دوو باڵی دژ بە یەك لەنێو كۆمەڵەدا سەریان هەڵدا

ڕاپۆرت 19/01/2022

چاودێر:

 كۆمەڵە رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمەنیستی ئێران دابەشی دوو بەرەبوو دوای ناكۆكییەكی درێژخایەنی دوو باڵی ناكۆكی نێو حیزبەكە.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، لە كۆنگرەی حیزبی كۆمەڵە رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمەنیستی ئێراندا گرووپێك لەسەركردە و رێبەرانی حیزب كشانەوەی خۆیان لە حیزب راگەیاند.

سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی كۆمەڵە گوتی: بەشێك لە هاوڕێیان و سەركردەكان لەنێو كۆمەڵە رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمەنیستی ئێراندا گرووپ یان رێكخراوێكیان لەنێو حیزبدا دروستكردبوو، ماوەیەك پێش ئێستا كەناڵی تایبەت بەخۆیان دانابوو بەنێوی هەمان كەناڵی كۆمەڵەوە، بۆیە ئەوان دەمێكە ئامادەكارییان بۆ كشانەوە یان دەست بەسەرداگرتنی كۆمەڵەدا كردبوو.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی دیكە لە باڵی ناڕازی رەخنەی توندی لە باڵی فەرمانڕەوای كۆمەڵە گرت، گوتی: رێگە نەدراوە بە لایەنگرانی ئەوان بەشداری كۆنگرە بكەن و بۆیە ئەوان هۆكاری ئەو دابەشبوونە نین.

ناكۆكییەكانی كۆمەڵە رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمەنیستی ئێران لە حاڵێكدایە، هەردوو حیزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان هەوڵەكانیان بۆ یەكگرتنەوە و بوونەوە یەك حیزب دەستپێكردووە، دوای بوونە دوو حیزب لە ساڵی 2007وە.

بەمپێیە ئێستا لە كەمپی زڕگوێز لە نزیك شاری سلێمانی لە دوو حیزبی كۆمەڵەوە، دەبنە چوار حیزبی كۆمەڵە.

لەلایەكی دیكەوە لە كامپی كۆیەش كە كامپی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە، ئەوانیش لە 2007وە بوونە دوو حیزب و ئێستاش كاردەكەن بۆ بوونەوە یەك حیزب.

لەلایەكی دیكەوە بەشێكی دیكە لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دووچاری ناكۆكی نێوخۆیی بوون و دابەشی چەند گرووپ و باڵ بوون.

شرۆڤەكارێكی سیاسی بۆ چاودێر گوتی: لەنێو زۆرینەی حیزبە كوردییەكاندا دابەشبوون و گرووپ و باڵ و ناكۆكی هەبوون بەردەوام، ناكۆكی حیزبەكانی رۆژهەڵات لەچوارچێوەی ئەو ناكۆكییانەدایە.

ئەو شرۆڤەكارە، گوتیشی: بەشی زۆری ناكۆكییەكان لەسەر دەسەڵات و مادەیە، بەتایبەت لە كۆنگرەكاندا دووچاری ناكۆكی قوڵ و دابەشبوون دەبن، چونكە ئامادەنین ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بكەن.

لە دوای راپەڕینی 1991ی باشووری كوردستانەوە، حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە رێككەوتنی هەرێم و ئێران لە چەند كامپێكی هەرێمی كوردستان جێگیربوون، هەرچەندە جار جار شەڕ و پێكدادان روو دەدات و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش فشاریكردووە بۆ داخستنی ئەو كەمپانە یان سنوورداركردنی چالاكییە سەربازییەكانی ئەو حیزبانە.