هەسەدە بەفەڕمی بڕیاری نزیكبوونەوەی لە دیمەشق دا

ڕاپۆرت 07/06/2022

 

چاودێر:

ئەمڕۆ ئەنجومەنی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە فەرماندەیی مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە كۆبونەوەیەكی نائاسایی وەك ئامادەكاری بۆ ئەگەری هێرشی نوێی توركیا بۆ سەر ناوچەكە بە ئامادەبوونی فەرماندە و بەرپرسانی هێزەكە رێكخست.

بەپێی راگەیەندراوێك لە كۆبوونەوەكەدا بەشێوەیەكی فەڕمی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ سووپای سووریا و حكومەتی سووریا بۆ پێشگرتن بە هێرشەكانی توركیا.

لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتكرایەوە كە هێرشە گریمانكراوەكەی توركیا كاریگەری دەبێ لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و یەكگرتووی خاكی سووریا و هێرشەكان تەنها لە چەند ناوچەیەكدا كورت نابنەوە.

هێزی سووریای دیموكرات لە راگەیەندراوەكەیدا گوتی: ئێمە ئامادەین بۆ هەر هەماهەنگییەك لەگەڵ دیمەشق بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی توركیا.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كاریگەری هێرشەكان بۆ سەر ناوچە سڤیلەكان و چۆنێتی پارێزگاری لە سڤیلەكان كرا، تێیدا فەرماندە مەیدانییەكان روونكردنەوە و زانیاری خۆیان لەسەر رەوشی مەیدانی ناوچەكانیان پێشكەشكرد.

ئەم كۆبوونەوەی سووریای دیموكرات رۆژێك دوای لێدوانێكی مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز دێت كە تێیدا گوتی: پێویستە كاتی هێرشی سووپای توركیا سیستمی بەرگری ئاسمانی سووپای سووریا بكەوێتەكار بۆ پێشگرتن بە هێرشی فڕۆكەكانی توركیا.

ئەم هەڵوێستەی هەسەدە چەندین لێكدانەوەی بۆ دەكرێت بەتایبەت لەسەر ئاستی هەرێمى ئێران پێشوازی لێ دەكات، بەتایبەت كە لە ماوەی رابردوودا بەرژەوەندییەكانی ئێران و توركیا بەریەككەوتوون لە عێراق و هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بەتایبەت لە شەنگال.

بەپێی زانیارییەكان هەردوو حكومەتی دیمەشق و تاران خوازیاری سەرنجڕاكێشانی زۆرتری هەسەدەن بەلای خۆیان و دووركەوتنەوە لە ئەمریكان، تاكو بتوانن باشتر شوێن و پێگەی خۆیان بگێڕنەوە بۆ ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سووریا.

ئاژانسی هەواڵی مێهری فەڕمی ئێران لە زاری ئێلیزا ماركۆس، كارناسی پرسی كورد بڵاویكردەوە، ئەو لێدوانەی مەزڵووم كۆبانێ بۆ هاوكاری لەگەڵ دیمەشق نیشانەی بێ هیوابوونی كوردەكان لە ئەمریكا بۆ بەرگری لە ناوچە كوردنشینەكانی سووریا بەرانبەر هێرشەكانی توركیا دێت.

ئەم كارناسەی كورد گوتی: ئەو بابەتە چاوەڕوان نەكراو بوو و نیشانەی كۆتایی هاتنی پشت بەستنی كوردەكان بە ئەمریكا بەرانبەر هەڕەشەكانی ئەردۆغانە.

 لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا گوتی: ئێمە رازی نابین بە بوونی پشتێنەی تیرۆر لە ناوچەكانی باشووری وڵاتمان، بۆیە لە كاتێكی گونجاودا ئۆپراسیۆن دەكەین.

ئاكار گوتیشی: ئێمە دەست بۆ خاكی دراوسێكان نابەین، بەتایبەت سووریا و عێراق، هێرشەكانیشمان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدایە.