توركیا مەترسی لە هەنگاوەكانی ئەمریكا و هەسەدە هەیە

ڕاپۆرت 16/05/2022


چاودێر:

بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ دەرهێنانی رۆژئاوای كوردستان لە سزاكانی قەیسەری سەر سووریا نیگەرانی توندی توركیای بەدوای خۆیدا هێناوە و لەسەر باڵاترین ئاستی ئەم دەوڵەتە نیگەرانی دەربڕدرا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رۆژئاوای كوردستان و باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كە لە ژێر دەستی هێزەكانی سووریای دیموكراتی هاوپەیمانی ئەمریكادایە لە سزاكانی قەیسەری سووریا دەرهێنا.

بەپێی ئەم بڕیارەی ئەمریكا، بۆ لەمەودوا كۆمپانیاكانی جیهان لەسەرجەم بوارەكانی جگە لە نەوت دەتوانن دەست بە كاركردن و وەبەرهێنان بكەن لە رۆژئاوای كوردستان.

بەم هەنگاوە رۆژئاوای كوردستان گەشەكردنێكی بێ پێشینە بەخۆیەوە دەبینێت لەڕووی گەشەی ئابووری و ئاوەدانی  و بنیاتنانەوە، ئەمەش دەبێتە بنەمایەكی باش بۆ بەهێزی دەسەڵاتە كوردیەكەی باكووری سووریا و دۆستی ئەمریكا.

ئەم هەنگاوە نیگەرانی توركیا ی بە دوای خۆیدا هێناوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: ئەم هەنگاوەی ئەمریكا هەڵەیە، هەڵەیەكە قەبوڵ ناكرێت.

نیگەرانییەكانی توركیا زیاتربوون بەهۆی ئەوەی بڕیارەكەی ئەمریكا ناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان و پارێزگای ئیدلب لە باكووری سووریا ناگرێتەوە كە لە بن دەستی گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی توركیادان و ئەنقەرە بەرنامەی هەیە یەك ملیۆن و نیو ئاوارەی سووری لەوێ نیشتەجێبكات.

حكومەتی سووریاش لە دیمەشق نیگەرانی ئەم هەنگاوەی واشنتنە، بۆیە هەندێك سەرچاوەی سیاسی ئاگادار دەڵێن، پێوەندی نهێنی ناڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان ئەنقەرە و  دیمەشقدا بە ئامانجی گوشاری زیاتر بۆ رۆژئاوای كوردستان.

ئەنقەرە و دیمەشق بە چەند هەنگاوێك گووشار لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن، یەكەم توركیا و گرووپە چەكدارەكان هێرشەكانیان زیادكردووە بۆ سەر رۆژئاوا، لەولاوە دیمەشق ماوەی رابردوو گەمارۆی خستبووە سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی شاری حەلەب.

مەزڵوم كۆبانێ فەرمانداری گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات سووپاسی ئەمریكای كرد بۆ هەنگاوەی بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان ناویەتی.   

بەپێی زانیارییەكان هەسەدە كار دەكات بۆ بەهێزكردنی پێگەی رۆژئاوای كوردستان وەك كیانێك بۆ پێكهاتەكانی ناوچەكە نەك تەنها، كورد سیستماتێك و رێكخراوەیی بواری سەربازی و هێزە ئەمنییەكان، نەبوونی گەندەڵی، نەبوونی ناكۆكی و فرەباڵی لە سیسمی حكومڕانیدا ئەمریكای راكێشاوە بۆ بەردەوامیدان بە هاوكارییەكانی لە دوای گرتنی پایتەختی داعش، هەرچەندە ئەمریكا خوازیاری كەمكردنەوەی ناڕەزایەتیەكانی ئەنەكەسە و رێككەوتنیانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا، كە ئێستا لە دەرەوەی دەسەڵاتن.