ئەردۆغان پرسە نێودەوڵەتییەكان بۆ داگیركردنی كوردستان دەقۆزێتەوە

ڕاپۆرت 01/06/2022

چاودێر:

دوای راگیران و دواخستنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، جارێكی دیكە ئەردۆغان هەڕەشەی لە رۆژئاوای كوردستان كردەوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر باكووری سووریا ناوچەكانی منبج و چەند شوێنی دیكەش دەگرێتەوە و ناوچەی ئارام بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر دروست دەكرێت و دەشبێت ئەو ناوچانە لە تیرۆر پاكبكرێنەوە.

ئەردۆغان رەخنەشی لە ناتۆ گرت كە ئەو پێشنیازانەیان پشتگوێخستووە كە توركیا پێشكەشیكردوون بۆ چارەسەركردنی كێشەی وەرگیرانی سوید و فینلاند لە ناتۆ، چونكە ناتۆ رێكخراوێكە بۆ پارێزگاری لە ئاسایش نەك هاوكاری لەگەڵ رێكخراوە تیرۆرستییەكان.

گوتەكانی ئەردۆغان لەكاتێكدایە بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە ژێر گوشاری ئەمریكا و خۆرئاوادا ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ سەر رۆژئاوا راگرتووە.

جاك سۆلیڤان راوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریكا پێوەندیكرد بە ئیبراهیم كاڵن راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و داوای لێكرد هێرشنەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان.

ئەم داوایەی سۆلیڤان پەیامی بەڕێوەبەرایەتییەكەی جۆ بایدنە بۆ ئەردۆغان كە رازی نابێت ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنی نوێ بكاتە سەر رۆژئاوا.

پێشر سەرچاوەكانی هەواڵ ئاشكرایانكردبوو ئەنقەرە بڕیاریدابوو لە دوو رۆژی رابردوو ئۆپەراسیۆن دەستپێبكات، بەڵام بەهۆی هۆشدارییەكانی ئەمریكاوە دوایخستووە.

پێرێش ئەردۆغان پێوەندی بە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی رووسیاوە كرد بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی هێرشی سەر رۆژئاوای كوردستان، بەڵام سەرچاوەكان دەڵێن مەحاڵە مۆسكۆ بەم هەنگاوەی ئەردۆغان رازی بێت.
  
لای خۆیەوە ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیەدە بۆ ئاژانسی هاوار نیوز گوتی: ئێستا گڵۆپی سەوزی خۆرئاوا بۆ توركیا هەڵنەبووبێت لە داهاتوو بۆی هەڵدەكەن.

ئاڵدار خەلیل گوتیشی: توركیا مامەڵە لەگەڵ هەر لایەنێك بكات، یەكەمجار باسی لێدانی كورد دەكات، چۆن لە مامەڵەی لەگەڵ رووسیا عەفرینی داگیركرد و لەگەڵ ئەمریكا گرێسپی و سەرێكانیی داگیركرد، دەیەوێت لە بابەتی ناكۆكیەكانی ئێستای ناتۆش كەڵك وەربگرێت بۆ داگیركردنی شوێنی دیكە.