جەنگی ئۆکراینا و ئایندەی جیهان

جیهان 12/12/2022


ئان ئەپڵباوم
تیمۆسی سنایدەر
یوڤاڵ نووح هەراری

ئان ئەپڵباوم، نووسەر لە بڵاوکراوەی ئەتڵانتیک و ئەندامی ڕێکخراوی ئاگۆرا، چاوپێکەوتنێکی ئۆنلاینی لەگەڵ هەریەک لە تیمۆسی سنایدەر، ئوستادی مێژوو لە زانکۆی یێڵ و یوڤاڵ نووح هەراری، ئوستادی مێژوو لە زانکۆی عیبری ئورشەلیم لەبارەی پێگەی ئۆکراینا لە مێژووی جیهان و ئەورووپا، گرینگی و مانای هێرشی ڕووسیا بۆ ئەورووپایی، ئەمریکایییەکان و هەموو خەڵکی جیهان ساز داوە.

ئان ئەپڵباوم: ئەمڕۆ لەگەڵ تیمۆسی سنایدەر و یوڤاڵ نووح هەراری گفتوگۆ دەکەین. بابەتی گفتوگۆکەمان زۆر گرینگە. لەبارەی ئۆکرایناوە قسە دەکەین، نەک تەنیا لەبارەی هێرشەکان و ئەو وێرانییەی کە لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە دەیبینین، بەڵکوو لەبارەی پێگەی ئۆکراینا لە مێژووی جیهان و ئەورووپا و واتای ئەم هێرشە بۆ ئەورووپایی، ئەمریکایی و هەموو خەڵکی جیهان قسە دەکەین.

تیمۆسی سنایدەر یەکێکە لەو پسپۆڕانەی کە شارەزایییەکی باشی لەبارەی ئۆکراینا و مێژووی ئۆکراینا هەیە. ئەو کتێبێکی بە ناوی سەرزەمینە خوێناویییەکان هەیە، ڕاستییەکەی یەکێک لەو کتێبانە بوو کە زۆر یارمەتی ئێمەی دا تاکوو لە ڕۆڵی ئۆکراینا و گرینگییەکەی لە جەنگی دووەمی جیهانی تێبگەین و نیشانی دا ئەم وڵاتە یەکێک لە سەرەکیترین توخمەکان لە ململانێی نێوان نازی و شوورەوی بووە. سنایدەر کۆمەڵێک بابەتی لەسەر ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤هەیە. یوڤاڵ نووح هەراری مێژوونووسی هەموو شتێکە! ئەو مێژوونووسێکی دیاری جۆری مرۆڤە و لەم دوایییەشدا لەبارەی گرینگی ئەم جەنگەوە نووسیویەتی و ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی دەمان گەڕێنێتەوە دواوە و چۆن زیان بە دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی دەگەیەنێت و لاوازیان دەکات.

سەرەتا لەگەڵ تیمۆسی دەست بە گفتوگۆیەکە دەکەین.

ئایا دەتوانیت لەبارەی گرینگی ئۆکراینا لە مێژووی ئەورووپا قسەمان بۆ بکەیت؟ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاتێک لە تەلەڤزیۆن یان کۆبوونەوەکاندا لەبارەی ئۆکرایناوە قسەم دەکرد زۆر جار تێدەگەیشتم، خەڵک زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی مێژووی ئۆکرایناوە نییە. بۆچی ئەوان ئاشنایییان لەگەڵ ئۆکراینا و ڕۆڵی تایبەتی ئەوان لە مێژووی ئەورووپادا نییە؟

تیمۆسی سنایدەر: زۆر باشە. ئۆکراینا وڵاتێکی ئەورووپایی تایبەتە. ئۆکراینا خاوەن قۆناغێکی سەدەکانی ناوەڕاستە کە دەتوانین تایبەتمەندی سەرنج ڕاکێشی سەدەکانی ناوەڕاستی تێدا ببینین. گۆڕانی ئایین بە مەسیحی تێیدا ڕووی دا، بەڵام خاڵی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە بەربژێری ئیسلام و جوو و مەزهەبە جیاوازەکانی مەسیحیش بەهێند وەردەگیران. ئەو کەسانەی ئایینیی خۆیان گۆڕی ڤایکینگەکان بوون یان ئەوانەی بە ڕەچەڵەک ڤایکینگ بوون. بابەتێک کە لە مێژووی ئەورووپادا زۆر باو بوو، بەڵام ڕەنگە هۆکاری جیاوازی ئەمە ئەوە بێت کە ئەم ڤایکینگانە لە مەودایەکی زۆر دوورەوە لە شوێنە بنچینەیییەکانی خۆیانەوە دەستیان بە دامەزراندنی دەوڵەت کرد. مێژووی سەرەتای قۆناغی نوێی ئۆکرایناش زۆر سەرنج ڕاکێشە. ئەم وڵاتە ئەزموونی ڕێنێسانس و چاکسازی ئایینیی هەیە، بەڵام لە ڕێنێسانسدا پرسی زمان زۆر جێی باس بوو، بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی ئەورووپاوە کە تەنیا یەک پرسی زمانییان هەبوو و لە چاکسازی ئایینییش هەم بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی ئەورووپاوە، بەربژێری ئایینیی فرە بوونی هەبوو. قۆناغی مۆدێرنی ئۆکرایناش زۆر تایبەتە.

لە سەدەی نۆزدە، لە قەڵەمڕەوی هەنووکەیی ئۆکراینا، لە باکووری دەریای ڕەش، بزووتنەوەیەکی نەتەوەخوازی بوونی هەبوو کە بە توندترین شێوە لە لایەن ئیمپراتۆری ڕووسیاوە سەرکوت کرا. لەگەڵ گرینگبوونی نەمسا لە سەدەی بیست، ئۆکراینا هۆگری بەرەو ئەو وڵاتە پەیدا کرد. لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی نەتەوەیی لە ئۆکراینا دەستی پێ کرد، بەڵام شکستی هێنا و هۆکارەکەشی سەرکەوتنی شۆڕشی ڕووسیا و دامەزراندنی یەکێتیی جەماوەریی شوورەوی بوو. یەکێتیی سۆڤیەت بەتەواوی دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕانە نەبوو، بەڵکوو دابەشبوونی نەتەوەیی و یەکەی فیدڕاڵی هەبوو کە یەکێک لەوانە ئۆکراینا بوو.

لە سەدەی بیستدا، ئۆکراینا ناوەندیی سەرنج ڕاکێشانی خولیای تۆتالیتاریزمی زۆر لایەن بوو. ستالین ئومێدەوار بوو بە چەوساندنەوەی ئۆکراینا، یەکێتیی سۆڤیەت بەدی بهێنێت و هیتلەر دەیویست لە ڕێگەی ئۆکرایناوە ئیمپراتۆری ئەڵمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دابمەزرێنێت. ئەمە بەو واتایە بوو کە لە سەردەمی تۆتالیتاریزمی مێژووی ئەورووپا، واتە؛ کاتێک کە ستالین و هیتلەر لە دەسەڵات بوون (١٩٣٣-١٩٤٥)، ئۆکراینا مەترسیدارترین شوێن بوو.

لە کاتی هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، ئۆکراینا وڵاتێکی سەربەخۆ بوو و زۆربەی دانیشتوانی ئۆکراینا و کەسانێک لەپێناویدا دەجەنگێن پێوەندییان بەو سەردەمەوە هەیە. لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠١٤ خەڵکی ئۆکراینا ڕاپەڕین، تاکوو ڕێگە نەدەن یەکێک لە ئۆلیگارشییەکان کە لە لایەن ڕووسیاوە پشتیوانی لێ دەکرا، دەوڵەت و ئایندەیان لاواز بکات. ئەم ئەزموونەیە ڕوونی دەکاتەوە؛ چۆن تەنانەت ئەگەر ئێمە نەزانین ئۆکراینییەکان کێن، ئەوان خۆیان باش دەزانن کە کێن.

ئان ئەپڵباوم: لایەنی سەرنج ڕاکێشی ئۆکراینیبوون بۆ من ئەمەیە کە لە واقیعدا شوناسێکە کە ڕۆحییەی شۆڕش لە بەرانبەر سیستەمێکی جێگر پێک هێناوە، ئەم سیستەمە جێگرە سەرەتا ئەرستۆکراسی و ئیمپراتۆری تزاری بوو، پاشان ئیمپراتۆری یەکێتیی سۆڤیەت و لە دواییشدا بیرۆکەی دیکتاتۆریی ستەمکاری دزسالاری (Kleptocracy)*. یەکێک لە خاڵە ناوازەکان لەبارەی ئۆکرایناوە ئەوەیە کە شوناسی نەتەوەیی، پێناسەی ئەوەی ئێمە کێین، ئێستە لەگەڵ بیروڕای دیموکراسی تیکەڵاو بووە: ئێمە ئۆکراینین، چونکە دیموکراسیمان دەوێت و پێوەندیمان بە ڕۆژئاواوە و ئەو شارستانییەتەوە هەیە. بە بۆنەی ئەم هۆکارەوەیە کە ئۆکراینییەکان لەگەڵ ڕووسیا خەریکی جەنگن، چونکە ڕاستییەکەی ئەوان لەگەڵ خەڵکی ڕووسیا ناجەنگن، بەڵکوو وابەستەیییان لەگەڵ خەڵکی ڕووسیا هەیە، بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن و توخمی زۆریان لە کولتووری ڕووسیاوە وەرگرتووە؛ ئەوان لەگەڵ پووتینی ستەمکار دەجەنگێن و دژی پێکهاتەی ڕژێمی سیاسیی ڕووسیان.

