پووتین و دیدێکی پێداچوونەوەخوازانە بە مێژووی ڕووسیا و ئۆکراینا

جیهان 26/12/2022


ئایزاک چۆتینێر
سێرهی پلۆخی
وەرگێڕان: سۆران جەلیل


لەم ڕۆژانەی داوییدا چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا زیادی کردووە و چاوەڕوان دەکرێت هێرشی بەرفرەوانتری لێ بکەوێتەوە. ڤلادیمێر پووتین بەڕاشکاوی گوتوویەتی بە بڕوای ئەو ئۆکراینا ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە لە ڕووی مێژوویییەوە وڵاتێکی سەربەخۆیە، پووتین لە وتارە تەلەڤزیۆنییەکی ٢١ی فێبریوەری گوتی ئۆکراینای مۆدێرن "بەتەواوی لە لایەن ڕووسیاوە" ڕۆ نراوە. قسەکانی پووتین دوای ئەو هەوڵانەی ڕۆژئاوا دێت، کە دەیانویست دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، ئۆکراینا بکەن بە بەشێک لە جێدەسەڵاتی خۆیان، بەڵام توڕەیی ئەو لە هەر شتێک زیاتر سەرچاوەی لە ناڕازیبوونی لە پڕۆژەیەکی سیاسی وەرگرتووە کە یەکێتیی سۆڤیەت دەستی پێ کرد. پووتین چەند ساڵە باسی ئەوە دەکات کە لینین بە سەربەخۆکردنی ئەم کۆمارانە لە سەرەتای ساڵانی دروستبوونی یەکێتیی سۆڤیەت، بە جۆرێک "بۆمبێکی کاتی" داناوە. وا دیارە پووتین دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، بەڵام نەک بۆ سەردەمی کۆمۆنیزمی شوورەوی، بەڵکوو بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری ڕووسیا.

لەم ڕۆژانە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پێوەندیمان بە سێرهی پلۆخی، ئوستادی مێژووی ئۆکراینا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە زانکۆی هارڤارد، کرد. سەبارەت بە کۆمەڵێ پرس قسەمان کرد. لەم چاوپێکەوتنەدا باس لە: ترسی لەمێژینەی ڕووسیا لە زمان و شوناسی ئۆکراینی، کاردانەوەی ئۆکراینییەکان لە بەرانبەر هێرشی ڕووسیا و شرۆڤەی قسەکانی پووتین بۆ تێگەیشتنی پێوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە کراوە.

ئایزاک چۆتینێر: بە ڕای ئێوە پێشینەی ئەوەی ئەمڕۆ بە شوناسی ئۆکراینی دەزانین دەگەڕێتەوە بۆ چ سەردەمێک؟

سێرهی پلۆخی: وەڵامی پرسیاری ئێوە پێوەندی بەوەوە هەیە کە مەبەستان کام نوێنەری ئەم شوناسەیە، دەبێت بڵێین لە سەرەتاوە ئەم شوناسە بوونی هەبوو. ئەگەر مەبەستان ئایینە، دەبێت بڵێین مێژووی ئەم شوناسە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار ساڵ پێش، بەڵام یەکەمین پڕۆژەی سیاسیی ئۆکراینی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەوە سەری هەڵداوە، بابەتێک کە لەبارەی نەتەوەکانی دیکەشەوە ڕاستە. کێشەی ئۆکراینا ئەمە بوو کە لە نێوان دوو زلهێز دابەش بووبوو: ئیمپراتۆری نەمساو و ئیمپراتۆری ڕووسیا، لەو دەستپێکەوە، تێدەگەین زمانی ئەدەبی ئۆکراینی، هەڕەشە لەسەر یەکێتی ئەم ئیمپراتۆرە دروست دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە، لە دەیەی ١٨٦٠ بڵاوکردنەوەی نووسین بە زمانی ئۆکراینی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ قەدەغە کرا، قەدەغەکردنێک کە ڕێگەی لە بەرەوەپێشچوون و فرەوانبوونی ئەم زمانە ئەدەبییە گرت. ئەم بابەتە، سەرەڕای دابەشکردنی ئۆکراینا لە نێوان دوو ئیمپراتۆر، یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە بۆیە هۆی ئەوەی لە گەرمەی جەنگی یەکەمی جیهانی و شۆڕشدا، لە زەمانێک کە بەشێک لە نەتەوەکانی دیکە توانییان سەربەخۆیی بەدەست بهێنن، کەچی ئەمان نەیانتوانی. ئۆکراینییەکان هەوڵیان دا بە سەربەخۆیی بگەن، بەڵام سەرەنجام شکستیان هێنا.

