وشكەساڵی هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراكی هەرێم دەكات

ڕاپۆرت 13/04/2022

پێویستی بە پلانێكی بەپەلە هەیە
چاودێر:

ئەمڕۆ ئیدارەی گەرمیان بەشێوەیەكی فەڕمی ووشكەساڵی لەسنوورەكە راگەیاند، بەو پێیەش بەرهەمی جووتیاران بەتایبەت دانەوێڵەی ئەمساڵ لە مەترسیدا دەبێت، بە رێژەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە.

ساڵانی رابردوو جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەرهەمەكانیان لەلایەن حكومەتی بەغداوە لێوەردەگیرا، بەڵام دوای چەند ساڵێك و بە چەند بەش شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجدەكرا، ئەمە بوو بەهۆی جووتیاری زۆر چاندنی دانەوێڵە بگۆڕن بە بەرهەمی دیكە.

ئاسایشی خۆراك ئەمساڵ بەهۆی جەنگی ئۆكرانیا و رووسیاوە مەترسی لەسەرە، بەهۆكاری ئەوەی ئەم دوو دەوڵەتە بەرهەمهێن و هەناردەكاری گەنمن، بۆیە بەپێی هۆشدارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان چاوەڕێ دەكرێت ئەمساڵ نزیكەی 50 ملیۆن كەس برسی بن.

زۆرینەی دەوڵەتان رێوشوێنی بەپەلەیان گرتووەتەبەر بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك لە ژێر كاریگەری جەنگی ئۆكرانیا بە بەغداشەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان تا ئێستا بێدەنگە.

 رەوشەكە لە هەرێمی كوردستان مەترسیدارترە، بەهۆی راگەیاندنی ووشكەساڵی لە ناوچەی گەرمیان، ئەمە بۆ ناوچەكانی دیكەش  راستە، چونكە لە كۆی گشتی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ رێژەیەكی كەمی باران باریوە.

بە رای شارەزایانی بواری ژینگە و چاندن، بەهۆی ئەم ووشكەساڵی و كەمبارانیەوە كاریگەری گەورە لەسەر بەرهەمی دانەوێڵە دروست دەكات.

شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن، لەرەوشی ئاسایشی خۆراك لە هەرێم و داوا دەكەن، زوو حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ دڵنیاكردنی رەوشی ئاسایشی خۆراك لە چوارچێوەی ئەم رەوشە مەترسیدارەی هاتووەتەئاراوە.

داواش دەكەن حكوومەتی هەرێم بە پلانێكی تۆكمە بەرهەمی ئەمساڵی جوتیاران بەتایبەت دانەوێڵە وەربگرن لەگەڵ خەرجكردنی شایستە داراییەكانیان و دابینكردنی بودجەیەك بۆ ئەو هەنگاوە، هاوكات كۆكردنەوە و هەڵگرتنی بەرهەمەكە بۆ كاتی پێویست.