بە بۆچوونی من، خاڵێکی دیکەی سەرنج ڕاکێش لەبارەی ئۆکراینییەکانەوە ئەوەیە کە بێ ئەوەی هیچ کەس شتێکیان لەبارەی جیاوازی نێوان ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی مەدەنییەوە پێ بڵێت، خۆیان پێکهاتەیەکیان لە ناسیۆنالیزمی مەدەنی هەڵبژاردووە. بە تێڕوانینێکی دیکە، ئەگەر وا بیر دەکەیتەوە کە ئۆکراینیت، وەکوو ئۆکراینی دادەنرێت و گرینگ نییە زمانتان ڕووسی یان ئۆکراینییە. دەتوانیت ئۆکراینی جوو بیت، سەرۆک کۆماری وڵات جووە. تا کاتێک کە بتەوێت لەم بەرنامە نەتەوەیییە بەشداری بکەیت ئێوە سەر بە "ئێمە"ن، نە بەو واتایەی کە تۆ ئەندامی قەبیلەیەکی تایبەتیت، بەڵکوو بەو واتایەی کە وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگەی ئۆکراینی لەبەر چاو دەگیرێیت.

ئایا دەکرێت لەبارەی پێگەی ئەم بیروڕایە قسە بکەیت؟ ئایا ئەمە بیروڕایەکی نوێیە؟ ئایا زانیارییەکانی ئێوە لەبارەی ئۆکرایناوە ئەم بیروڕایە پەسەند دەکات؟

یوڤاڵ نووح هەراری: وا بیر دەکەمەوە ئەم جەنگە لە دۆخی گشتیدا پێوەندی بە بوونی وڵاتی ئۆکرایناوە هەیە. تێڕوانینی پووتین ئەمەیە کە شتێک بە ناوی ئۆکراینا بوونی نییە. ئەمە بیانووی ئەوە بۆ دەستپێکردنی جەنگ. لە خەیاڵی ئەودا ئۆکراینا بوونی نییە، ئۆکراینییەکانیش ڕووسین و دەیانەوێت بێنە ناو ڕووسیاوە، بەڵام گرووپێک لە نازییەکان ڕێگری لەمە دەکەن. ئەم خەیاڵپەروەرییە بوو بە هۆی هێرشکردنی بۆ سەر ئۆکراینا و چاوڕوانی ئەوەی دەکرد کە زیلێنسکی ڕابکات، سوپا خۆی ڕادەست بکات و خەڵک بە چەپکەگوڵەوە پێشوازی لە تانکە ڕووسییەکان بکەن، بەڵام هەموو ئەم لێکدانەوانە لەبارەی ئۆکرایناوە بەتەواوی هەڵە دەرچوون. وەکوو ئەوەی کە بینیمان، ئۆکراینا نەتەوەیەکی زۆر زۆر واقعین. زیلێنسکی ڕاینەکرد، سوپا بەتوندی شەڕ دەکات و خەڵک بە تێگرتنی مۆڵۆتۆڤ پێشوازییان لە تانکەکان کرد. لەم ڕووەوە، پووتین هەر لە ئێستەوە جەنگەکەی دۆڕاندوە، چونکە ئەم جەنگە پێوەندی بە بوونی (موجودیت - existence) نەتەوەی ئۆکرایناوە هەیە و ئێستە هەموو جیهان ئەمە دەزانێت. نازانم یەک دوو هەفتە پێش خەڵکی جیهان لەبارەی ئۆکرایناوە چییان دەزانی، بەڵام ئێستە هەموو دەزانن کە ئۆکراینا نەتەوەیەکی ڕاستەقینەن و ئێمە شایەدی ستایشکردنی ئۆکراینا لە سەرانسەری جیهانین.

پێم وایە پرسێکی قووڵتریش هەیە کە هۆکاری کاردانەوەی ئەورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهانە: ئەوەی کە ڕۆژئاوا پارچە پارچە بووە. لەم ساڵانەی دوایی ڕۆژئاوا بە هۆی جەنگی کولتووریی نێوان ڕاست و چەپ، لیبڕاڵ و کۆنەپارێز بووەتە چەند پارچەوە و تەوەری سەرەکی ئەم جەنگە کولتوورییە لە واقیعدا بابەتی نەتەوەخوازیی و لیبڕالیزم بووە. لە ڕۆژئاوا ئەم باوەڕە هەڵەیە ڕێکخراوە کە دەبێت هەڵبژێریم و ناسیۆنالیزم و لیبڕالیزم لە بەرانبەر یەکترن و تۆ دەتوانی لیبڕاڵ یان ناسیۆنال بیت. ئەمە ڕیشەی سەرەکی جەنگی کولتوورییە لە ڕۆژئاوا. ئۆکراینا نیشانمان دەدات کە ئەمە هەڵەیە و پێویست ناکات لە چوارچێوەی ئەم دووانەیییە بیر بکەیتەوە. ناسیۆنالیزم و لیبڕالیزم دەتوانن هاوپەیمانی یەکتر بن، بە مەرجی ئەوەی کە ناسیۆنالیزم نەک وەکوو ڕق لە بیانی و کەمینەکان ببینین، بەڵکوو خۆشەویستی بۆ هاونیشتمانیان و چاودێری لەوان دابنێین. ناسیۆنالیزم و لیبڕالیزم لەگەڵ یەکتر هاوڕێن و سەبارەت بە بەهاکانی ئازادی و خۆشەویستی بە هاونیشتمانان لەگەڵ یەکتر یەکگریییان هەیە. بەم هۆیەوەیە کە کاتێک سەیری سی‌ئێن‌ئێن و فۆکس‌نیوز دەکەین، دەبینین کوتوپڕ بوونەتە هاوڕای یەکتر و ستایشی قارەمانانی یەکسانی دەکەن. لە ئەنجامدا، پێم وایە یەکێک لە ئەنجامە گرینگەکانی ئەم جەنگە ئەمەیە کە دەتوانرێت ئەمە وەکوو دەرفەتێک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی کولتووریی ڕۆژئاوا دابنرێت. دەرفەتێک بۆ بەبیرهێنانەوەی خۆمان کە لە نێوان لیبڕالیزم و ناسیۆنالیزم ناکۆکییەک بوونی نییە و هەردووکیان یەک دوژمنیان هەیە کە خۆی لە سیمای پووتین و ئایدۆلۆجیای پووتینیزم بەرجەستە کردووە.

ئان ئەپڵباوم: سوپاس. هاوڕاتم، تەنانەت ئەگەر لە شوێنی ناسیۆنالیزم سوود لە دەستەواژەی نیشتمانپەرستیش وەربگریت، خەڵک خۆیان باشتر لە مەبەستی ئێوە تێدەگەن. لێکدانەوەی ئێمە ئەمەیە کە پلانی پووتین ئەوە بوو کە بچێتە ناو ئۆکرایناوە و لە کییڤ بە هاوکاری جۆرێک کوودەتا دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەم پلانە ڕووبەڕووی شکست بوویەوە. بۆچی ئەم پلانە شکستی هێنا و ئێستە ستراتیجی ڕووسیا چییە؟

تیمۆسی سنایدەر: بە ئاوڕدانەوە لە شێوازی ئەنجامی پرۆسەکە و بەشێک لە بەڵگەکان کە بە شێوەی ڕێکەوت بڵاو بوونەتەوە، دەزانین ئامانج ئەوە بوو بەخێرایی بچنە ناو وڵاتەکەوە، ڕێبەری وڵات بکوژن و دەوڵەتێکی دیکە بهێننە سەر دەسەڵات، پێیان وا بوو خەڵکی ئۆکراینا هاوڕایانن، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.

منیش پێم وایە کە چووینەتە ناو قۆناغی دووەمەوە. لە قۆناغی یەکەم کێشەکە ئەوە بوو خەڵکی ڕووسیا ئامادەی جەنگێکی درێژ نەبوون. باوەڕیان وا بوو جەنگ ئەوەندە بەخێرایی بە ئامانج دەگات کە پێویست ناکات خەڵکی ڕووسیا بۆ جەنگ ئامادە بکەین و لەبەر ئەمەیە ئەم جارە پڕوپاگەندەی ڕووسیا هێواش دەستبەکار بوو و جێی ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵکی ڕووسیا نەبووە. ئێستە پووتین ڕووبەڕووی بەرگری بووەتەوە. قۆناغی دووەمی جەنگ ڕووبەڕووی تووڕەیی لەناکاو بووتەوە. پێم وایە ئەم قۆناغەش بەوردی بەرنامەڕێژی نەکراوە، بەڵام چونکە ڕێبەری ڕووسیا تووڕە و پڕە لە دژمنایەتی شایەدی برەودان بە تاکتیکەکان لە لایەن ڕووسیاوە دەبین. بەداخەوە تاکتیکەکان بریتیین لە گەمارۆدانی خەڵکی مەدەنی لە شارەکان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنیان. پێم وایە ئەمە شتێکە لە داهاتوودا دەیبینین.

