئابووری تەواو نوێ کە تایبەت بوو بە ئابووریی گەورە. تیۆرییە ئابوورییەکانی بە "کینزیزم" ناسرا، بانگەشەیان بۆ دەستتێوەردانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە خراپی ئابووریی گەورە دەکرد.

[١] هێترۆدۆکسی (Heterodoxy)، (لە یۆنانی کۆن: héteros، "ئەوی تر، یەکێکی تر، جیاواز" و dóxa، "باوەڕی باو")، بە واتای "هەر بۆچوونێک یان باوەڕێک کە جیاواز بێت لەگەڵ هەڵوێستێکی فەرمی یان ئۆرتۆدۆکسی." لەژێر ئەم پێناسەیەدا، هێترۆدۆکسی هاوشێوەی نائۆرتۆدۆکسییە، لە کاتێکدا دەتوانرێت سیفەتی "هێترۆدۆکس" بۆ کەسێکی ناڕازی بەکار بهێنرێت. ئابووریی هێتێرۆدۆکس (Heterodox economics) هەر بیرکردنەوەیەک یان تیۆرێکی ئابووری کە جیاواز بێت لەگەڵ بیرکردنەوەی قوتابخانە ئابوورییە ئۆرتۆدۆکسییەکان، یان لەوانەیە لە دەرەوەی ئابووریی نیوکلاسیکی بێت. ئەمانە پێک دێن لە ئابووریی دامەزراوەیی، گەشەسەندنانە، فێمینیستی، کۆمەڵایەتی، دوای کینیزی (نابێت لەگەڵ کینزی نوێ تێکەڵ بکرێت)، ئیکۆلۆجی، قوتابخانەی نەمسایی، ئاڵۆز، مارکسی، سۆشیالیستی و ئەنارشیستی.

[٢] کرێدیت (Credit)، (بە لاتینی، بە واتای "یەکێک باوەڕ دەکات - one believes") ئەو متمانەیە کە ڕێگە بە لایەنێک دەدات پارە یان سەرچاوە بۆ لایەنێکی تر دابین بکات، لایەنی دووەم دەستبەجێ پاری یەکەم ناداتەوە (بەمەش قەرزێک دروست دەبێت)، بەڵام بەڵێن دەدات ئەو سەرچاوانە (یان ماددەکانی تری بەهای یەکسان) لە ڕۆژێکی دواتردا بگەڕێننەوە. بە واتایەکی تر، کریدت شێوازێکە بۆ ئەوەیە بەفەرمی و لە ڕووی یاسایییەوە بەرابەری جێبەجێ بکرێت و بتوانرێت بۆ کۆمەڵێکی گەورەی کەسانی ناپێوەندیدار درێژ بکرێتەوە. قەرزی بانکی یان قەرز و زیادە وەرگرتن؛ کە بانکەکان بۆ کڕیارەکانیان دابین دەکەن، دەرفەت بە بەرهەمهێنەر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کاتی نێوان بەرهەمهێنان و فرۆشتنی کاڵاکان دەدات. قەرزی بانکی و نابانکی بەشێک لە دابینکردنی پارە پێک دەهێنن و گرینگییەکی ئابووری زۆریان هەیە؛ بۆیە کاتێک نرخەکان بەرز دەبنەوە، حکوومەتەکان ڕوو لە سنووردارکردنی قەرز دەکەن یان بۆ کورتکردنەوەی گەشەی خواست، سیاسەتی بچووککردنەوەی قەرزەکان جێبەجێ دەکەن.

[٣] شێکڵ (Shekel)، (بە زمانی ئەکەدی Siqlu)، دراوێکی کۆنی میزۆپۆتامیایە، بەزۆری لە زیو دروست کراوە. بەکارهێنانی وشەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢١٥٠ پێش زایین لە سەردەمی ئیمپراتۆری ئەکەدی لە سەردەمی نارام-سین، و دواتر لە ساڵی ١٧٠٠ پێش زایین لە کۆدی حەمورابیدا هاتووە. زاراوەی "شێکڵ" بۆ یەکەیەکی کێش بەکارهاتووە، کە نزیکەی ٩.٦ یان ٩.٨ گرامە (٠.٣٤ یان ٠.٣٥ ئۆنس). لە ئەورووپای سەردەمی برۆنزیدا بۆ هاوسەنگی کێشی پارچەی برۆنزی بەکار هاتووە و ڕەنگە وەک پارەش بەکار هاتبێت.

[٤] بوشێڵ (Bushel)، یەکەیەکی پێوانەی بەریتانیایی و ئەمریکایییە بۆ پێوانەکردنی کاڵای وشک. بوشێڵە کۆنەکە یەکسانە بە ٢ کێنینگ، ٤ پێک، یان ٨ گاڵۆنی وشک، و زیاتر بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکار دەهێنرا. لە بەکارهێنانی مۆدێرندا قەبارەکە ناوەکییە، لەگەڵ بوشێڵەکان کە بارستەیەک دیاری دەکەن کە بە شێوەیەکی جیاواز بۆ هەر کاڵایەک پێناسە کراوە. هەروەها ناوی "بوشێڵ" بۆ وەرگێڕانی یەکە هاوشێوەکان لە سیستەمی پێوانەکردنی تردا بەکار دێت. وشەکە لە فەرەنسی کۆن (bossiel - buissiel) وەرگیراوە، بە واتای "سندووقی بچووک" دێت.

[٥] دار حیساب (Tally stick)، لە لایەن بەرپرسانی گەنجینەی حکوومەتەوە وەک بەڵگەی فیزیکی بۆ پارەدان بە پاشا بەکار دەهێنرا، بە هەمان شێوەی پسوڵەیەکی مۆدێرن کاری دەکرد. پارچەکان لە دار فەندۆق دروست کرابوون، هێڵیان لەسەر بوو کە ئاماژەیان بەو بڕە پارانە دەکرد کە دراون؛ دار حیسابەکان بە درێژی دەکرانە دوو پارچەوە، نیوەی (پشکەکە) لە لایەن پارەدەرەوە و نیوەکەی تریش لە لایەن گەنجینەی حکوومەتەوە دەهێڵدرایەوە. کاتێک وردبینی لە حیسابەکان دەکرا، پارچەکان بەیەکەوە دەبەستران بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا ژمارەیان هەیە یان نا. دار حیسابەکان، ئامێرێکی یارمەتیدەری بیرگەی کۆن بوو کە بۆ تۆمارکردن و بەڵگەنامەکردنی ژمارە و بڕ و پەیامەکان، بەتایبەتی لە مامەڵە دارایی و یاسایییەکاندا وەکوو دراو بەکار دەهێنران. 

سەرچاوە:

Éric Tymoigne & L. Randall Wray, "Money: an alternative story", in A HANDBOOK OF ALTERNATIVE MONETARY ECONOMICS, Eds. Philip Arestis & Malcolm Sawyer, Edward Elgar Publishing, 2006