ئایزاک چۆتینێر: بۆچی ڕووسیا تا ئەم ڕادەیە هەست بە مەترسی لە شوناسی ئۆکراینی، بەتایبەتی زمانی ئۆکراینی، دەکات؟

سێرهی پلۆخی: لەو کاتەدا، ڕووسەکان چاودێری گۆڕانکارییەکانی ئەورووپا بەتایبەتی فەرەنسایان دەکرد. لە فەرەنسا ئەم بیرۆکەیە هەبوو کە دەبێت لەسەر بنەمای زار یان زمانە جۆراوجۆرەکان زمانێکی یەکگرتوو دروست بکرێت، بیرۆکەیەک کە لەو کاتەدا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ یەکێتیی وڵات هەبوو. ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە و تەنیا ڕووسیا ناگرێتەوە. ئەوەی تایبەتە و بێ دوودڵی پێوەندی بە بارودۆخی ئەمڕۆوە هەیە، ئەم تێڕوانینەیە کە نەتەوەیەکی گەورەی ڕووس یان سڵاڤ بوونی هەیە هەرچەندە لە قەبیلەی جۆراوجۆر پێک هاتبێت، بەڵام لە بنچینەدا یەک نەتەوەن. کاتێک ڤلادیمێر پووتین دەڵێت ئۆکراینا بە ناونیشانی وڵاتێکی سەربەخۆ هیچ مەشرووعییەتی نییە، ئاماژە بە مۆدێلی ئۆکراینا لە سەدەی نۆزدە و تا سەرەتاکانی سەدەی بیست دەکات. ئەم پاڕادایمە پێوەندی بە ڕووداوەکانی ئەمڕۆوە هەیە.

ئایزاک چۆتینێر: ئێوە لەم دواییانەدا نووسیتان، کە "یەکێتیی جەماوەری شوورەوی لە ساڵی ١٩٢٢-١٩٩٢٣، وەکوو وڵاتێکی نیمچە فیدڕاڵ، نەک وڵاتێکی ناوەندی پێک هات، ڕێک بە بۆنەی ئەم هۆکارەوەیە کە توانی ئۆکراینا و جۆرجیا، دوو کۆماری سەربەخۆخواز، لە خۆیدا جێ بکاتەوە." دەکرێت لەبارەی ئەم بابەتەوە زیاتر قسە بکەیت؟

سێرهی پلۆخی: دەزانین بۆڵشەڤیکەکان ئیدارەی زۆربەی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆری ڕووسیایان بەدەستەوە بوو. هۆکاری سەرکەوتنیان ئەوە بوو کە بەلایەنی کەمەوە لە ڕووکەشدا بە شێوەی دەستوور و یاسا، بەفەرمی سەربەخۆیی کۆمارە جیاوازەکانی ناو یەکێتییەکەی ناساند. تا ساڵی ١٩٢٢، ئۆکراینا بۆ ماوەیەکی کەم وڵاتێکی سەربەخۆ بوو. لەو ساڵەدا، کاتێک بۆڵشەڤیکەکان "پەیمانی ڕاپاڵۆ"یان[١]لەگەڵ ئەڵمانیا ئیمزا کرد، ئۆکراینییەکان ناڕەزایییان دەربڕیی و گوتیان بە چ حەقێک نوێنەرانی فیدراسیۆنی ڕووسیا لە جیاتی ئەمانیش پەیماننامەکەیان ئیمزا کردووە. بۆڵشەڤیکەکان تێگەیشتن کە دەبێت شتێک بکرێت و بەپێی ئەم تێڕوانینەش دەستیان بە گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی وڵاتێکی یەکگرتوو کرد. ستالین دەیویست یەکێتییەکە لەگەڵ کۆمارە جیاوازەکان بێت کە بە بۆڵشەڤیکەکانەوە دەلکێنەوە، بەڵام لینین پشتیوانی لە ئۆکراینی و جۆرجییەکان دەکرد کە پێچەوانەی تێڕوانینی ستالین بوو، ئەو دەیگوت دەبێت یەک "دەوڵەتی یەکگرتوو"[٢] دروست بکرێت، چونکە خەریکی شۆڕشێکی جیهانی بوو.

