خەڵاتی بوێری سیاسی بەخشرایە سەڵاحەدین دەمیرتاش

جیهان 13/01/2022

ئەنستتیوتی فرانسوا میتران، کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسایە، خەڵاتی "بوێری سیاسی" بۆ ساڵی نوێ پێشکەشی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کرد.
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو، ئەنستتیوتی فرانسوا میتران، خەڵاتی "بوێری سیاسی" بە سەلاحەددین دەمیرتاش دا. خەڵاتەکە بە نوێنەرایەتیی هەدەپە و خودی دەمیرتاش، درایە هشیار ئۆزسۆی پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە، کە هاوکات هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو پارتەیە. 
 
لە رێوڕەسمەکەدا، نامەیەکی سەلاحەدین دەمیرتاش، بەم بۆنەیەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا نووسیبووی "هەرچەندە خەڵاتەکە پێشکێشی من دەکرێت، منیش پێشکێشی تەواوی ئەو ئەندامانەی هەدەپە دەکەم، کە لە زینداندان". 
 
دەمیرتاش، کە ئێستا لە زیندانە لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیبووی: "مایەی شانازییە بۆ من، خەڵاتێکم پێ بدرێت، کە ناوی خێزانی میتران-ی لەسەر بێ. هەریەک لە فرانسوا میتران و دانیاڵ میتران لەسەر ئاستی ئەوروپا دوو سیمبولی پڕ شانازی و بەهایەکی زۆر گرنگن بۆ تەواوی کورد. من و ملیۆنان کورد قەرزاری خێزانی میترانین، بەڕێزەوە یادی هەردوو کەسایەتییە مەزنە دەکەمەوە".