سەدر و بارزانی هەنگاوە مەترسیدارەكەیان نا

ڕاپۆرت 10/01/2022


چاودێر:

 ئەو هەنگاوەی لە دوای 2003وە لە عێراق ترسی هاوێشتنی هەیە بە پاساوی جۆراوجۆر دواجار سەدر بە هاوكاری بارزانی هەنگاوەكەی نا، ئەمە بە رووداوێكی مێژوویی دەناسێندرێت، شرۆڤەكارانیش بەشێكیان هیوایان هەیە ببێتەهۆی دەرچوونی عێراق لە پاشكۆیەتی ئێران و گەڕانەوەی پێگە و سەنگی جارانی، بە پێچەوانەوە بەشێكی دیكە لە شرۆڤەكاران لە ئەو بڕوایەدانین كە میلیشیا و حیزبەكانی هاوپەیمانی ئێران لێبگەڕێن بە ئاسانی پەراوێزبخرێن.

خۆپێشاندانەكانی دوو ساڵ پێشتر و هەڵبژاردنەكەی ئۆكتۆبەری رابردوو بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی شوێن و پێگەی ئێران رۆشتن، ئەمەش یەكەم هەنگاوی كردەییە بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێك دوور لە دەستی ئێران.

شەوی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەكی زۆرینەی سیاسی دوور لە رێككەوتنی نەتەوەیی و مەزهەبی بەهاوپەیمانی سەدر و بارزانی و سووننەكان سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

سەدر لە پەیامێك وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆك و جێگرانی پەرلەمان گوتی: ئەمە هەنگاوە بەرەو پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و گەڕانەوەی سەروەری و شكۆ بۆ عێراق.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ باڵوێزخانەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد و داواشیكرد پەلە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ بكەن بە هیوای چارەسەركردنی تەنگەژەكانی ئابووری و ئەمنی وڵات.

لە كاردانەوەدا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە هاوپەیمانی ئێران ناسراون لە راگەیەندراوێكدا گوتیان دان نانێن بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان  و دژایەتی خۆیان راگەیاند.

شرۆڤەكاران هەنگاوەكەی سەدر بە پشتیوانیكراو لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپا و كەنداو و عەرەبەكان و توركیا دەزانن و لەوبڕوایەدان عێراق رزگاری دەبێت لە پاشكۆیەتی ئێران و پشك پشكێنەی تایەفی و مەزهەبی، عێراق دەبێتە سیستمێكی دیموكرات بەبوونی زۆرینەیەكی سیاسی حكومڕان و بەشێكی دیكەش دەبنە ئۆپۆزسیۆن و چاودێر بە دەسەڵاتەوە.

لە بەرامبەردا بەشێكی دیكە لە شرۆڤەكاران هێشتا سوورن لەسەر ئەو پاساوانەی لە 2003وە بەبەهێزی بوونیان هەیە كە رێگری دەكات لەهەر ململانێیەك لە سیستمی سیاسییدابە پاساوی فرەپێكهاتەیی و فرەمەزهەبی لە عێراقدا كە دەبێت هەمووان پشكی خۆیان پێ بدرێت، بەپێچەوانەوە مەترسی دروست دەبێت، بۆیە دەڵێ، لایەنگرانی ئێران لێناگەڕێن بە ئاسانی ئەم رەوشە تێپەڕببێت.

دەمێكە گەلی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەكانەوە لە دۆخی پشك پشكێنەی تایەفی و مەزهەبی و نەتەوەیی توڕەن كە بووە بە سەرچاوەی گەندەڵی و لە هەر پێكهاتەیەك چەند حیزب و بنەماڵەیەك بوونە نوێنەر و لە 2003وە لە خێر وبێرەكەی دەخۆن، بۆیە هاووڵاتیان خۆشحاڵن كە ئەم پشكپشكێنە كۆتایی هاتووە، بەڵام نیگەرانیشن كە ئەوانەشی زۆرینەی سیاسییان پێكهێناوە هەمان سیاسییە شكستخواردووەكانی رابردوون.