ئایزاک چۆتینێر: دەکرێت کەمێک زیاتر ڕوونکردنەوە لەبارەی "دەوڵەتی یەکگرتوو" بدەیت؟

سێرهی پلۆخی: بە شێوەیەکی فەرمی، یەکێتیی جەماوەریی شوورەوی لەسەر بنەمای یەکسانی کۆمارەکان، لە ڕووسیای گەورەوە تا ئیستۆنیای بچووک، دروست کرابوو. هۆکاری ڕازیبوون بەم یارییانە لەسەر سەربەخۆیی ئەوە بوو کە کۆمارەکان سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندبوو یان شەڕیان بۆ سەربەخۆیی کردبوو، بەڵام بۆڵشەڤیکەکان لەگەڵ قەبووڵکردنی بەشێک لە ویستە نەتەوەیی و کولتوورییەکان، لەناویاندا ئازادکردنی مافی زمانەکان، دەسەڵاتیان گرتە دەست.

ئایزاک چۆتینێر: دوای مردنی لینین و بە دەسەڵاتگەیشتنی ستالین چۆن گۆڕانکاری بەسەر پێوەندی ئۆکراینا و ڕووسیادا هات؟

سێرهی پلۆخی: دوای مردنی لینین بارودۆخ گۆڕانکاری بەسەردا نەهات، چونکە ستالین بەردەوامی بە سیاسەتەکانی لینین دا. ئەو شەڕی بۆ جێگرتنی ئۆکراینییەکان و ئەوانی تر کرد و پەرەی بە زمان و کولتووری نەتەوەیییان دا. جۆرجییەکان بە زمانی جۆرجی و ئەرمەنییەکان بە زمانی ئەرمەنی قسەیان دەکرد، بەڵام ئامانج لەم کارە ئەوە بوو کە باوەڕ و پڕۆژەی کۆمۆنیستییان پێ قەبووڵ بکەن.

دواتر لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٣٠، ستالین دەستی بە گۆڕینی ڕەوشەکە کرد. بەهێواشی دووبارە گرینگی بە زمان و کولتووری ڕووسی درایەوە، شتێک کە تا ئەو کاتە لەسەر سەردەمی ئیمپراتۆری هەژمار دەکرا، بەڵام تەنانەت لەو کاتەشدا، هەرچەندە پەرەیان بە زمانەکانی نەدەدا، بەڵام سەرکوتشیان نەدەکردن. قاتوقڕی ساڵانی ١٩٣٢-١٩٣٣ ئۆکراینا لە زۆر لایەنەوە خاڵی وەرچەرخان بوو، چونکە تەنیا دانەوێڵەیان لەناو نەبرد، بەڵکوو زمانی ئۆکراینیشیان سەرکوت کرد.

ستالین بە دەرکردنی فەرمانێک لە ساڵی ١٩٣٢، پشتیوانی لە فێرکردنی زمانی ئۆکراینی بە ئۆکراینییەکانی دەرەوەی ئۆکراینا، چ لە ڕووسیا و شوێنەکانی دیکە، ڕاگرت. فێرکردنی زمانی ئۆکراینی یان بڵاوکردنەوەی بەرهەم بەم زمانە لە دەرەوەی کۆماری سۆسیالیستی شوورەوی ئۆکراینا ڕاگیرا. لە ناوخۆش سیاسەتێکی توندتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە کولتوورییەکانی ئۆکراینا دەرکرا. ئامانج لەم کارە ڕێگریکردن بوو لە جووڵانەوەی نەتەوەیی ئۆکراینی. سەرەڕای ئەمەش، دەستیان بە ئازار و ئەزیەتدانی کەسایەتی گرینگی حیزبی کۆمۆنیستی ئۆکراینی و نووسەران کرد، بە لایەنی کەمەوە دوو کەس لەوانە لە ساڵی ١٩٣٣ خۆیان کوشت. بابەتەکە تەنیا قاتوقڕی نەبوو، بەڵکوو لەوە زیاتر بوو. ڕافائیل لیمکین، دانەری وشەی جینۆساید، گوتوویەتی کە کۆمەڵکۆژی تەنیا بریتی نەبوو لە قاتوقڕی لە ئۆکراینا، بەڵکوو ئەم هێرشە زیاتر ناوەندەکانی زمان و کولتووری بە ئامانج دەگرت.

ئایزاک چۆتینێر: با باسی ئەو کاتە بکەین کە ئۆکراینا سەربەخۆ بوو. لەبارەی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩١ و سەرەتای ساڵانی سەربەخۆیی ئۆکراینا چ بۆچوونێکت هەیە؟

سێرهی پلۆخی: لە نێوان ئەو سەردەمە و ساڵانی ١٩١٧-١٩١٨، جیاوازی بەرچاو هەبوون. لە سەرەتاکاندا، لە بنەڕەتدا باوەڕی نەتەوەی ئۆکراینی و شۆڕشی ئۆکراینی پێوەندی بە هۆزەوە هەبوو، ئەگەرچی کەمینەی دیکەی وەکوو ڕووس و پۆڵەندی لەوێ بوونیان هەبوو و زۆربەی ئەوانە بە بەدگومانیییەوە لە بیروڕای سەربەخۆیییان دەڕوانی، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١، باوەڕی نەتەوە و پێوەندیشی لەگەڵ زمان و کولتوور گۆڕانی بەسەرا هاتبوو. لە دیسەمبەری ١٩٩١ زیاتر لە سەددا ٩٠ خەڵک پشتیوانییان لە سەربەخۆیی دەکرد. نەتەوە و زمان گرینگ بوو، بەڵام گرینگی لاوەکییان هەبوو. لە هەموو ناوچەکانی ئۆکراینا زۆربەی خەڵک پشتیوانییان لە سەربەخۆیی دەکرد.

ئایزاک چۆتینێر: دیارە لە ڕووی زمانەوە، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئۆکراینا جیاوازییان لەگەڵ یەکدا هەیە. چ جیاوازییەکی زمانی دیکە لە نێوان ئۆکراینییەکان هەیە؟

سێرهی پلۆخی: لە ڕوانگەی مێژووەوە، زمانی ئۆکراینی لە گوندەکان برەوی پەیدا کردبوو. سەدەی بیستەم مۆدێرنە و شارنشینی لەگەڵ خۆیدا هێنا و لە ئەنجامدا جووتیارەکان لە شارەکان تێکەڵاویییان لەگەڵ زمانی ڕووسی پەیدا کرد. ژمارەیەکی زۆری خەڵک زمانی ئۆکراینییان بە زمانی خۆیان دەزانی و شوناسی ئۆکراینییان هەبوو، بەڵام بە ڕووسی قسەیان دەکرد.

ئایزاک چۆتینێر: پێم وایە ئەمڕۆ بارودۆخ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبێت، مەبەستم ئەو زمانەیە کە خەڵکی شارە گەورەکان قسەی پێ دەکەن.

