گەڕێكی دیكەی شەڕی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستیپێكرد

ڕاپۆرت 17/05/2022

چاودێر:

گەڕێكی دیكەی شەڕی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەغدا دەستیپێكردەوە بەتایبەت دوای كۆبوونەوەكەی هەولێری هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان و پێداگری لەسەر پێكهێنانی كابینەی زۆرینە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دووپاتیكردەوە كەیسی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەستوورییە.

ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان گوتی: هەنگاوەكانی هەرێم لەبارەی نەوت و  غاز پێچەوانەی دەستوور نین.

لای خۆشیەوە جوتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دووپاتیكردەوە گرووپ و هێزی چەكدار دەستی بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا نەگرتووە و گوتیشی: كۆمپانیای نەوتی باكوور لە دەرەوەی یاسای نەوت و غاز كار دەكات.

ئەم لێدوانەی حكومەتی هەرێم دوای لێدوانێكی كۆمپانیای نەوتی باكوور بوو كە هەرێمی كوردستانی تۆمەتباركرد بە هێزی چەكدار دەستی بەسەر كێڵگەنەوتییەكاندا گرتووە و سكاڵایان تۆماركردووە بۆ گەڕاندنەوەیان.

هاوكات زانیاری ئەوەش لە ئارادا هەیە كە جموجۆڵی سووپای عێراقی هەیە بەرەو بیرەنەوتەكانی خوورمەڵە لە هەولێر و عەین زالە لە موسڵ، لەبەرامبەردا پارتیش جووڵەی بەهێزكردووە.

هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم كردووە كە دەبێت گرێبەستی نوێ لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ ئەنجامبدەن بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن كار بكەن.

ئەم جموجۆڵانە لەپێناو جێبەجێكرانی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵیە كە كەیسی نەوت و غازی هەرێمی بە نادەستووری نێوبردووە و هاوكاتی جموجۆڵەكانی هەوڵی هەناردەكردنی غازی هەرێمیشە بۆ دەرەوە.

شرۆڤەكاران لەوبڕوایەدان ئەم شەڕەی لەسەر نەوت دەستیپێكردووە، رەهەندێكی سیاسیشی هەیە لەسەر پێكهێنانی كابینەی زۆرینە و پشتگیری پارتی لەبەرەی سەدرییەكان.

شرۆڤەكاران چاوەڕێدەكەن گووشارەكان لەسەر هەرێم تووندتر ببن، وەك كاربەدەستێكی ئەمریكی لە عێراق گوتی مەترسی لەسەر كیانی هەرێمی كوردستان هەیە.