عێراق رووبەڕووی تەنگەژەی گەنم دەبێتەوە

ڕاپۆرت 09/05/2022

چاودێر:

كامیل حامید بە نیگەرانییەوە لە كێڵگەكەی دەڕوانێت لەنێوەڕاستی عێراق كاتێك دەبینێت بەرهەمەكەی روو لە پاشەكشەیە لەمساڵدا بەهۆی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو.

وشكەساڵی بە تەنها بەرۆكی دانەوێڵەی ئەم جووتیارەی نەگرتووە، چونكە جەنگی ئۆكرانیاشی هاتەسەر كە كاریگەری زۆری لەسەر چاندنی عێراق دروستكردووە.

ئەم پیاوە دەڵێت وشكەساڵییەكی زۆر نائاسایی هەیە، تەنانەت بیرەكانیش وشك دەبن، ئاوی خوێیاویان تێدایە.

ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵیەوە عێراق بڕیاری كەمكردنەوەی رووبەری زەویە چێندراوەكانی دا بە دانەوێڵە، بەمەش بڕەكەی زۆر كەم دەبێتەوە بەجۆرێك بۆ دۆنمێك تەنها 500 كیلۆگرام بەرهەمی بووە، لە كاتێكدا ساڵانی پێشوو تۆنێك و نیوی بەرهەم بووە.

ئەو جوتیارە سەرەڕای وشكەساڵی باسی كاریگەرییەكانی جەنگی ئۆكرانیا و رووسیاش دەكات، گوتی: كاریگەری زۆری هەیە، نرخی رۆنی مەكینە و ئامێرەكان بەرزبووەتەوە، ئەمە خەرجی زیادكردووە لەسەر جوتیاران.

ئەم  جووتیارە گوتی: چۆن نان و خەرجی بنەماڵەكەی دابین بكات، لە حاڵێكدا مووچەی نییە، هیچ كارێكی دیكەی نییە چ بكات.

دانیشتوانی عێراق كە 41 ملیۆن كەسن هەست بە دەركەوتنی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەكەن لەسەر ژیان و گوزەرانیان كە لە بیابانبوونەوە دەستیپێكردووە لەگەڵ دووبارەبوونەوەی گەردەلوولی خۆڵبارین و كەمبوونەوەی دابارین و دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەكان.

 تەنگەژەی ئاو بەلای عێراقییەكانەوە پرسێكی ستراتیژییە، ئەم دەوڵەتە پشكی مێژوویی هەیە لە دوو رووباری مێژوویی دیجلە و فوڕات، لەگەڵ توركیا و سووریا و ئێران، بەغدا زیاد لە جارێك نیگەرانی نیشانداوە بەرامبەر ئەم دراوسێیانە بەهۆی بنیاتنانانی بەنداوەكان و كەمكردنەوەی بەشەئاوی خۆی.

رووباری فوڕات بە پارێزگەی دیوانیەدا تێپەڕ دەبێت، تێكڕاكەی دەگاتە 180 میتر چوارگۆشە لە چركەیەكدا، بەڵام ئەمساڵ دابەزیوە بۆ 80 میتر.

حەسەن وائیلی بەڕێوەبەری كشتوكاڵ لە پارێزگەی دیوانیە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس گوتی: لە 2019 بۆ 2020 بەرهەمی دانەوێڵە 5 ملیۆن تۆن بووە، ئەمەش بەشی پێویستی وڵاتی كردووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ چاوەڕێدەكرێت 3 ملیۆن تۆن بێ، بۆیە دەبێت بەشی تەواوكاری هاوردە بكرێت.