خوێندنی باڵا : هاوكاری دارایی خوێندكاران خەرج دەكرێت

جیهان 18/01/2022

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتی خەرجکردنی پارەی هاوکاری بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیێنێت، دەڵێت، لەکۆتایی ئەم مانگەوە پارەکە خەرجدەکرێت.
 
توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بەپێی رێنمایی ژمارە 58ـی دارایی ساڵی 2008  ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە لەکۆتایی ئەم مانگە پارەی هاوکاریی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرجبکات.
 
توانا نەجەف گوتی، "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ئەم فەرمانە لە 01-01-2022ـوەوە کاری پێدەکرێت و تاوەکو کۆتایی ساڵی خوێندنی ئەمساڵ کە مانگانە زیاتر لە شەش ملیار دینارە بەردەوام دەبێت، بەڵام بڕی ئەو پارە مانگانەیەی خوێندکاران دیاری نەکراوە چەندە، بەڵکو بە چەند رێژەیەکی جیاواز دەدرێت بە خوێندکارانی نێوشار و دەرەوەی شار، ئەوانەشی لە دەرەوەی شارن و ناویان لە سیستمی زانکۆلاین تۆمار کراوە ئەو دەرماڵەیە دەیانگرێتەوە."
 
خەرجکردنی ئەو پارەیە دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بوو لە ساڵی رابردوو کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان چوونە سەر شەقامەکان.
 
لە ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو بڕە هاوکارییە راگیرا کە مانگانە دەدرا بە خوێندکاران، ئەو کات بۆ خوێندکارانی نێوشار بڕی 40 ھەزار دینار، بۆ خوێندکارانی بەشە نێوخۆییەکان بڕی 60 ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی 100 ھەزار دینار مانگانە خەرج دەکرا.