سێرهی پلۆخی: ئەمە بەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی هەشت ساڵی ڕابردووە. ڕەنگە پێشتر هەندێک شت ڕوویان دابێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەم بابەتە بە جۆرێک کاردانەوەی جەنگێکە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێ کرد. ڕووسەکان بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەڵێن ئێمە هاتووین تا ئێوە لە سەرکوتی کولتووریی و زوڵم و ستەمەکانی دیکە ڕزگار بکەین، ئێوە بە ڕووسی قسە دەکەن، کەواتە؛ دەبێت وەفاتان بۆ مۆسکۆ هەبێت. لە زۆربەی شارە گەورەکان، لاوەکان و بەتایبەتی خوێندکاران، هۆشیارانە بڕیاریان دا لە جیاتی ڕووسی بە ئۆکراینی قسە بکەن. بۆ ئەوانەی لە منداڵییەوە فێری دوو زمان بوون، ئەم گواستنەوەیە ئاسان بوو. دایک و باوکانیش منداڵەکانیان لەو قوتابخانانە ناونووس دەکرد کە دەرسیان بە زمانی ئۆکراینی تێدا دەگوترایەوە.

ئایزاک چۆتینێر: وتارەکەی ٢١ی فێبریوەری پووتین چ یەکگرییەکی لەگەڵ ئەم قسانەی کردت هەیە؟

سێرهی پلۆخی: بەتەواوی لەگەڵ قسەکانی مندا دێتەوە، چونکە ئەو لەم وتارەیدا سیاسەتەکانی سەردەمی شوورەوی ڕەد دایەوە. ئەو سووچی هەموو شتێک، تەنانەت دروستکردنی ئۆکرایناشی خستە ئەستۆی یەکێتیی سۆڤیەت. قسەکانی ئەو نیشاندەری تێگەیشتنی شوناسی ڕووسی بوو لە پێش شۆڕش. تێڕوانینی پووتین بۆ نەتەوەی ڕووسی هەمان تێڕوانینی سەردەمی ئیمپراتۆری ڕووسیایە، چونکە ئۆکراینی و بیلاڕووسەکانیش بە بەشێک لەم نەتەوەیە دادەنێت. لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە، ئەم دوو گرووپە مافی خۆیانە کە وەکوو دوو نەتەوەی سەربەخۆ بوونیان هەبێت. ڕەوشی ئێستە وەکوو ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەیە کە دەسڵاتدارانی ئیمپراتۆری ڕووسیا هەوڵیان دەدا ڕێگە لە گەشەسەندن و فرەوانبوونی زمان و کولتووری ئۆکراینی بگرن.

ئایزاک چۆتینێر: ئایا ئەم بیرۆکەیە بۆ بەشێکی زۆر لە ئۆکراینییەکان، سەرنج ڕاکێشە کە شوناسی ئۆکراینی بەشێک بووە لە ئیمپراتۆری ڕووسیا؟

سێرهی پلۆخی: بێگومان ئەم تێڕوانینە لە ساڵی ٢٠١٤ لە کریمە قەبووڵکراو بوو. زۆربەی خەڵکی ئەوێ بە ڕەگەز ڕووسین. ئەم بۆچوونە لە نێوان بەشێک لە خەڵکی دۆنباسیش لایەنگری پەیدا کردبوو. هەڵبەتە لەوێ خەڵک لەگەڵ پاوانکردنی شوناس نەبوون و دەیان گوت بەڵێ، ڕەنگە ئێمە ئۆکراینی بین، بەڵام ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت.

ئایزاک چۆتینێر: ئایا هەست دەکەیت لە ڕووسیا، تەنانەت لەناو ئەو کەسانەی کە لایەنگری پووتین نیین، جۆرێک نیشتمانپەرستی ڕاستگەرایانە لەبارەی کێشەی ئۆکراینەوە بوونی هەبێت؟

سێرهی پلۆخی: لەبارەی ڕووسیبوونی کریمە هەستێکی توند بوونی هەبوو. دوای داگیرکردنی کریمە خۆشویستنی پووتین زیاتر بوو، بەڵام پێم وایە لەبارەی بەشەکانی دیکەی ئۆکراینا لێڵییەکی زیاتر بوونی هەیە. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ، خەڵکی ڕووسیا و ئۆکراینا زیاتر لە یەکتر دوور کەوتوونەتەوە. من کۆمەڵناس نییم، بەڵام هەست دەکەم حیکایەتەکانی ڕووسیا بۆ مێژووی ئۆکراینا بەرەو ئاوابوونە. مێژووی ڕووسیا لەگەڵ کییڤ دەست پێ دەکات. ئەمە لە قوتابخانە فێری دەبیت. ئەم شتانە لە کتێبەکاندا هەیە، بەڵام واقعییەت ئەم ئەفسانە مێژوویییانە کێشەدار دەکات.