یوڤاڵ نووح هەراری: پێم وایە کێشەی پووتین، وەکوو زۆربەی دیکتاتۆرەکان، ئەمەیە کە کەسانی دەوروبەری دەترسن ڕاستییەکانی پێ بڵێن و لە ئەنجامدا ئەو بەتەواوی باوەڕی بە درۆکانی خۆی کردووە. ئەو چەند جار گوتبووی ئۆکراینا بوونی نییە و ئەو کەسانەی لە دەوروبەرین ئەم قسەیەیان پەسەند کردبوو و گوتبوویان ئۆکراینییەکان دەیانەوێت بە ڕووسیاوە بلکێن. بەم شێوەیە، پووتین پێوەندی لەگەڵ واقعییەت لەدەست داوە. کێشەی مەترسیدار ئەمەیە کە کاتێک کەسێک دەسەڵاتی زۆری هەیە لەناکاو ڕووبەڕووی واقعییەت دەبێتەوە و ددان بە هەڵەکانی خۆیدا نانێت. ئەمە کێشەی بنەڕەتی دیکتاتۆرەکانە کاتێک هەڵە دەکەن ناتوانن مکووڕی لێ بکەن و هیچ کەسیش لە دەوروبەریان نییە - نە حیزبە سەربەخۆکان، نە هاووڵاتییان و نە میدیاکان - کە بتوانن پێی بڵێن تۆ هەڵەت کرد. بەم شێوەیە، ئەو لەسەر ستراتیجی خۆی پتەوتر دەبێت.

ئەگەر بمانەوێت بزانین کە قۆناغەکانی دوای چییە دەبێت سەیری سووریا بکەین، چونکە پووتین هۆکاری ڕووداوگەلێکە کە لە حمس و حەلەب ڕووی دا و شتێک کە شەوان نایەڵێت بخەوم ئەوەی کە دەترسم پووتین هەمان کار لە کییڤ و خارکیڤ بکاتەوە، ئومێدەوارم خەڵکی ڕووسیا دژایەتی خۆیان نیشان بدەن. ڕووسیا لە حمس و حەلەب لە ئاسمانەوە بۆردمانی دەکرد، بەڵام ئەوە سوورییەکان بوون کە سوورییەکانیان دەکوشت. لێ کاتێک سەربازە ڕووسەکان شەڕ لەگەل ئۆکراینییەکان بکەن و بیان کوژن خۆشیان بکوژرێن، بارودۆخەکە جیاواز دەبێت. ڕووسەکان و ئۆکراینییەکان پێوەندی خێزانییان هەیە، لە هەندێک خێزانەکان برا لە مۆسکۆ و خوشک لە کییڤە. بەم هۆکارەوە لەگەڵ بوونی پووتین من ئومێدێکم نییە. پووتین هیچ سنوورێک ناناسێت، بەڵام ئومێدەوارم کە خەڵکی ڕووسیا دژایەتی خۆیان نیشان بدەن.

ئان ئەپڵباوم: تیمۆسی، تۆ کارت لەسەر پووتین کردووە و کتێبێک و چەند مقالەت لەبارەی ئەو و بیری ئەوەوە نووسیوە. بە بۆچوونت دەتوانێت چ کارێک بکات؟ بۆچی لێکدانەوەی نادروستی بۆ ئۆکراینا هەبوو؟ چ شتێک دەتوانێت ئەو ڕابگرێت؟

تیمۆسی سنایدەر: وەکوو ئەوەی یوڤاڵ گوتی، لەگەڵ کێشەی کلاسیکی ستەمکارەکان ڕووبەڕووین. ئەم پرسە لە کۆماری ئەفڵاتۆن خراوەتە ڕوو و لێرەوە ئێمە دەچینە ناو قەڵەمڕەوی ئەفڵاتۆن و شکسپیرەوە. کێشەی دیکتاتۆرەکان ئەمەیە کە ناتوانن گوێ لە قسەی ئەوانی تر بگرن. کێشەیەک دەمەوێت جەختی لەسەر بکەم پێوەندی بەو بابەتەوە هەیە و پێوەندی بە ڕابردوو و ئایندەوە هەیە. ئێمە شایەدی جۆرێک ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەفسانە و مێژووین، بە واتایەک شتگەلێک کە بەڕاستی ڕوو دەدەن و خەڵک دەست بۆ هەڵبژاردنەیلی گرینگ دەبن. پووتین ئەفسانەیەکی هەیە. ئەفسانەکەی ئەو ئەمەیە کە بۆ هەزار ساڵ ئۆکراینا، ڕووسیا و بیلاڕووس بیکەوە هاوڕێ بوون و ئەگەر شتێک ببێتە هۆی تێکدانی ئەم ئەفسانەیە بێگومان دەستی دەرەکییە، بێگومان ڕۆژئاوا لەم دۆخە بەرپرسە. وا دیارە پووتین بەڕاستی باوەڕی بەم بابەتە هێناوە، پووتین بڕوای وایە ئۆکراینا لە هەموو شتێکیدا قەرزارباری ڕووسیا و لە جەنگی دووەمی جیهانی تەنیا ڕووسەکان دەرد و مەینەتییان کێشاوە نەک ئۆکراینیی و جووەکان. وا دەردەکەوێت پووتین باوەڕی بەم شتانە هێناوە و نیگەرانی سەرەکی ڕووداوەکانی هەنووکە و ئەو جەنگەی ئێستە نییە، بەڵکوو دەیەوێت لە ئایندەدا وەکوو ڕێبەرێکی گەورە یادی بکەنەوە. پێم وایە ئەمە هۆکارێکی دیکەیە کە نیشانی دەدات پووتین گرینگی زۆر بە کوژرانی سەربازە ڕووسەکان، یان ئابووری وڵات و پێوەندییەکانی ڕووسیا نادات. لەم سۆنگەیەوەیە کە بوونی گەمارۆ و سیاسەتە توندەکان دژی ڕووسیا پێویستە، تاکوو لە ناوخۆی ڕووسیا و لە نێوان کەسانی دەوروبەری پووتین دەست بە مشتومڕێک بکەن و لەم ڕێگەیەشەوە ئەم بابەتانە بە گوێی پووتین بگات.

ئان ئەپڵباوم: یوڤاڵ ئایا هاوڕای ئەم شرۆڤەیەیت؟

یوڤاڵ نووح هەراری: بەڵێ، پێم وایە پووتین لەم قۆناغەدا بیر لە پێگەی خۆی لە مێژوو دەکاتەوە و هەڵبەتە بۆچوونەکەی بەتەواوی هەڵەیە. ڕووسەکان و ئۆکراینییەکان دوای هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت بوون بە دوژمنی یەکتر، هەڵبەتە ڕاستە هەر کامیان، وەکوو ئەندامی یەک خێزان، بە ڕێگەی خۆیدا ڕۆیشت. پووتین تۆوی ڕق و قینە دەچێنێت کە کاریگەری تا نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە و ئەوە میراتی پووتینە بۆ مێژووی ناوچەکە.

ئەگەر بە ڕوانینێکی فرەوانتر سەیری هەموو جیهان بکەیت دەبینیت پووتین خەریکی پەلکێشکردنی هەموو مرۆڤایەتییە بەرەو جەنگەڵ، واتە، ئەوەی کە پێمان وا بوو کە جەنگمان تێپەڕاندووە. دوای ساڵی ١٩٤٥ ئیتر جێگەی قەبووڵ نەبوو هێزێک بیەوێت نەتەوەیەکی لاوازتر لەسەر ڕووپەڕی ڕۆژگار بسڕێتەوە. بەڵێ، چەند جۆری جەنگی ناوخۆ بوونی هەبوو و تەنانەت بەشێک لە وڵاتان لەژێر کاریگەری جیاوازییە ناوخۆیییەکان هەرەسیان هێنا، بەڵام ئەوەی لە ڕابردوو سەرەکی و بنەڕەتی بوو - واتە ئەم یاسایەی کە گەورەکان بە هۆی گەورەیی و بەهێزبوونیان دەیانتوانی هێرش بکەنە سەر درواسێیە لاوازەکانی خۆیان و لەناویان بەرن - بوو بە بابەتێک کە جێگەی قەبووڵکردن نەبوو. کاردانەوەی خەڵکی ئەورووپا بە شێوەیەکی تایبەتی و خەڵکانی دیکەی جیهان، نیشانی دەدات کە ئەوان بە شێوەیەکی غەریزەیی بۆیان دەرکەوتووە ئەگەر هێرشەکان لە ئۆکراینا سەرکەوتوو بن، ئەگەر جارێکی دیکە وڵاتێکی بەهێز بتوانێت درواسێ لاوازەکەی خۆی لەناوبەرێت، هەموومان دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ جەنگەڵ. هۆکاری ئەمە تەنیا ئەوە نییە کە زۆربەی وڵاتانی دیکە بە دوای ئەم ڕووداوانەوەن تاکوو ببینن ئایا ئەوانیش دەتوانن دەست بە هەمان کاری هاوشێوە بکەن، بەڵکوو دەبێت لە ڕووی ژمارەشەوە ئاوەڕ لەم بابەتە بدرێتەوە. هەندێک جار خەڵک دەڵێن کە بیرۆکەی ئاشتی بەردەوام، واتە سەردەمێک کە تێیدا دەژین، خەیاڵپەروەری شاعیر، هونەرمەند و ڕووناکبیرانی چەپخواز بووە. سەیری بودجەی بەرگری وڵاتان لە ساڵی ٢٠٢٠ بکەیت، لەسەر ئاستی جیهانی ڕێژەی بودجەی سەربازیی وڵاتان نزیکەی لە سەددا شەشی هەموو بودجەیە، لە ئەورووپا ڕێژەکە لە سەددا سێیە. لە ڕووی مێژوویییەوە ئەم بارودۆخە زۆر سەرسووڕهێنەرە، لە زۆربەی سەردەمی مێژووی ئیمپراتۆر، پاشا و حکوومڕانەکان لە سەددا ٤٠ تا ٧٠ بودجەی خۆیان خەرجی بواری سەربازیی دەکرد. بودجەی لە سەددا ٣ تا ٦ ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە سیستەمێکی تەندروست و سیستەمێکی پەروەردەیی باشمان هەیە. بەڵام ڕێک ڕۆژێک دوای هێرشەکەی ڕووسیا، ئەڵمانیا بودجەی سەربازیی خۆی دوو ئەوەندە کرد. من لەگەڵ ئەوانە هاوڕام، لەم جۆرە بارودۆخەدا دەبێت ئاوها هەڵسوکەوت بکەیت، بەڵام هەمووان تێدەگەن کە ئەگەر ڕێگە بدەین دەستدرێژی و هێرش سەرکەوتوو بێت، نەک تەنیا کەسانێک کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ئۆکراینا و ڕووسیا بوونیان هەیە زیانیان بەر دەکەوێت، بەڵکوو هەموو مرۆڤایەتی زیانمەند دەبێت.

