ئەمریكا ستۆپی بە ئەردۆغان كرد

ڕاپۆرت 30/05/2022


چاودێر:

هەرچەندە رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی ئامادەكردبوو لەم یەك دوو رۆژەدا ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوای كوردستان بكات و شاری كۆبانێ داگیر بكات، بەڵام كتوپڕ ئۆپەراسیۆنەكە راگیردرا لەژێر گووشاری ئەمریكا و لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی دیكەدا.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئەردۆغان لەژێر گووشارە توندەكانی ئەمریكا و لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی دیكەدا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دواخست.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، توركیا گرووپە چەكدارە توندڕۆ ئیسلامییەكانی سووریاشیان ئاگاداركردووەتەوە كە ئۆپەراسیۆنەكە دواخراوە.


بەپێی چەند سەرچاوەیەكی سیاسیی و مێدیایی ئاگادار لە دوو رۆژی رابردوودا حكومەتی توركیا دوای تەواوكردنی رێوشوێنە یاسایی و سەربازییەكان بە تەمای دەستپێكردنی هێرشبوون بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

هاوكات گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا لەلایەن ئەنقەرەوە ئاگاداركرابوونەوە ئامادەبن بۆ دەستپێكردنی هێرش و ئەوانیش فەرمانیان بۆ هێزە مەیدانییەكان نارد تا هاوكاتی دەستپێكی هێرشی ئاسمانی و زەوینی توركیا ئەوانیش هێرش بۆ سەر ناوچەكانی هەسەدە دەستپێبكەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە لێدوانێكدا گوتی: ئێمە شەڕی تیرۆر دەكەین لە باكووری سووریا، مۆڵەتیش لە كەس وەرناگرین.

بە دوای ئەم لێدوانەوەدا هێزەكانی سووریای دیموكرات و دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان رێوشوێنیان گرتەبەر بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان كرد تا رێگری لە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بكەن.

بەپێی سەرچاوەكان ئامانج لەم هێرشەی توركیا داگیركردنی كۆبانێ بوو تاكو لەگەڵ گرێسپی و جرابلووسدا لێكیان بدات و بیانكاتە ناوچەیەكی ئارام بۆ ئاوارەكانی سووریا، ئامانجێكی دیكەی توركیا لەم هێرشانەدا، دابڕینی باشوور و رۆژئاوای كوردستانە لە یەكدی تا ناوچەكانی بن دەستی پەكەكە بەرتەسك بكاتەوە.

كاربەدەستانی باڵای توركیا گوتویانە ئامانجیان لە ئۆپەراسیۆنەكان دروستكردنی ناوچەی ئارام و نیشتەجێكردنی ئاوارەكانی سووریایە تێیدا.

لە بەرامبەردا ئەمریكا لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری كاردانەوەی نیشاندا هۆشداریان دایە ئەنقەرە لە ئەنجامدانی هێرش و ئەو هەوڵانەیان سەركۆنەكرد ، بەتایبەت كە كاریگەری دەبێت لە لاوازكردنی رۆڵی هەسەدە لە شەڕی داعشدا.

بەپێی سەرچاوەكان ئەمریكا و فەڕەنسا زۆر بە توندی دژی هێرشی سەر رۆژئاوان، بەڵام ئەڵمانیا و بەریتانیا نەرمترن.

لەسەر ئاستی رووسیا و ئێران و دیمەشقیش ناڕِەزایەتی بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بووە، بۆیە ئەنقەرە ناچاربووە ئۆپەراسیۆنەكەی دوابخات یان بە یەكجاری هەڵیبوەشێنێتەوە.

ئەنقەرە خوازیار بوو بەهۆی سەرقاڵبوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گورزێك لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان بوەشێنێت، بۆیە ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر باشوور دەستپێكرد، بەڵام دوای بەرگرییە سەختەكانی هەپەگە ناچار خاوكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكەی باشوور بوو، بۆیە ویستی بە ئۆپەراسیۆنێكی نوێ لە دژی رۆژئاوا قەرەبووی بكاتەوە، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنەشی ئاستەنگبوو، بۆیە رەنگە توركیا بیر لە هەنگاوێكی دیكە بكاتەوە.