جارێكی‌تر داواكاری ئازادكردنی عوسمان كاڤالا ڕەتكرایەوە
جیهان 18/01/2022
دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ. داواکارییەکی پارێزەرانی عوسمان کاڤاڵای رەتکردەوە کە داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵایان کردبوو، دادگا بڕیاری دا بە مانەوەی كاڤاڵا له گرتووخانەدا له چوارچێوه‌ی دۆسیه‌کانی پەیوەندیدار به "هه‌وڵی كوده‌تای 15ی تەممووز" و "رووداوه‌كانی پاركی گه‌زی" و داوای ئازادکردنی رەتکرایەوە.
له‌و دانیشتنه‌دا كه له 13ـه‌مین دادگای سزا قورسه‌كانی ئیستەنبووڵ به‌ڕێوه‌چوو، گوته‌ی عوسمان کاڤاڵا و پارێزه‌رەکانی وه‌رگیرا.
ئیلكان كۆیونجو پارێزه‌ری عوسمان كاڤاڵا، داوای ئازادكردنی بریکارەکەی كرد و گوتی: "ده‌ڵێن رووداوەکانی پارکی گەزی و هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووز له‌پشت كاڤاڵاوه‌ن، ده‌یانه‌وێ بیكه‌نه دوژمن، داوا ده‌كه‌ین ئازاد بكرێت".
ده‌سته‌ی دادگا به زۆرینه‌ی ده‌نگ و به له‌به‌رچاو گرتنی پێكهاته‌ی ئه‌و تاوانه‌ی به‌ره‌وڕووی عوسمان كاڤاڵا كراوه‌ته‌وه و لایه‌نی زۆری ئەو سزایه‌ی كه ده‌كرێت به‌سه‌ریدا بسه‌پێنرێت، هه‌روه‌ها به ته‌ماشاكردنی ئه‌و دۆخه‌ی دادگاییه‌كه‌ی پێ گه‌یشتووه، بڕیاریدا به مانه‌وه‌ی ناوبراو له گرتووخانە.
هەروەها دادگا بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ هه‌شت له تۆمه‌تبارانی هه‌ڵاتوو لە دۆسیەی هەوڵی کودەتای 15ی تەممووز دەرکرد، کە له نێو داواکراوەکاندا هێنری جاك باركی راوێژکاری پێشووری سی ئای ئەی، جان دوندار رۆژنامەڤان و ئایشه پنار ئاڵابۆرا-ی چالاکڤان هەن و دانیشتنه‌كه‌ی بۆ 21ی شوبات دواخست.
رۆژی سێی کانوونی یەکەمی 2021، کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، هۆشدارینامەیەک پێشکێشی دادگای مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا، لەبارەی ئازادنەکردنی عوسمان کاڤالا-ی بازرگان و چالاکڤانی تورک دەکەن، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کاردانەوەی خۆی نیشاندا و داوای‌کرد، رێز لە بڕیاری دادگا بگرن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو: "بەپێی پرەنسیپی رێزگرتن لە پرۆسەی دادگایی‌کردن کە لە وڵاتەکەمان بەردەوامە، داوا لە ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەکەین کە خۆی بە دووربگرێت لە بەردەوامیدان بە دەستێوەردان لە کاروباری دادگا. ھەموو کەسێک لە سەروویانەوە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا، دەبێت رێز و متمانەیان بەو دادگاییکردنە ھەبێت کە لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن بەڕێوەدەچێت".
عوسمان کاڤاڵا بازرگان و چالاکڤانی تورک لە ساڵی 2017ـەوە بەتۆمەتی ''رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' خراوەتە زیندانەوە.
هەرچەندە لە 18ی شوباتی 2020 لە دۆسیەی پارکی گەزی بڕیاری بێتاوانیی درا، بەڵام لە دۆسیەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016 بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە. چەندینجار دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی کردووە، بەڵام ھێشتا لە زیندانە.