ئان ئەپڵباوم: بەتەواوی هاوڕاتم، ئێمە لەگەڵ بارودۆخی هەنووکەیی جیهان ڕاهاتووین و فێر بووین لەگەڵی هەڵکەین و نەماندەزانی پووتین دەتوانێت مەترسی دروست بکات. تیمۆسی ڕەنگە بتوانیت لەم بارەیەوە قسەمان بۆ بکەیت. پێش دوو هەفتە، من لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی ئەڵمانی بووم و بەڵگەم بۆ ئەوە دەهێنایەوە کە ئەڵمانیا دەبێت کۆمەکی سەربازیی بۆ ئۆکراینا بنێرێت و بەڵگەکەم ئەمە بوو ئەگەر ئێوە داوای ئاشتی ئەورووپا دەکەن و دەتانەوێت پووتین هێرش نەکاتە سەر ئۆکراینا، دەبێت ئۆکراینا لە ڕووی سەربازییەوە پڕچەک بکەن، تاکوو بتوانن ڕێگە لە هێرشی ڕووسیا بگرن. لەم بەرنامەیەدا سێ سیاسەتمەداری ئەڵمانیش ئامادە بوون کە بەتوندی دژی من بوون و دەیان گوت تەنیا دەتوانرێت گفتگۆ بکرێت و ڕێگەچارەی ئێمە دەبێت ئاشتییانە بێت و ئەڵمانیا ناتوانێت لە هیچ جەنگێکی ئەورووپا بەشداری بکات. ڕێک پێش دوو هەفتە، شێوازی دەربڕینی ئەڵمانیا گۆڕا. ئایا دەتوانیت بڵێیت کە هۆکاری تێڕوانینی یەکەم جاریان چی بوو و چ ڕووداوێکیش بوو بە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا بگۆڕێت؟

تیمۆسی سنایدەر: ڕێگەم بدە تێڕوانینێکی گشتگرتر لەبارەی ئەم بابەتەوە بهێنمە بەرباس. پێم وایە ئەوەی کە دەیبینین پێوەندی بە ڕەوتێکی فرەوانتر لە مێژووی ئەورووپاوە هەیە، واتە ئەم پرسیارەی کە دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی ئیمپراتۆری دەبێت چی بکرێت؟ وەڵامی ئەورووپایییەکان بۆ ئەم پرسیارە، تێکەڵکردنی ئەورووپا بوو. بۆ سێ نەوە، ئاوێتەکردنی ئەورووپا لەسەر پایەی ئابووری و کولتووری بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی بوو. خەڵکی ئۆکراینا بەباشی ئاگایان لەم بابەتە هەیە و لەم سۆنگەیەوەیە لە ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠١٤ و ئێستە داوای ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا دەکەن. سەرەڕای ئەوەی کە لەناو تێکۆشانێکی سەرسووڕهێنەرن، بەڵام ئەورووپا لە ناوەندیی هۆش و گوتەکانی ئەوان جێگیری هەیە. تۆ دەتوانیت لە ئەورووپا تێکەڵیی و یەکێتیتان هەبێت یان ئیمپراتۆری. ڕووسیا دوایین وڵاتی گرینگی ئەورووپایییە کە هێشتا لە بەرەی ئیمپراتۆرییە. پێکهاتەی دەوڵەتی ڕووسیا ئێستە بە جۆرێکە لەگەڵ بوونی ئۆلیگارشی، نەبوونی قانوون و نەبوونی بەشداری ناوخۆیی تەنیا شتێک کە دەمێنێتەوە مشتومڕە لەمەڕ ئیمپراتۆرییەتە، هەوڵدانێک بۆ دروستکردنی توندوتیژی ڕێبەر و پەرتکردنی هۆشی خەڵک. پێم وایە ئەوەی کە ڕێبەرانی ئەورووپا لێی تێگەیشتوون، ڕێبەرانی ئەڵمانیا لەم ناوەندەدا ڕۆڵێکی سەرکییان هەیە، ئەوەیە وەدیهێنانی تێکەلکردنی ئەورووپا، بە ئابووری دەستی پێ کرد و وردە وردە بەرەو سیاسەت ڕۆیشت، ئێستە دەبێت ئاسایشش بە مانای پڕی وشەکە لەخۆی بگرێت. ئەورووپایەک کە دەیەوێت کۆمەڵەیەکی تەواو و ئازاد بێت، دەبێت بتوانێت بەرگری لە خۆشی بکات. ئێستە مێژووی ئەورووپا لە ئۆکراینا دیاری دەکرێت، چونکە ئەمە ئۆکراینییەکانن کە گیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، تاکوو پارێزگاری لە شتگەلێ بکەن کە بەلای زۆربەی خەڵکەوە بە گرینگ دادەنرێن.

بەڵام پرسێکی دیکەش بوونی هەیە کە پێوەندی بە ئەڵمانییەکان و زۆربەی ڕۆژئاوایییەکانەوە هەیە، دەمەوێت بەکورتی ئەوە ڕوون بکەمەوە. ئەم بابەتە هەڵگەڕاندنەوەی زمانی هۆڵۆکۆستە. کاتێک پووتین دەڵێت ئامانجی ئەو سڕینەوەی نازییەکانی ئۆکراینایە کاردانەوەی دەروونی زۆری لێ دەکەوێتەوە. لە گفتوگۆیە تایبەتییەکانم کە لەگەڵ زۆر کەسی دیار هەمبوو، دەمبینی هەوڵ دەدەن مانای ئەم قسەیە دەربێنن، چونکە ئەوان ئاگاداری ئەوە بوون جەنگێک کە ئامانجی کوشتنی سەرۆک کۆماری جوو و لەناوبردنی دیموکراسییە و بە ناوی دژە نازییەوە دەستی پێ کردووە، لە بنج و بنەوانەوە هەڵەیە. پێم وایە خەڵک لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تێگەیشتوون ڕووسیا تەنیا لەگەڵ نەتەوەیەکی بێتاوان خەریکی جەنگ نییە، بەڵکوو ڕووسیا یان بە لایەنی کەمەوە ڕێبەرانی ڕووسیا، هۆشیارانە خەریکی لەناوبردنی پێکهاتەکانی زمانی و ئەخلاقین کە بەرهەمی جەنگی دووەمی جیهانییە. دەستەواژەی کۆمەڵکوژی و نازی بۆ پێکهاتەی ئەخلاقی گرینگی زۆری هەیە، پێکهاتەیەک کە لەسەر بنەمای ئەو زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و باکووری ئەمریکا و هەروەها بەشێکی دیکەی وڵاتان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ژیانێکی باشتریان بەدەست هێناوە. پووتین بە هەڵگەڕاندنەوەی بە هێندوەرنەگرتنی تەواوی ئەم بنەمایانە نەک تەنیا هێرشی کردووەتە سەر یەک وڵات، بەڵکوو نیشانەی لە تەواوی پێکهاتەی ئەخلاقیش گرتووە. بە بۆچوونی من، خەڵک ئاگاداری ئەم بابەتەن و یەکێک لە نیشانەکانیشی ئەو یەکانگیرییەیە، دڵنیابوون لەوەی کە هێرشی ڕووسیا بەتەواوی هەڵەیە و تەنیا ئامانجشی کوشتنی خەڵک و وێرانکردنی وڵاتێک نییە، بەڵکوو بە جۆرێک پەیڕەوی لە نهیلیزمی ئایدۆلۆجیای کەلبییەکان دەکات. (کەلبی، مەبەست لە پەیڕەوانی فەلسەفەی کەلبییە لە یۆنانی کۆن، کەسێک کە لە هەڵسوکەتیدا ڕەچاوی ئەخلاق و دابونەریت ناکات‪.)

یوڤاڵ نووح هەراری: پێم خۆشە خاڵێک لەبارەی ئەڵمانیاوە باس بکەم. ئێمەی مێژوونووسان بەتەواوی ئاگامان لەو بابەتە هەیە کە ڕابردوو ڕۆڵی میحوەری لە پێکهێنانی ئێستە و ئایندەدا هەیە. من وەکوو مێژوونووسێک، جوویەک و ئیسڕائیلییەک دەمەوێت بە خەڵکی ئەڵمانیا و سیاسەتمەدارانی ئەڵمانی بڵێم ئێمە دەزانین ئێوە نازی نین و پێویست ناکات بەردەوام ئەوە بسەلمێنن. مەترسن، ئەگەر چەکتان بە دەستەوە گرت و دەنگتان بەرز کردەوە ئێمە باوەڕ ناکەین ئێوە نازی بن. ئەوەی لە ئەڵمانیا چاوەڕوان دەکەین ئەمەیە پتەو و خۆگرتوو بووەستن ڕابەرایەتی بگرنە دەست. ئەڵمانیا ئێستە ڕابەری ئەورووپایە. ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت قەرەبووی تاوانەکانی سەردەمی نازییەکان بکەیتەوە، بەوە ناکرێت کە بێلایەن بمێنیتەوە و تەنیا تەماشاچی بیت، دەبێت لە هێڵی پێشەوەی بەرگریکردن لە ئازادی و دیموکراسی بیت.

