توركیا بۆچی ئۆپەراسیۆنەكەی راگرت؟

ڕاپۆرت 25/04/2022

چاودێر:

ئەمڕۆ دوو شەممە خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بەشێوەیەكی كتوپڕ راگیرانی ئۆپەراسیۆنەكانی سەر پەكەكەی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند.

خولوسی ئاكار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكانی سەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان تەواو بوو توانیمان سنوورەكان بەڕووی توركیادا دابخەین، بۆ قۆناغەكانی داهاتوو بڕیاری پێویست دەدرێت، ناوچەكە پڕ ئەشكەوت و شاخاویی و سەختە، پلانسازی باشتری دەوێت.

ئاكار گوتی: شەڕ بەردەوام دەبێت لە داهاتوودا دەچینە نێو بنكە  و بارەگاكانی پەكەكەوە، دەبێت پەكەكە لەنێوبەرین لە باكوری عێراق.

ئەمە لێدوانی فەڕمی توركیایە بۆ راگیرانی ئۆپەراسیۆنێك كە بەناوەكەیدا دیارە بۆ داخستنی توركیا بەڕووی جموجۆڵی پەكەكە و گرووپەكانی دیكەی سەر بەم حیزبەدایە.

چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی باس لەبوونی دوو پلان دەكەن لە پشتی هێرشەكانی توركیاوە، پلانی كورتمەودا و دورمەودا.

پلانی كورتمەودا كە ئێستا كاری بۆ دەكات دابڕینی باشوور و رۆژئاوای كوردستانە لە باكوری كوردستان و توركیا، چونكە ترسی هەیە ئەزموونەكانی ئەم دوو پارچەیە بەهۆی گۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانەوە بگەن بە باكوری كوردستانیش.

بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە، ئەنقەرە كار لەسەر داگیركردنی بەشێكی خاكی رۆژئاواو باشووری كوردستان دەكات تا وەك پشتێنەیەكی ئەمنی بەكاری بهێنێت، ئەویش لە رێگای گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بە كەمكردنەوەی دانیشتووانی كورد و هاوسۆزی پەكەكە لە رێگای جێگیركردنی هێزی رەسمی خۆی یان گرووپی چەكداری پشتیوانیكراوەوە وەك گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.

ئەم پلانەش بە ئامانجی رێگری لە هاتوچۆی گەریلاكانە لەنێوان پارچەكانی كوردستان بەتایبەت چوونیان بۆ نێو توركیا، ئامانجێكی دیكە لاوازكردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایانی هەرێمە كوردییەكانە لە رێگای دابڕینیان لە یەكدی.

لەبارەی ئامانجی درێژخایەنیش سەرچاوەكان دەڵێن ئەنقەرە خوازیارە زیاتر شوێن پێی خۆی لە رۆژئاوا و باشوری كوردستان قایمبكات بە ئامانجی نزیكبوونەوەی زیاتری سەرچاوەكانی ووزە و بەهێزبوونی پێگەی خۆی بەرامبەر ركابەرەكانی بەتایبەت ئێران لە عێراق و سووریادا كە شەڕی هەژموونیان هەیە.

چاودێرانیش بەشێكیان لەبارەی راگیرانی ئۆپەراسیۆنەكانەوە لەوباوەڕەدان ئەمە شكستێكی دیكەی توركیایە وەك جارەكانی پێشوو، بەڵام بەشێكی دیكە لەچاودێران دەڵێن توركیا هێندەی بۆنمایشی ناوخۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەكات، هێندە بۆ لەنێوبردنی پەكەكە نییە، چونكە خۆشی باش دەزانێت پەكەكە بەم ئۆپەراسیۆنانە لەنێوناچێت، بۆیە خەرجییەكی زۆر لە شەڕِێكی بێ سوود و بێ كۆتایی ناكات جگە لە نمایشێكی كاتی.

توركیا لە 17ی نیسان ئۆپەراسیۆنی سەر هەرێمی كوردستانی دەستپێكرد و ئەمڕۆ دوای هەفتەیەك رایگرت.