ئایزاک چۆتینێر: لە قسەکانتدا وا دیارە، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ، ئیتر ڕووسەکان بە ڕادەی پێشوو هەردوولا بە خاوەن یەک وڵات نازانن.

سێرهی پلۆخی: بەڵێ، مەبەستم ئەمەیە. ئەگەر پووتین بەردەوام بێت لە قسەکردن لەبارەی فاشیستی و ئەو جۆرە شتانە، هاوکاریی بە هەستی یەکگرتوویی ناکات. دەزگەی پڕوپاگەندەی ڕووسیا، ئۆپۆزسیۆنە ئۆکراینییەکانی بە نەتەوەپەرستی توندڕۆ دادەنێت. کاتێک ئەم جۆرە تێڕوانینەت بۆ هاووڵاتییانی وڵاتێک هەبێت، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە کۆمەک بە ئارگۆمێنتی برایەتی و یەکێتی ناکات.

ئایزاک چۆتینێر: ئەگەر پووتین هێرش بکاتە سەر سەرانسەری ئۆکراینا، بە بۆچوونتان تا چەند ڕووبەڕووی بەرگری دەبێتەوە؟ پێتوایە سەرکوتکردنی ئۆکراینییەکانتەنانەت دوای شکستی سەربازیش دژوار دەبێت؟

سێرهی پلۆخی: بەڵێ، هەستێکی وام هەیە. ئەم بابەتە لە هەر ناوچەیەک بە جۆرێک دەبێت. ڕەنگە پووتین هەرگیز هێرش نەکاتە سەر ڕۆژئاوای ئۆکراینا. پێم وایە بەرگری لە ناوەندی ئۆکراینا تا ئەوپەڕی توند دەبێت. جەنگی ساڵی ٢٠١٤، نەک تەنیا ناسنامەی ئۆکراینای بەهێز کرد و پێوەندی ئۆکراینییەکانی لەگەڵ کولتووری خۆیان زیاتر کرد، بەڵکوو گرووپی زۆر لە خەڵک دەستیان دایە چەک و بەرگرییان لە وڵاتی خۆیان کرد. هەزاران کەس ڕاهێنانی سەربازییان پێ کراوە و دەیانەوێت شەڕ بکەن، چ کاتێک و چۆن نازانم، بەڵام دڵنیام بەرگری دەکەن.

ئایزاک چۆتینێر: لەبارەی هەڵسوکەوتی زیلێنسکییەوە چی دەڵێیت؟

سێرهی پلۆخی: بۆ ماوەیەکی زۆر شایەدی جۆرێک لە حاشاکردن بووین. بەتەواوی نازانم هۆکارەکەی چی بوو، بەڵام ئەو وەکوو کۆمەڵگەی ئۆکراینی بوو، خەڵک جەنگیان نە دەویست، ئامادەی جەنگ نەبوون و نەیاندەویست بیر لە جەنگ بکەنەوە. هیوادار بوون کە ئێستە هەموو باس لە پووتین دەکەن، نەوێرێت کارێکی وا بکات. لە دوو هەفتەی ڕابردوو ئەو هەستەیان بۆ دروست بوو مەترسی جەنگ واقعییە، بەم هۆکارە بوو بۆچوونی زیلێنسکیش گۆڕانی بەسەردا هات.

-------------------------------------------------------------

• ئەم چاوپێکەوتنە ئایزاک چۆتینێر، لەگەڵ سێرهی پلۆخی سازی داوە، عیرفان سابتی لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە و بە ناونیشانی (چرا نگاه پوتین به تاریخ اوکراین و روسیه تجدیدنظرطلبانه است؟)، ٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٢، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

•• سێرهی پلۆخی (Serhii Plokhy)، ئوستادی مێژووی ئۆکراینایە لە زانکۆی هارڤارد و سەرۆکی ناوەندیی تووێژینەوەی ئۆکراینایە لە هەمان زانکۆ. خاوەنی چەندان کتێبە لەوانە؛ دوایین ئیمپراتۆر، دوایین ساتەکانی یەکێتیی سۆڤیەت (٢٠١٥)، دەسەڵاتی لەدەستچوو، مێژووی ناسیۆنالیزمی ڕووسی لە ئیڤانی سێیەمەوە تا ڤلادیمێر پووتین (٢٠١٧)، دەروازەکانی ئەورووپا، مێژووی ئۆکراینا و ئەورووپا (٢٠٢١) و دوایین کتێبشی، ئەتۆم و خوڵەمێش، مێژووی جیهانی کارەساتە ئەتۆمییەکان (٢٠٢٢).

* پێداچوونەوەخوازانە، تجدیدنظرطلبانه (Revisionist)، پێداچوونەوەگەریی، پێداچوونەوەگەرانە، چاوخشاندنەوە، گۆڕانکاریی لە بنەما سەرەتایییەکانیمەرامی حیزبی بەتایبەتی لە بنەما بنەڕەتییەکانیمارکسیزمدا.

[١] پەیمانی ڕاپاڵۆ (Treaty of Rapallo)، لە ١٦یئەپڕیلی ١٩٢٢لە نێوان ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت، لە ڕاپاڵۆی ئیتاڵیا لە پەراوێزی کۆنفرانسی جێنەوا ئیمزا کرا. ڕێککەوتنێک لەنێوان واڵتەر ڕایتەنۆی ئەڵمانی وگورگی چیچیرینی ڕووسی لەسەر ئاساییکردنەوەی پێوەندی نێوان هەردوو وڵات مۆر کرا. لەم ڕێککەوتنەدا ئەو بانگەشانەی کەلە ڕێککەوتننامەی بریست لیتۆڤیسک وپەیماننامەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی دەیان کرد، لەبەرچاو نەگیرا و دەستیان بە یارمەتیدانی یەکتر لە بواری سەربازیی و ئابووری کردەوە.

[٢] دەوڵەتی یەکگرتوو (Union State)، کە بەدەوڵەتی یەکگرتووی ڕووسیا و بیلاڕووسیش ناو دەبرێت، پێک هاتووە لە یەکێتیی نێوان ڕووسیا و بیلاڕووس، لە ٨ی دیسەمبەری ١٩٩٩ دروست کرا. لە سەرەتادا ئەم یەکێتییە بە ئامانجی یەکێتیی نێوان هەردوو وڵات لە بواری سیاسەتی ئابووری و بەرگری دامەزرا، بەڵام دواتر لە کۆنفرانسێکدا گۆڕا بە یەکێتییەکی سیاسی. لەگەڵ ئەمەشدا، هەردوو وڵات سەربەخۆیی خۆیانیان پاراستووە. ئەم یەکێتییە لەسەر بنەمای پەیمانی نێودەڵەتی کە لە ساڵی ١٩٩٧ ئیمزا کرا، ڕۆ نراوە. ئەگەرچی ئەم هاوپەیمانیەتییە لە ڕووسیا و بیلاڕووس پێک دێت، وڵاتانی دیکەش ڕێگەی چوونەناو ئەم یەکێتییەیان هەیە. ئامانجی هەنووکەیی دەوڵەتی یەکگرتوو، زیاتر پێداگریی لەسەر یەکپارچەیی ئابووری، باج، دەزگەی بەرگری و هەواڵگری دەکات.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Isaac Chotiner, ‘Vladimir Putin’s Revisionist History of Russia and Ukraine’, The New Yorker, 23 February 2022