ئان ئەپڵباوم: یەکێک لەو ئەنجامانەی لەم چەند ڕۆژە پێی گەیشتووم ئەمەیە کە وانەیەک ئەڵمانییەکان و هەڵبەتە بە شێوەیەکی فرەوانتر ئەورووپایییەکان، لە مێژووەوە فێری بوون ئەمەیە کە دەبێت ئاشتیخواز بین و نابێت شەڕ بکەین، بەڵام ئەم وانەیە هەڵەیە. وانەی ڕاست ئەمەیە دەبێت لە بەرانبەر ستەمکار، دیکتاتۆر و کۆمەلکوژی بووەستینەوە.

یوڤاڵ نووح هەراری: پێم وایە نابێت پەیامی ئاشتیخوازی بەتەواوی لاببەین. بەڵێ پەیامەکە ئەمەیە پێش دەستپێکردنی جەنگ، هەر کارێکمان پێ دەکرێت بیکەین، دەبێت لە هەموو بژارەکانی دیکەش بکۆڵینەوە، چونکە جەنگ کارەساتە، بەتایبەتی کاتێک جەنگ لە نێوان زلهێزەکان بێت کە چەکی ئەتۆمیان هەیە.

ئەمەش هەڵەیەکە دیکتاتۆرەکان گیرۆدەی بوون، کاتێک کە دەبینن وڵاتانی ئازادیخواز و دیموکراس هەوڵ دەدەن لە جەنگ دوور بکەونەوە، بە دوای ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و ئارامکردنەوەی دۆخەکەوەن، ئەوە بە نیشانەی لاوازی دادەنێن. ئەمە لاوازیی نییە، نابێت سوود لە هێز وەربگیرێت، چونکە بە زیانی هەموو لایەکە. بەڵام دەبێت ئەم بەڵێنەش هەبێت کاتێک ڕێگەچارەی دیکە بوونی نییە، دەبێت هێز بکەوێتە کار. پێم وایە ئەوەی ئێستە ڕوو دەدات ئەمەیە کە خەڵکی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە درکیان بەوە کردووە ئێستە چرکەساتی چارەنووسسازە، هەڵگرتنی ئەم هێزە بۆ کاتێکی دیکە بێسوودە، ئەمڕۆ ڕۆژی دەستنیشانکراوە، هەنووکە چرکەساتێکی مێژوویییە.

تیمۆسی سنایدەر: بەڵام یوڤاڵ ئەوان ئەم خاڵەیان بە بۆنەی خەڵکی ئۆکرایناوە بەدەست هێناوە. من قسەکانی ئەو بەم جۆرە فۆڕمۆڵە دەکەم کە ئەگەر ئێوە بەڕاستی خاوەن بەهاگەلێک وەکوو دیموکراسیی و ئازادین، ئەم بەهایانە مەترسییەکانشیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە. ئەم بەهایانە لە خۆیانەوە وەدی نایەن، هیچ ڕەوتێکی مێژوویی بوونی نییە کە بتوانێت بەردەوامی ئەوانە دابین بکات و هیج ڕێکخستنێک بۆ هەرمانی ئەوانە بوونی نییە. بەو جۆرەی مێژوونووسان دەزانن، چرکەساتی وا هەیە کە تێیدا هەڵبژاردنی کەسی گرینگ پەیدا دەکات و ئێستە یەکێکە لەو چرکەساتانە. خەڵکی ئۆکراینا بوونەتە هۆی ئەوەی تاکوو ئەڵمانی، ئەورووپایی، ئەمریکایییەکان و ئەوانی تر ئاسانتر پەی بەم بەهایانە ببەن و بەرگرییان لێ بکەن، چونکە ئەوان خۆیان خەریکی بەرگریکردن لەم بەهایانەن. هەست دەکەم هەر ڕۆژێک کە خەڵکی ئۆکراینا بەردەوامی بە بەرگریکردنی خۆیان دەدەن دەرفەتی ساڵێک یان دەیەیەک بە ئێمە دەدەن، تاکوو بەردەوامی بەو جۆرە ژیانەی کە لەگەڵی ڕاهاتووین بدەین. هەر ڕۆژێک کە ئەوان دەجەنگێن دەرفەتی ئەوەمان دەدەنێ لە بەهاکانی خۆمان ڕابمێنین، جەختیان لێ بکەینەوە و بەپێی بنەماکانیان هەڵسوکەوت بکەین.

یوڤاڵ نووح هەراری: بەڵێ بەتەواوی هاوڕاتم، تەنانەت زیاتریش لەوە، ئۆکراینییەکان ئازایی بە خەڵکی جیهان دەدەن. لە ڕۆژەکانی یەکەم و دووەم کە خەڵک هێشتا زۆر دڵنیایییان لە ڕەوشەکە نەبوو کاتێک بینییان خەڵکی ئۆکراینا بە دەستی بەتاڵ هەوڵ دەدەن تانکەکان بووەستێنن، هەموو خەڵک لە سیاسەتمەدارانی برۆکسڵ و واشنتۆنەوە بگرە تاکوو هاووڵاتیانی ئاسایی لە خۆیان دەپرسی ئەگەر ئەوان دەتوانن بە دەستی بەتاڵ شەڕ لەگەڵ تانکەکان بکەن، ئەی من دەتوانم چ کارێک بکەم؟

ئان ئەپڵباوم: یەکێک لەو شتانەی کە لەم هەفتەیەی دوایی لەناکاو گۆڕا، گریمانەی پێشڕەوی بوو، واتە ئەم گریمانەیەی کە جیهان هەردەم لە باشتربوونە و دیموکراسی شتێکە کە هەردەم ڕوو لە فرەوانبوونە. ئەم گریمانە لێ دەربازنەبوویییە (حەتمی - Inevitability) پێشڕەویی و چاکبوونەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو لاواز بووە، بە شێوەیەکی تایبەت لە ئەمریکا بە بۆنەی کاردانەوە سیاسییەکان. تیمۆسی، تۆ بابەتی زۆرت لەبارەی لێ دەربازنەبوویی نووسیوە، بۆ نموونە کاتێک کە خەڵک پێیان وایە ئۆکراینا ڕزگاری دەبێت بێ ئەوەی پێویست بکات ئێمە کارێکی تایبەت بکەین، یان ئەوەی کە پێیان وایە هەموو شتێک بە هەمان شێوە دەمێنێتەوە، چونکە ئاشکرایە کە ئەمە باشترین جیهانی ئێمەیە. لەبارەی ناڕاستبوونی ئەم گریمانەوە کەمێک قسەمان بۆ بکە و بڵێ کە چۆن دەبێت بە شێوەیەکی جیاواز بیر بکەینەوە. ئەگەر جیهان لە خۆیەوە باشتر نابێت دەبێت چی بکەین؟ ئەم پرسە چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕێبازی ئێمە لەبارەی ئۆکرایناوە هەیە؟      

تیمۆسی سنایدەر: پێم وایە جەنگی ئۆکراینا تەواوی ئەو بابەتانەی کە باست کرد ئاشکرا دەکات. یەکێک لە هەڵە گەورەکانی هزریی کە زۆربەی خەڵک دووچاری بوون ئەمە بوو کە دوای کۆتاییهاتنی کۆمۆنیزم لە ئەورووپا لە ساڵی ١٩٨٩ یان هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ وای بۆچوون ئیتر هیچ جێگرەوەیەک بوونی نییە (بە گوتەی مارگرێت تاچەر). ئەمە هەڵە بوو، هەردەم جێگرەوەیەک هەبوو. زۆربەی ڕۆژئاوایییەکان وا بیریان دەکردەوە کە سەرمایەداری خۆی بۆ خۆی دیموکراسی بەدی دەهێنێت. ئەم بۆچوونە دڵنەوایی بەخشە، چونکە دەتوانیت ڕەوتی دیموکراسی بە هێزێکی گەورە و ناکەسی بسپێریت، بیدەیت بە دەستێکی نادیار. ئەگەر ئەم دەستە نادیارە کارەکان بەرەو پێشەوە دەبات ڕەنگە ئیتر پێویست نەکات هیچ کارێک بەڕێوە ببەیت. دواتر دەرکەوت کە ئەم بیرە هەڵەیە. ڕووسیا و چین، هەریەکەیان بە ڕەوشی تایبەتی خۆی، نیشانیان داوە کە دەتوانن بەئاسانی ستەمکاری لەگەڵ سەرمایەداری تێکەل بکەن. خراپتر لەوە ئەگەر تۆ تەواوی کارەکان پێوەست بە ئازادی بخەیتە ئەستۆی ئەو هێزە ناکەسییەی مێژوو، ڕاستییەکەی مانای ئازادیت لە بیر کردووە. ئازادی مانای بەفەرمی ناساندنی هێزە کەسییەکان و بەرگریکردن لە بەرانبەر هێزە ناکەسییەکان و گۆڕانی خۆیە بە هێزی کەسیی. ئەم بیرکردنەوەیە لە بەرزترین ئاستیدا یانی ئەوەی کە بۆ گەیشتن بە ئازادی واز لە هەموو شتێک بۆ خۆی بهێنین. ئەنجامی ئەو بارودۆخە کارەساتبارە وەکوو بارودۆخی ڕووسیای لێ دێت کە تێیدا دارایی لە دەستی چەند کەسێکی کەم کۆ بووەتەوە کە ئیتر ناتوانی لە بەرانبەر ستەمکارییەک وەکوو ئەوەی یوڤاڵ باسی کرد بەرگری بکەیت.

