​ سەدر پرۆسەی سیاسی عيراق بەرەو كوێ دەبات؟

ڕاپۆرت 13/06/2022

چاودێر:

رەوشێكی شاراوە و نادیار لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا دروستبوو دوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان بە بڕیارێكی كتوپڕ كە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەكە دای، دوای ئەوە چوارچێوەی هەماهەنگی گفتوگۆ نێوخۆییەكانی دەستپێكردنی بۆ تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی داهاتوو.

رۆژی دوو شەممە پەرلەمانتارانی سەدر كشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان بە بڕیاری رێبەرەكەیان و بە پەسەندكرانی لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانەوە راگەیاند.

هاوكات رێبەری رەوتی سەدر بڕیارێكی دیكەیدا ئەویش داخستنی زۆرینەی بارەگاكانی رەوتەكەیەتی جگە لە هێندێك بارەگای زۆر پێویست.

بە گوتەی چاودێران ئەم هەنگاوەی سەدر بە واتای كۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی دێت كە بەهاوبەشی محەمەد حەلبووسی و پارتی دیموكراتی كوردستان پێكیانهێنابوو.

شرۆڤەكاران چەند بۆچونیان هەیە لەبارەی هەنگاوەكانی سەدر و كاردانەوەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی، كە ئایا لەبەرژەوەندی سەقامگیری رەوشی سیاسی دەبێت یان تەنگەژەكان قوڵ دەكاتەوە، بڕیارەكانی سەدر جێگیر نین، ئەمەشە نیگەرانی جەماوەری و سیاسی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی دا حكومەتی سازان بە بەشداری سەدر پێكبهێنێت، بەڵام گومانی هەبوو لە چوونی سەدر بۆ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، بەوپێیەی دەبێتە مەترسی بۆ حكومەتی ئایندە و توانای رووخاندنی ئاسان دەبێت.

سەدر چوو بۆ هەنگاوێكی دوورتری ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی، ئەویش ئۆپۆزسیۆنی جەماوەرییە، خۆ ئەگەریش پەنابەرێت بۆ جادە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەوا نیگەرانی زۆر لای هێزە سیاسییەكان دروست دەكات كە هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەدەن هاوشێوەی 2016، ئەو كاتەی لایەنگرانی سەدر هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوز و باڵەخانەی پەرلەمان.

عیماد محەمەد شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت: سەدر لە جادە لە پەرلەمان و حكومەت بەهێزترە، ئەمجارە حیزبەكانی تشرینی لەگەڵ دەبن، بۆیە ناڕەزایەتییەكان فراوانتر دەبن، توندتر دەبن، كۆتای دێنێت بە فەوزای پرۆسەی سیاسیی بە هیوای دروستكردنی پرۆسەیەكی سیاسی نوێ دوور لە كاریگەری دەرەوەیی.

لای خۆیەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەتویتەر نووسی رێز لە بڕیارەكانی سەدر دەگرێت و چاودێری هەنگاوەكانی داهاتوو دەكات.

لای خۆیەوە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و هاوپەیمانی سەدر بە سەردانێك چووە ئوردن بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم دەوڵەتە.