هەسەدە و ئەسەد لە دژی توركیا هەماهەنگی دەكەن

ڕاپۆرت 06/06/2022

چاودێر:

هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا بەردەوامە بە ئامانجی دروستكردنی ناوچەی ئارام بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر و نیشتەجێكردنی ئاوارەكانی سووریا كە ئێستا لەنێو توركیادان، ئەم هەڕەشانە لە حاڵێكدایە توركیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەكراوە لە هیچ لایەكەوە كە هێرش بكات.

لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەكانی توركیا، بۆردوومان و تۆپبارانی سووپای توركیا و گرووپە چەكدارە توندڕۆكان لە سنووری منبج و عەین عیسا و چەند ناوچەیەكی دیكەی رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و شەوی رابردوو 3 كەس برینداربوون.

هاوكات ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی سنوورەكە بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی ناوچە ئاوەدانییەكان ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵكردووە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەریەكە لە ئەمریكا و رووسیا رەتیانكردووەتەوە رێگا بە توركیا بدەن هێرشی نوێ بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان بەهۆكاری تێكچوونی رەوشی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و كاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش.

بەپێی سەرچاوەكان جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی دەستكراوە كردووە بۆ گرتنەبەری هەر رێوشوێنێك بۆ رێگری لە هێرشەكان.

هاوكات سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، رووسیا فڕۆكەی جەنگی لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ جێگیركردووە، هاوكات كاروانی هێزەكانی رووسیا لە چەند ناوچەیەكی هاتووچۆ دەكەن.

ئێران و حكومەتی سووریاش دژی هێرشی توركیان بۆ سەر رۆژئاوا و هەردوولایەن بە توندی رەتیانكردووەتەوە، هێندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كە هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە چەند خاڵێكیان رادەستی هێزەكانی سووریا كردووە و ئاڵای سووری هەڵكراوە لە بری ئاڵای هەسەدە ئەمەش بۆ رێگری لە هێرشەكانی توركیا.

لای خۆیەوە مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز گوتی: پێویستە سیستمی بەرگری هەوایی سووریا بخرێتە ئیس لە دژی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا لە حاڵی دەستپێكردنی هێرشدا، دەبێت ئەوان رێگری لە هێرشەكان بكەن.

هاوكات راشیگەیاند ئەوان هەماهەنگی لەگەڵ سووپای سووریادا دەكەن، بەڵام پێویستیان بە ناردنی هێز نییە.

شارەزایان لەوباوەڕەدان توركیا دەیەوێت رەوشی ناوچەكە و شەڕی ئۆكرانیا بقۆزێتەوە بۆ هێرشێكی نوێ بۆ سەر رۆژئاوا و داگیركردنی چەند ناوچەیەكی نوێ لە باكووری سووریا بە چەند ئامانجی ئابووری و سیاسی و ئەمنی، لە پێشیانەوە بەرتەسككردنەوەی زیاتری ناوچەكانی هەسەدە.