یەكگرتوو كەوتەوە ژێر گووشاری پارتی

ڕاپۆرت 10/01/2022

چاودێر:

جارێكی دیكە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەوتەوە ژێر گووشارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شەوی رابردوو مووسەنا ئەمین بەربژێری یەكگرتوو بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە ژێر گووشاری پارتی و لەسەر داوای چەند سەركردەیەكی یەكگرتوو كشایەوە.

بەپێی زانیارییەكان چاودێر پارتی گووشاریان لە یەكگرتوو كردووە كە دەبێت مووسەنا ئەمین بكشێتەوە لە پێناو دەرچوونی شاخەوان عەبدوڵڵادا.

مووسەنا ئەمین لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا گوتی: ئێمە لە پێناو یەكڕێزی و تێكنەدانی ریزی كورد كشاوینەوە بۆ ئەوەی دەنگەكانی كورد بڵاونەبنەوە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بەردەوام لە ژێر گووشاری پارتیدا بووە، ژمارەیەكی زۆری سەركردە و كادێری ئەم حیزبە لەلایەن پارتییەوە كوژراون لە دەڤەری بادینان.

لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 2015 لە كۆبوونەوەكاندا فراكسیۆنی یەكگرتوو ناچاركرا ببنە دوو بەشەوە بەشێكیان لەگەڵ پارتی و بەشێك لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمانی كە ئەو كات گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ بوون.

لە كاتی ریفراندۆم  و زۆر پرسی دیكەدا بەردەوام یەكگرتووی ئیسلامی لە بەرەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بووە.

بەشێك لە شرۆڤەكاران لەوبڕوایەدان نزیكایەتی یەكگرتوو ئەگەرچی بەشێكی ترسیانە لە دەسەڵات، بەشێكی دیكەی پێوەندی بە دۆستایەتی هەرێمییەوە هەیە كە پارتی هاوپەیمانی توركیایە و یەكگرتووش لە چوارچێوەی توركیادایە، بۆیە ناتوانێت لەچوارچێوەی پارتی دەربچێت.

هەرچەندە یەكگرتوو خۆی حیزبێكی ئیخوانییە كار دەكات لە چوارچێوەی سیستمی جیهانی و ناوچەیی ئیخوانیدا و زۆر لەگەڵ پرسە نەتەوایەتییەكانی كورددا نییە، بەڵام سازشەكانی بۆ پارتی هەموو جارێك دەبەستێتەوە بە لایەنی كوردایەتی و نەتەوایەتییەوە.

یەكگرتووی ئیسلامی هەمیشە نزا بۆ غەزە و حەماس و ئۆردۆغان و موورسی دەكات و شەڕی ئیسرائیل و فەڕەنسا و سیسی و ئیمارات و عەرەبستان و ناڕاستەوخۆش پەكەكەش دەكات، واتا لەبەرەی شەڕی ئیخوان و نەیارەكانیدایە.

یەكگرتووی ئیسلامی بەردەوام لەبەرامبەر هێرش و كۆمەڵكوژییەكانی توركیا لە باكوور و رۆژئاوا و باشووری كوردستان بێدەنگی هەڵبژاردووە، یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانیشی كردووە، چونكە ئەم رووداوانە كە سڤیلیشی تێدا قووربانی، بەڵام یەكگرتوو لە چوارچێوەی شەڕی پەكەكە و توركیادا سەیری كردوون.