ئیمارات، كۆمەڵێك یاسا پێچەوانەی بنەماكانی شەرعی ئیسلام دەردەكات

جیهان 07/01/2023


ئیمارات.. نموونەی ڕچەشكێنی بۆ داڕشتنی (یاسا نا ئیسلامییەكان)
بابان حەمە 


دەوڵەتی (ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو) دەبێتە رچەشكێنی دەوڵەتە عەرەبییە ئیسلامییەكان، بەتایبەت ئەوانەی كەنداو، لە داڕشتنی ئەو یاسایانەدا كە دەبێتە هۆی دادپەروەریی نێوان ژن و پیاو
نوێترین یاسای كارپێكراوی دەوڵەتی ئیمارات كە ناوی (محەمەد زاید ئال نەهیان) ی سەرۆكی دەوڵەتی ناوبراوی پێوەیە، دەقێكی یاسایی و كارپێكراوەو لەپێناو پاراستنی مافی ئەو هاوڵاتی و بیانییانەی كە ئاینەكەیان ئیسلام نییە دەرچووە و سەرپشك كراون كە بەكاری بهێنن، یاخود یاسا گشتی و باوەكەی دەوڵەتی یەكگرتووی ئیمارات بەكار بهێنن و هەڵبژێرن..
بەمانایەكی دیكە، ئەم دەقە یاساییە، بۆ ئەو بیانییە ناموسوڵمانانەی لە ئیمارات دەژین یاخود، مۆڵەتی مانەوەی كاتی یاخود هەمیشەییان لەو وڵاتەدا هەیە، یاخود بۆ هاوڵاتییە ئیماراتییە ناموسوڵمانەكانە.
ئەم نوسراوە یاساییە فەرمییە، سنوری هەموو ئەو یاساو ڕێسا ئیسلامییە هەڵقوڵاوانەی شەریعەتی ئیسلامی تێپەڕاندووە (كە لە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دا باڵادەست و باوە).. 
دەقی نوسراوە یاساییە هەڵاوێردەكە (الإستثنائیە)، ڕەنگدانەوەی بناغەیەكی تۆكمەو زەمینەسازییەكی كامڵی دیموكراسییە بۆ مافەكانی هەموو ئەوانەی ئاین و ئاینزایان جیاوازە و پەیڕەوكاری ئاین و بیروباوەڕێكی جیاوازن.. بەشێوەیەكیشە، هیچ كێشەو دژگەرییەك بۆ بەند و مادەو یاساو ڕێساكانی دیكەی كە لە شەریعەتی ئاینی ئیسلامەوە هەڵقوڵاوەو یاساكانی تری پێداڕێژراوەتەوە، دروست نەكات.
لە دەقی ئەم نوسراوەدا ئاماژە بەم خاڵانەی لای خوارەوە كراوە:
هەموو ئەو هاوڵاتییە ناموسڵمانانەی ئیمارات، مافی ئەوەیان هەیە كە كار بەناوەڕۆكی ئەم نوسراوە یاساییە بكەن، یاخود سەرپشك بن لەوەی یاسای گشتی و كارپێكراوی دەوڵەتی ئیمارات پەسەند بكەن و هەڵبژێرن و كاری پێبكەن (بە ویستی خۆیان).

خاڵێكی دیكەی ئەم نوسراوە، كە پێچەوانەی گەلێك لە پرەنسیپەكانی شەریعەتی ئیسلامییە، بەتایبەت لە بواری گەواهیدان (شەهادەو شاهیدیی).. كە بەپێی یاسا ئیسلامییەكان شاهیدیی و گەواهیدان ژن كاری پێناكرێت، یاخود دوو شاهیدی ژن ئینجا بەقەد شاهیدی دانی پیاوێك كاریگەریی هەیە، بەڵام بەپێی ئەم یاسایە، گەواهی و شاهیدیدانی ژن و پیاوی وەك یەك یەكسان كردووە.

خاڵێكی دیكەی ئەم نوسراوە یاساییە، مەسەلەی میراتی بۆ ناموسوڵمانەكانی ئیمارات یەكلا كردۆتەوە.. هەموو دەزانین لە یاسا كارپێكراوەكانی زۆرێك لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكان، كار بە (للذكر مثل حظ الأنثیین) دەكرێت، كە پیاو دوو بەرامبەری میراتی ژن دەبات. بەڵام لەم یاسایەدا ژن و پیاو یەكسانن لە مافی میرات و میراتگریی.

خاڵێكی دیكەی ئەو دەقە یاساییە، باس لە مەسەلەی جیابوونەوەی هاوسەران (طلاق) دەكات، كە لەبەشی هەرەزۆری یاسا كارپێكراوەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، مەسەلەی جیابوونەوەی داوەتە دەست پیاو و (تفریق)ی داوەتە دەست ژن (تفریق: بریتییە لە مافی یاسایی بۆ داواكردن لە جیابوونەوەی مێردەكەی).. بەڵام لەم دەقە یاساییەدا، هەردوولا یەكسانن لە مافی جیابوونەوە، واتا (طلاق) یش بەهەمان ئەندازەی پیاو، دراوەتە دەست ژنیش.

خاڵێك دیكەی ئەم نوسراوە، باس لە بابەتی (مافی بەخێوكردن و لەخۆگرتنی منداڵ دەكات) كە بەپێی یاسا باو و كارپێكراوەكان پیشەنگیی دراوەتە ژن بۆ بەخێوكردن و لەخۆگرتنی منداڵ (مەگەر هەندێك مەرج و بارودۆخ ڕەخساو نەبێت).. بەڵام لەم یاسایەدا هاتووە كە پیاو و ژن وەك یەك مافی بەخێوكردن و لەخۆگرتنی منداڵەكانیان بۆ مەیسەر بووەو یەكسانن لەو مافەدا.

لەماوەی ڕابردوودا و جیا لەوڵاتی ئیمارات، عەرەبستانی سعودیش لە بڕیارەكانیدا گۆڕانكاریی تەواو و مۆدێرن بەدی دەكرێت و گرنگی بە مافەكانی ژنان و ئازادییە تاكە كەسییەكان دەدرێت، تەنانەت لە وڵاتی لانكەی ئاینیی ئیسلام دەست بۆ پاكتاوكردنی حەدیسەكانی پێغەمبەری ئیسلام بردراوە!