هەزاران ئۆتۆمبێل گومرك كراون كەچی ژمارەیان پێنادرێت

جیهان 15/01/2022

بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین مەرج و رێنمایی هەیە، خاوەنی پێشانگەیەکی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەڵێت، بڕیارێکی لەناکاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەزاران ئۆتۆمبێلی راگرتووە و ژمارەیان پێنادات. هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت لە پشکنین دەرنەچوون و ژمارەیان پێنادەن. گومرگی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "نەبنە سەرئێشە بۆمان پارەکەیان بۆ دەگەڕێنینەوە".
 
خاوەن پێشانگایەکی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر رێگەی نەداوە ئەو ئۆتۆمبێلانە بهێننە هەرێمی کوردستان کە لەپێشەوە لێدراویان هەبووە، بەڵام پێش زیاتر لە مانگێک بڕیارێکی دەرکردووە بۆ رێگریکردن لەو ئۆتۆمبێلانەی لە دواوەش لێدراویان هەیە.
  دەشڵێت ئەوان کاتێک ئۆتۆمبێل لە ئەمریکاوە دەکڕن نزیکەی پێنج مانگ دەخایەنێت تاوەکو دەگاتە دوبەی، بە گوتەی خۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوە ئەو بڕیارەی داوە و دەشڵێت: "تەنیا لە سنووری هەولێر زیاتر لە حەوت هەزار ئۆتۆمبێل هێندراون و ژمارەیان پێنادرێت بەهۆی ئەو بڕیارەوە".
 
 خاوەن پێشانگاکە ڕونیشیکردەوە بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوبەی پشکنینێکیان پێدەکات پاشان مۆڵەتی هێنانی ئۆتۆمبێلەکان دەداتێ، دەشڵێت: "کە ژمارە نادەن بۆ هێشتتان بیانهێنینە کوردستان؟ هەموو ئۆتۆمبێلەکان بە رێگەپێدان هێندراون و پشکنینی دوبەی تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون، بۆ رێگەتان دا؟".
 
خاوەنی ئەو پێشانگایە وەکو رێگەچارە دەڵێت: "ئەوان گومرگیشیان کردووین، ئەو ئۆتۆمبێلانەی سنووری هەولێر نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار گومرگ کراون، گومرگ لە 1849 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو سەروو 10 هەزار دۆلار، بۆ نموونە رانجۆڤەر 12 هەزار دۆلار گومرگەکەیەتی، ئێ ژمارەیان پێنەدەداین بۆ گومرگتان کرد؟ با پارەی گومرگەکەمان بدەنەوە ئێمەش ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێنینەوە".