​ توركیا لە ئۆكراینەوە بۆ شاخەكانی قەندیل

ڕاپۆرت 04/05/2022


لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی رووسیا و ئۆكراینەوە، توركیا لەڕووی دبلۆماسی و لەشكرییەوە جووڵەی كرد، تا رۆڵی فراوانتر ببینێت.

نێوەندگیرییەكەی ئەنقەرە لەلایەن مۆسكۆو كیێڤەوە پێشوازی لێكرا، هەوڵەكانی توركیا گەیشتە ئاستێكی پێشكەوتوو دوای گفتووگۆكانی ئیستەنبوڵ لە مانگی رابردوودا، كە شاندی ئۆكراینی یاداشتێكی نوسراویان دایە شاندی رووسیا.

دوای ئەو گفتوگۆیانە رووسیا كارەساتی لە شارۆچكەی بوچا دروستكرد لە نزیك كیێڤ، گفتوگۆكان راگیران، گەڕی دووهەمی شەڕ دەستیپێكرد، رووسیا هێرشیكردە سەر دۆنباس لە خۆرهەڵاتی ئۆكراین، خۆرئاوا بەشێوەی چاوەڕواننەكراو و بێ پێشینە ئۆكراین پڕ چەك دەكات، هیچ لایێك  ئامادەنین بۆ گفتوگۆی جدی و كۆتایی جەنگ، بەڵكو لە هەوڵی دەستكەوتی دیكەن لە گۆڕەپانی جەنگدا.

لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵە دپلۆماسییەكانی توركیا رانەگیردراون، رەجەب تەیب ئۆردۆغان سەرۆكی توركیا پێوەندیكردووە بە هاوتای رووسیایی فلادیمێر پووتین و هاوتای ئۆكراینی ڤۆلۆدێمیر زێلێنسكییەوە.

هاوكات توركیا زنجیرەیەك هەنگاو و بڕیاری گرتوونەبەر كە لە چەند رەهەندێكەوە پەیامیان گرتووە، پێش ئەوە دەستپێشخەری هەبوو لە رۆژانی سەرەتای جەنگدا بۆ داخستنی گەرووی بۆسفۆڕ و دەردەنیل لەپێش كەشتییە جەنگییەكانی رووسیا بەرەو دەریای رەش، هێزی دەریایی توركیا كاریكرد بۆ پووچەڵكردنەوەی مینە دەریاییەكان تا مەترسی بۆ هێڵی بازرگانی توركی و نێونەتەوەیی نەبێت بە گوتەی سەرچاوەیێكی ئاگادار.
 
لەباری باشوور و خۆرهەڵاتی توركیاوە لەسەر ئاستی هەرێمی، لەشكری ئەم دەوڵەتە ئۆپەراسیۆنی لە "باكووری عێراق" هەرێمی كوردستان  دەستپێكرد بۆ راوەدوونانی گەریلاكانی پەكەكە لەگەڵ بوونی زانیاری بە چوونی هێزی توركیا بۆ قوڵایی 60 كیلۆمیتر بۆ نێو خاكی عێراق و بنیاتنانی بنكەی هەمیشەیی لەناوچەكەدا، لەگەڵ گەیشتن بە شاخەكانی قەندیل پێگەی مێژوویی پەكەكە.

"لە باكووری خۆرهەڵاتی سووریا" رۆژئاوای كوردستان،  هێزەكانی توركیا ئاستی هێرش و گورزەكانیان بەرزكردەوە لە دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات پشتیوانیكراو لەلایەن ئەمریكاوە و بوونی زانیاری لەنێو مێدیای توركیا لەبارەی بوونی گفتووگۆی نهێنی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، نێوەرۆكی گفتوگۆش چۆنێتی گوشارهێنانە بۆ هەسەدە لەسووریا.

جوڵەی توركیا بۆ بەرتەسكردنەوەی بازنەی سەر هەسەدە كە دەڵێت درێژكراوەی پەكەكەیە شوێن ناگرێ بەبێ زیادكردنی هێزەكانی لەناوچەی كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ئیدلب كە بە ناوچەی پووتین- ئۆردۆغان ناسراوە.

زیادكردنی هێزی توركی لەم ناوچانەدا، پرسیاری زۆری ورووژاندوون، كە ئایا ئەنقەرە سەرقاڵی رووسیا بە جەنگی ئۆكراین دەقۆزێتەوە لەناوچەی كەمكردنەوەی گرژییەكان بۆ دوورخستنەوەی هێزەكای سووریا كە پێشتر بۆی چوون لە دواین گەڕی شەڕدا پێش دوو ساڵ كە گەیشتبوونە ناوچەكە.

ئەوەش نهێنی نییە كە توركیا هەوڵ دەدات بۆ گەڕاندنەوەی 1.5 ملیۆن ئاوارەی سووریایی  بۆ باكووری سووریا و شوێنی لە ریفی حەلەب و ئیدلب بۆ نیشتەجێكردنیان ئامادەكردووە و راهێنانی بە گرووپە چەكدارەكانی ئۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا كردووە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری كارگێڕیی و ئاسایش و بەكارهێنانی لیرەی توركیش لە سنوورەكەدا وەك دراو.

ئەم جووڵانەی توركیا لەچوارچێوەی جەنگی رووسیا ئۆكرایندایە كە پێگەی بەهێزی خۆی وەك هێزێكی هەرێمی چەسپاندووە و گەیشتووە بە باشكردنەوەی پێوەندییەكانیشی لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو، بەتایبەت عەرەبستانی سعودی و ئیمارات،  لە هەمانكاتدا هەوڵ دەدات بۆ باشكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و راكێشانی بۆری غاز لە دەریای نێوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا، لە حاڵێكدا جەنگی غاز لەنێوان رووسیا و ئەوروپادا هەیە، ئەمەش گرینگیی ئەو پێوەندییە متمانەپێكراوە كەم ناكاتەوە كە تاران و ئەنقەرە پێكەوە دەبەستێتەوە.

توركیا  لەنێو هەموو ئەمانەدا، دەوڵەتێكە بەدوای بەرژەوەندییەكانیدا دەگەڕێت، كار دەكات بۆ پاراستنی ئەم بەرژەوەندییانەی بە دبلۆماسی  و جوڵەی لەشكری  جارێكی ديكه.