ئەمەریکا ٤٠ ملیار دۆلار وەک هاوکاری بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکات

جیهان 20/05/2022

چاودێر

 

ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا نزیکەی 40 ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد و پڕۆژەیاساکەی ڕەوانەی کۆشکی سپی کرد تا سەرۆک جۆو بایدن واژۆی بکات و ببێتە یاسا.

ئەم کۆمەکەی ئەمەریکایە لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر وڵاتاکە خەریکە پێدەنێتە سێ مانگەوە و واشنتۆن هیواخوازە هاوکارییەکانی یارمەتیی ئۆکرانییەکان بدات شەڕەکە ببەنەوە و وڵاتەکەیانی پێ ئاوەدان بکەنەوە.

چەک شومەر، سەرۆکی سێنات و ئەندامێکی پارتی دیموکراتەکان، ڕایگەیاند: ئەمە پاکێجێکی گەورەیە و پێداویستییە گەورەکانی گەلی ئۆکرانیا دابین دەکات لە کاتێکدا خەبات دەکەن بۆ مانەوەیان.

شومەر وتیشی: "بە تێپەڕاندنی ئەم یارمەتییە بەپەلەیە، ئێستا سێنات دەتوانێت بە گەلی ئۆکرانیا بڵێت: یارمەتی بەڕێوەیە. یارمەتیی ڕاستەقینە. یارمەتییەکی بەرچاو. یارمەتییەک کە دەتوانێت دڵنیاکەرەوەی سەرکەوتنی ئۆکراینییەکان بێت."