هەنگاوی یەکەم بۆ باشکردنی ئەم دۆخە ئەمەیە کە گوێ لە خەڵکی  ئۆکراینا بگرین، قەبووڵی بکەین مێژوو بە دەستی ئێمە دروست دەکرێت و ئازادی خۆی جۆرێک بەهایە نەک ئەنجامی جۆرێک پڕۆسە. هەندێ جار بۆ پشتیوانیکردنی ئەم بەهایە دەبێت ڕووبەڕووی مەترسی ببینەوە. دەبێت بەرگری لە بەرانبەر چەمکی پێشکەوتن بکەین، بەڵام نابێت ڕادەستی چەمکی چارەنووس بین. ئەوەی پووتین قسەی لەبارەوە دەکات چارەنووسە، چارەنووسی ئۆکراینایە ئەمەیە لەگەڵ ڕووسیا بێت، چارەنووسی بیلاڕووس ئەمەیە لەگەڵ ڕووسیا بێت. خەیاڵی دیکتاتۆر لەبارەی ڕابردووەوە دەبێتە هۆی هاتنەئاراوەی ڕێگەیەک و دەبێت ئایندە لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوامی بە خۆی بدات. دەبێت لەگەڵ بیری لێ دەربازنەبوونی پێشکەوتن، ئەم گەشبینییە نەشیاوە و بیرۆکەی هەتاهەتایی، واتە دەبێت دژایەتی ئەوەی کە تەنیا یەک ڕێگە بوونی هەیە کە ڕابردوو بە ئایندە دەبەستێتەوە بکەین. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت داهێنەر بیت، دەبێت بیهێنینە پێش چاوی خۆمان کە ئایندەی جۆراوجۆر بوونی هەیە. لەم ڕووەوە خەڵکی ئۆکراینا، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی گۆڕەپانی کییڤ تا ئێستە، زۆر بەسوود بوونە. ئەوان یارمەتی ئێمەیان داوە تاکوو بتوانین بە شێوەی جیاواز وێنای پێشهاتەکان بکەین و گەشبینی و ڕەشبینی نابەجێ لە خۆمان دوور بکەینەوە.

ئەگەر بڕیار وا بێت ئەو چرکەساتەی کە هەنووکە تێیداین، چرکەساتێکی زۆر مەترسیدارە، ئەنجامێکی باشی هەبێت ئەو ئەنجامە ئەرێنییە ئەمەیە کە خەڵکی ئۆکراینا یارمەتیمان بدەن تاکوو بیر لە ئایندەیەکی فرە باشتر بکەینەوە.

یوڤاڵ نووح هەراری: زۆرجار ڕووبەڕووی ئەم بیرکردنەوەیە دەبینەوە کە ڕابردوو، ئێستە دیاری دەکات، واتە تەنیا کاریگەری لەسەر ئێستە دانانێت، بەڵکوو ئێستە و ئایندە دیاری دەکات. لە ئەنجامدا دەبینیت خەڵک دەڵێن ڕووسەکان سەدان ساڵە لە سیستەمی دیکتاتۆری ژیاون و لەم سۆنگەیەوە ناتوانن خاوەنی دیموکراسی بن، بەڵام ئۆکراینییەکان نیشانی دەدەن ئەم تێڕوانینە ڕاست نییە. ڕووسیا و ئۆکراینا لەژێر ڕژێمی ستەمکاری تزاری و لەژێڕ ڕژێمی دیکتاتۆری یەکێتیی سۆڤیەت ژیاون. تەنانەت بارودۆخی سەرەتاکانی ئۆکراینا لە ڕووسیا خراپتر بوو، چونکە وەکوو ڕووسیا خاوەنی سەرچاوەی سروشتی نەبوو. کەواتە ئەوان لە واقیعدا وڵاتێکی هەژارتر بوون، بەڵام هەڵبژاردنی جیاوازیان هەبوو، لیبڕاڵ دیموکراسییان هەڵبژاردوو و بۆ پارێزگاریکردن لێی بەردەوام خەباتیان دەکرد. ئەمە بەو مانایەیە کە تەنانەت ئەگەر سەدان ساڵ پێشینەی ستەمکاریت هەبێت دەتوانیت دیموکراسی هەڵبژێریت. پێم وایە ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی پووتین سەبارەت بە ئۆکراینا توندوتیژ بێت. چونکە وەک وێنەیەک لەبەرچاوی خەڵکی ڕووسیایە کە پێیان دەڵێت؛ ببینن دەتوانن هەڵبژاردنی جیاوازتان هەبێت. چونکە ئەگەر تەنیا نموونەیەک کە بۆ خەڵکی ڕووسیا بوونی هەبوو هۆڵەندا یان سوید دەبوو کە مێژوویەکی بەتەواوەتی جیاوازیان لەگەڵ ڕووسیا هەیە، دەیان گوت دیموکراسی پێوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵام کاتێک خەڵک لە مۆسکۆوە سەیری کییڤ دەکەن، لە خۆیان دەپرسن ئەگەر ئەوان توانییان بۆچی ئێمە ناتوانین؟

لەبارەی چین و تایوانەوە هەمان کێشە بوونی هەیە. بیرۆکەی وا هەیە لەسەر بنەمای ئەوەی کە شتێک لە مێژووی چین هەیە کە ڕێگریی لە بەرقەراربوونی دیموکراسی لە چین دەکات. ئەگەر بەم شێوەیەیە، ئەی چ تێگەیشتنێک بۆ بارودۆخی تایوان بوونی هەیە؟ تایوان و چین، تەنانەت لەسەر بنەمای قسەگەلی چینییەکان، یەک خەڵک و یەک وڵاتن و مێژوو و زمانیان یەکە. ئەی چۆن توانییان هەڵبژاردنی جیاوازیان هەبێت؟ لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، تێگەیشتنی ئەم پرسە زۆر گرینگە کە مێژوو سەرەڕای گرینگی بەرفرەوانی لەسەر ئێستە تەنیا کاریگەری لەسەر ئێستە هەیە و هەرگیز ئێستە و داهاتوو دیاری ناکات. تۆ دەتوانیت بەردەوام هەڵبژێریت.

ئان ئەپڵباوم: جۆرێک بیرکردنەوە لەبارەی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەیە کە من نەک تەنیا لەم دوو هەفتەیەدا، بەڵکوو لە چەند ساڵی ڕابردوو دژی قسەم کردووە. لەم جۆرە بیرکردنەوەیە، دەڵێیت ڕووبەڕووی ڕووپەڕێکی شەتڕەنج بووینەتەوە کە هەر مۆرە ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەیە. بۆ نموونە؛ ڕووسیا بەردەوام دیکتاتۆرە، ویلایەتە یەکگرتووەکان وڵاتێکە کە بەردەوام لە چرکەی کۆتایی دەچێتە ناو جەنگەوە. بەپێی ئەم تێڕوانینە، سیاسەتی نێودەوڵەتی یانی ئاشنابوون لەگەڵ ئەم ڕۆڵانە و خۆگونجاندن لەگەڵیان. پێم وایە قسەکانی ئێوە نیشانی دەدا کە لە واقیعدا وا نییە و وڵاتان دەتوانن ڕۆڵی خۆیان بگۆڕن. دیکتاتۆری یان ئۆلیگارشی لە ڕووسیا بابەتێکی لێ دەربازنەبوو (حەتمی) نییە، ئۆکراینا ناچار نییە داگیرکراوی ڕووسیا بێت، لە کاتێکدا بۆ چەندان ساڵ لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و پێش ئەویش لە سەردەمی ئیمپراتۆری ڕووسیا بارودۆخ بەم جۆرە بووە.

یوڤاڵ نووح هەراری: ڕێک وایە. مێژوو یان جوگرافیا یان کەش‌وهه‌وا هیچ شتێک دیاری ناکەن. خەڵک دەڵێن رووسیا ناوچەی بێسوود و سەهۆڵبەندانی زۆری هەیە، بەڵام کەنەداش بەهەمان شێوە بەشێکی سەهۆڵبەندان و بێسوودە، ئەگەر کەنەدا دەتوانێت دیموکراسی بێت کەواتە ڕووسیاش دەتوانێت دیموکراسی بێت.

ئەڵمانیا نموونەیەکی باشە. لە ساڵی ١٩٤٥ زۆربەی خەڵک دەیان گوت ئەڵمانییەکان ئابوورییەکی شکستخواردوویان هەیە و لەدەست دەرچوون، ئەڵمانیا بەردەوام وڵاتێکی سەربازیی و تۆتالیتاریزم دەبێت و تەنیا شتێک کە دەتوانرێت لەگەڵیان بکرێت ئەمەیە کە وڵاتەکە دابەشی چەند پاشانشین بکرێت یان خەڵکەکە بکەین بە جووتیار. چەند دەیە دوای شکستهێنانی نازیزم ئەڵمانیا یەکێکە لە ڕێبەرانی جیهانی ئازاد، یەکێک لە لیبڕاڵیترین و دیموکراسیترین وڵاتانی جیهانە. بەڵام جوگرافیا، کەش‌وهه‌وا و زمان هەمان ئەوەی پێشووە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. دێتەوە بیرم یەکێک لە خوێندکارەکانم بابەتێکی لەبارەی چیرۆکە ئەفسانەیییەکانی برایانی گریموە دەخوێندەوە کە تێیدا نووسرا بوو ئەگەر ئەم جۆرە چیرۆکانە بۆ منداڵان بخوێنیتەوە ئیتر ناتوانیت لە نازیزم دوور بکەویتەوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، ئەوان لە ئەڵمانیا هێشتا هەمان چیرۆک دەخوێننەوە، بەڵام بوون بە یەکێک لە لیبڕاڵترین و دیموکراسیترین وڵاتانی جیهان.

