عێراق پەنا بۆ دووهەم هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبات

ڕاپۆرت 31/05/2022

چاودێر:

چەقبەستوویی عێراق بەردەوامی هەیە، ناكۆكی نێوان لایەنەكان بەتایبەت بەرەی رەوتی سەدر و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامی هەیە، بۆیە كار گەیشتە ئەوەی ئەمڕۆ سەدر بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دووبارە بكات.

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە لێدوانێكدا گوتویەتی: دۆخی سیاسی عێراق بەم جۆرەی ئێستا بەردەوامبێت با پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە دووبارە ئەنجام بدرێت.

بەپێی سەرچاوە نزیكەكانی رێبەری رەوتی سەدر،  موقتەدا سەدر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوەو دووبارە هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێتەوە.

سەدر دووپاتیكردووەتەوە كە بەهیچ جۆرێك ئامادەی پێكهێنانی حكومەتی رێككەوتن نییە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیە لە حاڵی شكستی كابینەی زۆرینە پەنا بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە دەبات.

 لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردووەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە كراوە، بەڵام بەهۆی سووربوونی رەوتی سەدر لەسەر پێكهێنانی كابینەی زۆرینە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیانخواردووە.

چاودێران لەم رەوشەی ئێستادا  گەیشتن بە رێكەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە دوور دەزانن، بەتایبەت كە رۆڵی دەرەكیش هەیە لەم نێوەندەدا، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختەی دووبارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە دوور نازاندرێت.

سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئاشكرایكردووە لەم قۆناغەدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە كارێكی زەحمەتە، رەوشی سیاسی وڵات زیاتر تێك دەدات.

ئەو سەرچاوەیە داوایكردووە كێشەكانی نێوان دوو لایەنی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی چارەسەر بكرێن و كابینەی نوێ پێكبهێندرێت، ئەمە لەبەرژەوەندی عێراقدا دەبێت.