تیمۆسی سنایدەر: هانا ئارێنت لە کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزم، کە کتێبێکی زۆر خەمناکە، ئەم بیرۆکەیە پێشنیاز دەکات کە گرینگترین شت لە ژیاندا سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەیە، واتە توانای دۆزینەوە و داهێنانی شتگەلی نوێ. ئەگەر سەیری ئەو زمانە بکەین کە پووتین سوودی لێ وەردەگرێت، دەبینین ڕووبەڕووی بابەتێکی تەواو پێچەوانەی ئەمەین. ئەم زمانە لەبارەی لەناوبردنی خەیاڵات و قەدەغەکردنی جێگرەوەکانە، ئەو دەڵێت ئەوەی لە ڕابردوو ڕووی داوە دەبێت چەندان جار دووبارە ببێتەوە، ئەویش بە شێوەیەک کە دیکتاتۆر دەیەوێت. خاڵی ورووژێنەری دیموکراسی، کە خەڵکی ئۆکراینا یارمەتی وەبیرهێنانەوەی دەدەن، ئەوەیە کە دیموکراسی پێشبینی‌نه‌کراوە. ببینن ڤلۆدیمێر زیلێنسکی چەند پێشبینی‌نه‌کراو بوو. ئەو ئەکتەرێکی کۆمیدی بوو کە بە ڕووسی قسەی دەکرد، کەسێکی جوو کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد وەکوو سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. ئەمە کارێکە دیموکراسی بەڕێوەی دەبات، ئەنجامی پێشبینی‌نه‌کراوی هەیە. ئێستە ئەو سەرۆکی کۆماری سەردەمی جەنگە، لەگەڵ خەڵکەکەیەتی و بووە بە ئیلهامهێنەری ئازایەتی ئەورووپایی و ئەمریکایییەکان. هەرچەند ئەندازەی دیموکراسی زیاتر بێت ڕێژەی پێشبینی‌نه‌کراوی سەرەتا نوێیەکانیش زیاترە، ڕێگەی زیاتر بۆ چوونەدەرەوە لەم تاریکییە هەیە، واتە بارودۆخێک کە تێیدا دیکتاتۆرەکان بۆ هەردەم لە دەسەڵاتن و هیچ شتێکی نوێ هەرگیز ناتوانێت بێتە ئاراوە و هەموو شتێک خەمبار و مەترسیدارە. دیموکراسی یارمەتیمان دەدات تاکوو لەم ڕەوشە بچینە دەرەوە، خەڵکی ئۆکراینا یارمەتیمان دەدەن تاکوو خۆمان لەم بارودۆخە ڕزگار بکەین.

ئان ئەپڵباوم: کاتێکی کەممان ماوە و پێم خۆشە لە کۆتایی گفتوگۆکەماندا لەبارەی ئەوە قسە بکەین ئێمە لە ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکەی جیهان دەتوانین چی بکەین. دەتوانین چۆن یارمەتییان بدەین و چۆن دەتوانین گرینگی ئەم ڕووداوە پێشانی حکوومەتەکانی خۆمان بدەین.

یوڤاڵ نووح هەراری: ئێمەی هاووڵاتییان ئاسایی، نە وەک سیاسەتمەدار و ڕێبەرانی وڵاتان، دەتوانین کارەیلی جیاواز بکەین. دەتوانین پارەیان بۆ بنێرین، ئەگەر دەوڵەمەند نین دەتوانین چاکەتە کۆنەکەی خۆمانیان بۆ بنێرین، خەڵکانێک هەن کە جلوبەرگ کۆ دەکەنەوە و بۆ ئاوارەکانی دەنێرن. ناردنی چاکەتێکی کۆن تەنیا پێشکەشکردنی چاکەتێک نییە، بەڵکوو ئەم کارە بەتوانات دەکات. ئەگەر پێشتر پێت وا بوو کە هیچت پێ ناکرێت، بەڵام کاتێک چاکەتەکەت پێشکەش دەکەیت بە خۆت دەڵێیت ئەم کارەم کرد، ڕەنگە بتوانم کاری دیکەش بکەم. دەتوانیت بەشداری چالاکییە ئۆنڵاینییەکان بکەیت و وەکوو هاووڵاتییەکی ئەورووپایی بەشداری جەنگی ئۆنڵاین بکەیت. ئەو سیاسەتمەدارانەی کە گەمارۆکان ڕادەگەیەنن زۆر بەوردی لێکۆڵینەوە لە کاردانەوەکانی خەڵک دەکەن، پێم وایە زۆربەیان دەیانەوێت گەمارۆی توندتر و زیاتر ڕابگەیەنن، بەڵام دەترسێن ئەگەر بە شێوەیەک تەواو دەستگەیشتنی بانکەکانی ڕووسیا بە سویفت ببڕن یان هاوردەی نەوت و گاز بە شێوەیەکی تەواو ببڕن بە هۆی گرانبوونی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی گاز ڕووبەڕووی ناڕەزایی خەڵک ببنەوە. کەواتە؛ وەکوو هاووڵاتییەک دەتوانیت ڕای خۆت دەرببڕیت و بڵێیت نا من ئامادەم بەرگەی ئەم سەختییانە بگرم و بەم شێوەیە بە سیاسەتمەدارانی خۆتان نیشان بدەن کە دەتوانن کاری زیاتر بکەن. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە هاوکاری بکەین و پێوەندی بە ڕێکخراوەکانەوە بکەین، بۆ نموونە؛ پەنجا کەس بە هاوکاریی یەکتر دەتوانن بە جۆرێک یارمەتی کۆچبەران بدەن کە بە پێنج سەد کەس نەکرێت. ئامانجێک بدۆزینەوە، پێویست ناکات هەموو کێشەکانی جیهان چارەسەر بکەین، ئامانجێک هەڵبژێرە کە لە خۆتەوە نزیکە و دواتر ڕێکخراوێک پەیدا بکە کە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە تێ دەکۆشێت. ئەگەر ڕێکخراوێکی وا پەیدا نەبوو، خۆت دایبمەزرێنە. خاڵی سەرەکی ئەمەیە کە دەبێت ڕێکخراوەکان بەهێز بکەین، چونکە ئەم بابەتە بونیادی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراسی پێک دەهێنێت.

ئان ئەپڵباوم: تیمۆسی، دەبێت چی بکەین؟

تیمۆسی سنایدەر: پێم وایە دەبێت هەموومان ڕاستەوخۆ یارمەتی پێشکەش بکەین. پێویستە ئەمە بۆ سیاسەتمەداران ڕوون بکەینەوە کە ئەم بابەتە ڕۆڵیکی چارەنووسسازی لە هەڵبژاردنی ئەوان هەیە. دەبێت ڕایبگەیەنین ئێمە تەنیا بیر لە دارایی ناکەینەوە، بەڵکوو گرینگی بە ئایندەی جیهان، یان ئایندەی "جیهانی ئازاد" دەدەین. ئێمە دەزانین ئازادی بە شێوەی جیهانی کەم و زیاد دەبێت و ئەم بابەتە بۆ ئێمە گرینگە و لەسەر بنەمای لایەنگری سیاسەتمەداران بۆ ئەم بابەتە دەنگیان پێ دەدەین. ئێمە بەرگەی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە بیانوو بۆ پووتین و هێرشەکەی دەهێننەوە ناگرین. شتێکی دیکەش دەتوانین بیکەین بە شێوەی ئۆنڵاین پێوەندی بە خەڵکی ڕووسیاوە بکەین و بێگومان لەم پێوەندیەدا سوود لە زانیاری ڕاست و دروست وەربگرین. سەرچاوەی باش ڕوونی دەکاتەوە لە ئۆکراینا بارودۆخ چۆنە و ئێمە بەپێی توانای خۆمان دەتوانین یارمەتی ڕووسەکان بدەین، تاکوو لەم پرسە تێبگەن و بتوانن بڕیاری ڕاست بدەن. دەتوانین بەشداری ڕێپێوانەکان بکەین، ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان لەپێناو خەڵکی ئۆکراینا کارێکی بەنرخە، ئەوان لە ڕەوشێکی مەترسیدارن. کەمترین کارێک کە دەبێت بیکەین ئەوەیە لە شوێنە گشتییەکان ئامادە بین و پێشانی بدەین گرینگی بەم پرسە دەدەین. لە کۆتایی ئەم جەنگە، خەڵکی ئۆکراینا دەبێت بتوانن ئەوە ببینن کە ئایندەی ئەوان لەناو ئەورووپادایە، لە دوای ئەم جەنگە دەبێت بگەن بە شتێک کە پێشتر نەیان بوو. بابەتەکە ئەوە نییە کە لەبەر ئەم جەنگە ئەوان شایستەی ئەندامبوونی یەکێتیی ئەورووپان، بەڵکوو ئەم بابەتە بەشێکە لە ئایندەیەکی باشتر کە دەتوانین ئێستە هەستی پێ بکەین. ئۆکراینا دەبێت ئایندەی خۆی لە یەکێتیی ئەورووپا لەبەرچاو بێت.

ئان ئپڵباوم: لە کۆتاییدا پێم خۆشە بە دووبارەکردنەوەی بەشێک لەو خاڵانەی باسیان لێوە کرا پێداگریی لە گرینگییەکانیان بکەمەوە. بەشێک لەو شتانەی ئۆکراینا پێویستی پێیەتی چەک، چەکی دژی تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە. ئەوان پێویستیان بەم چەکانە هەیە ڕاستییەکەی دەبوو پێش جەنگ ئەم کەرستانەیان پێ بدرایە. ئەو کەسانەی ئاشتیخوازن و لە جەنگ بێزارن لە بیرتان بێت ئەم چەکانە بۆ بەرگریکردنە لە بەرانبەر توندوتیژی. ئێوە بەوەی کە چەک ڕەوانە بکەن نابن بە جەنگخواز، بەڵکوو یارمەتی خەڵکی ئۆکراینا دەدەیت تاکوو بەرگری لە خۆیان بکەن و پارێزراو بن. ئەم کارە دەبیتە هۆی ئەوەی جەنگ زووتر کۆتایی پێ بێت. ڕووسیا خەریکی بۆردمانی شارەکانی ئۆکراینایە، ئەگەر بتوانرێت بێ ئەوەی جەنگەکە فرەوان بێت، ناوچەی دژە فڕین ڕابگەیەنن فڕۆکەکانی ڕووسیا ناتوانن شارەکان بۆمبباران بکەن. یارمەتی دارایی بۆ کۆچبەران، خەڵکی ناوخۆی ئۆکراینا و کەرتی پزیشکی زۆر گرینگە. لە بیرتان بێت خەڵکی ئۆکراینا ئازایانە لە شەقامەکان شەڕ دەکەن، نەخۆشخانەکان بەڕێوە دەبەن و لە ماڵەوە ئاگایان لە منداڵەکانە، خواردن لە نێوان خەڵک دابەش دەکەن.

ئان ئەپڵباوم: لە کۆتایی گفتوگۆکەدا داوا لە هەردووکتان دەکەم دوا وتەی خۆتان پێشکەش بکەن.

یوڤاڵ نووح هەراری: دەمەوێت دوو خاڵی گرینگ دووبارە بکەمەوە. ئەم جەنگە پێوەندی بە بوونێتی ئۆکراینا و خەڵکەکەیەوە هەیە و بەم واتایەش پووتین هەر لەم قۆناغەدا جەنگەکەی دۆڕاندووە، چونکە تەنانەت خەڵکێک کە تا پێش دوو هەفتە شتێکیان لەبارەی ئۆکرایناوە نازانی هەنووکە بەباشی دەزانن کە ڕووبەڕووی نەتەوەیەکی زۆر واقیعی بوونەتەوە کە لەپێناو مانەوەی خۆیان شەڕ دەکەن. پووتین هەر خەیاڵپەروەرییەکی لە سەردا بێت ناتوانێت ئەم وڵاتە داگیر بکات. پرسێکی دیکە پێوەندی بە داهاتووە هەیە، بە بۆچوونی من بەپێی ئەم پەرۆشییە بێت کە نەک تەنیا خەڵکی ئەورووپا، بەڵکوو خەڵکی جیهان بۆ ئۆکراینییەکان دەریدەبڕن دەستەبەری ئەوەیە کە دوای جەنگ یارمەتی نووژەنکردنەوەی ئۆکراینا وەکوو وڵاتێکی ئاوەدان و خاوەن بنەمای دیموکراسی دەدەن، من خۆم بۆ ئەم کارە ئامادەم. ئێمە ئێوە لە بیر ناکەین و بەتەنیا بەجێتان ناهێڵین.

ئان ئەپڵباوم: تیمۆسی، دوا وتەی تۆ چییە؟

تیمۆسی سنایدەر: وەکوو مێژوونووسێک سەرەتا هەوڵم دا پێداگری بکەم ئۆکراینا لە چەقی پڕۆسەی مێژووی جیهان بووە، لە چەقی تۆتالیتاریزمی سەدەی بیستەم، لە چەقی پلانەکانی هیتلەر و ستالین بۆ جیهان. لە سەدەی بیست و یەکەمیش دەبینین ئۆکراینا لە ناوەندی گۆڕانکارییەکان زۆر گرینگە، لە چەقی جەنگی ئینتەرنێتی و تێکۆشان لەگەڵ ئۆلیگارشییەکانی هایدرۆکاربۆن، واتا یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی سەدەی بیست و یەک. لەوەی کە داهاتووی ئێمە لە گرەوی سەرکەوتن بەسەر کێشەکانی سەدەی بیست و بیست و یەکەمەوەیە، ئۆکراینا لە ئایندەشدا مەکۆی گۆڕانکارییەکان دەبێت.

ئان ئەپڵباوم: زۆر سوپاسی هەردوو میوانی بەڕێز و خۆشەویست دەکەم.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەم چاوپێکەوتنە ئان ئەپڵباوم لە بڵاوکراوەی ئەتڵانتیک بە شێوەی ئۆنلاین لەگەڵ هەریەک لە تیمۆسی سنایدەر، ئوستادی مێژوو لە زانکۆی یێڵ لە ئەمریکا و یوڤاڵ نووح هەراری، ئوستادی مێژوو لە زانکۆی عبریی ئورشەلیم لە ئیسڕائیل، بەڕێوەی بردووە، هاموون نەیشابووری لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە و بە ناونیشانی (جنگ اوکراین و آینده‌ی جهان)، ١٩ی مارسی ٢٠٢٢، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

•• ئان ئەپڵباوم (Anne Applebaum)، ڕۆژنامەنووس و مێژوونووسی پۆڵەندی-ئەمریکایییە. مێژوو و ئەدەبیاتی لە زانکۆی یێڵ و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی جۆرج تاون خوێندووە. بابەتی زۆری لەبارەی مارکسیزم-لینیزم و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا نووسیوە. لە بڵاوکراوەی ئەتڵانتیک کار دەکات و ئەندامی ڕێکخراوی ئاگۆرایە لە زانکۆی جۆنز هاپکینز. نووسەری چەندان کتێبە لەوانە؛ قاتوقڕی سوور: جەنگی ستالین دژی ئۆکراینا، پەردەی ئاسنین: هەرەسهێنانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و گولاگ: مێژوویەک.

••• تیمۆسی سنایدەر (Timothy D. Snyder)، نووسەر و مێژوونووسی ئەمریکایی پسپۆڕە لە بواری مێژووی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و هۆڵۆکۆست. ئوستادی مێژووە لە زانکۆی یێڵ و ئەندامی ڕێکخراوی زانستی مرۆیییە لە ڤیەننا، چەندان کتێبی نووسیوە لەوانە؛ سەرزەمینە خوێناویییەکان: ئەورووپا لە نێوان هیتلەر و ستالین، زەوی ڕەش: هۆڵۆکۆست، لەبارەی ستەمکارییەوە: بیست وانە لە سەدەی بیستەم.

•••• یوڤاڵ نووح هەراری (Yuval Noah Harari)، بیرمەند و نووسەری ئیسڕائیلییە. ئەو مێژوونووس و مامۆستای زانکۆیە لە بەشی مێژووی زانکۆی عیبری ئورشەلیم. خاوەن کۆمەڵێک کتێبی گرینگە لەوانە؛ ھۆشمەندەکان: پوختەی مێژووی مرۆڤایەتی (٢٠١١)، ھۆمۆ دیۆس: کورتەیەکی مێژووی سبەی (٢٠١٥)، و ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١ (٢٠١٨).

* کلپتۆکراسی (Kleptocracy)، فەرمانڕەوایی دز و جەردە (ڕەگی ئەم وشەیە لە کلپتۆ Klepto واتە دز و کراسی Cracy واتە فەرمانڕەوایی، هاتووە)، زاراوەیەکە بەکار دەھێنرێت بۆ حکوومەتێکی گەندەڵ لە بەڕێوبردنی داھاتی گشتیدا بە مانای ئەوەی بەڕێوبردنەکەی وا نەخشە بۆ کێشراوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە خەمی بەخێوکردن و پشتگیریکردنی دەوڵەمەندی تاکەکەسی و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە حکوومییەکان و دارودەستەکانیانە. لەبەر ئەوەی دیموکراسی دزینی ئاشکرا بۆ بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی تاکەکەسی بە مەبەستی پشتگیریکردن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و مانەوە لە دەسەڵاتدا قورستر و زەحمەتتر دەکات، بۆیە ڕژێمە کلپتۆکراسییەکان زۆرجار ڕژێمی دیکتاتۆرین یان ھەندێک شێوازی تری حکوومەتی ئۆتۆکراتین (تاکڕەویی). فەرمانڕەوایی کلپتۆکراسی واتە؛ ئابووری وڵات بخرێتە ژێر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کەسانی کلپتۆکراتەوە. ئەو وڵاتانەی سەروەت و سامانیان لە ڕێگەی سەرچاوە سروشتییەکانەوە بەدەست دەهێنن وەک، ئەڵماس، نەوت و گاز… هتد. لەوانەیە بە شێوەیەکی تایبەت ببن بە کلپتۆکراسی. ئەوانەشی سامانیان لە ڕێگەی سیستەمی باج وەرگرتنەوە بەدەست دێت سنوورێکی سروشتی دیاریکراویان ھەیە لەبارەی ئەوەی تا چ ڕادەیەک دەتوانن سیاسەتی کلپتۆکراسییان لەسەر خەڵکی خۆیان فرەوان بکەن بەبێ شڵەژاندنی حکوومەتەکەیان.

ناونیشانی چاوپێکەوتنەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Anne Applebaum, Timothy Snyder and Yuval Noah Harari, ‘The War in Ukraine and the Future of the World’, 2 March 2022