گرووپێكی ناڕازی لەنێو گۆڕاندا سەریهەڵدا

ڕاپۆرت 03/01/2022

هەڕەشەی داخستنی دەرگەی گردەكە دەكرێت
چاودێر:

 شەڕی بەرژەوەندیی و كورسی دەسەڵات لەنێو گۆڕاندا چڕدەبێتەوە و گرووپێكی ناڕازی سەرهەڵدەدات، هەڕەشەی داخستنی دەرگەی گردی زەرگەتە دەكەن، كە بارەگای سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانە لە سلێمانی لەبەرامبەر حسێبنەكردن بۆیان.

دوای شكستی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكان و سفربوونەوەی كورسییەكانی، لیژنەیەكی بۆ پێكهێنا بۆ دروستكردنی دەستەیەكی رێبەری بۆ بەڕێوەبردنی حیزبەكە، بەڵام ئەو لیژنە شكستی هێنا.

لە چەند رۆژی رابردوو بزووتنەوەی گۆڕان دەستەیەكی 7 كەسی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان تا بەستنی كۆنفڕانسی حیزبەكە لە26ی ئەم مانگە پێكهێنا.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، لە دوای پێكهێنانی ئەم دەستەیە، گرووپێكی ناڕازی سەریانهەڵداوە دەڵێن حسێبیان بۆ نەكراوە، بۆیە هەڕەشەی داخستنی دەرگەی گردی زەرگەتە بارەگای سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن و رێگا نادەن هیچ كاربەدەستێكی بزووتنەوەكە هاتووچۆ بكات.
 
بەپێی زانیارییەكان، بابەتێكی دیكە مشتوومڕی لەسەرە مانەوە یان كشانەوەی گۆڕانە لە نێو حكوومەتدا، دەستڕۆیشتووەكانی گۆڕان لەگەڵ مانەوەی گۆڕاندان و بەشێكی دیكەیان كە خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی داوای كشانەوە دەكەن.

گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە رەخنەی لەمانەوەی گۆڕان گرتبوو لەنێو حكوومەتدا و كاردانەوەی پارتی بەدواداهاتبوو، لە راگەیێندراوێكدا ژووری حكوومەت و پەرلەمانی گۆڕان دووپاتیكردەوە كە لە نێو حكوومەتدا دەمێننەوە و لە كۆنفرانسدا بڕیاری كۆتایی دەدەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوشی گۆڕان گوتی: گۆڕان لەرەوشێكی زۆر خراپدایە، لەلایەك لەنێوخۆیدا شەڕی كورسی و دەسەڵات هەیە، بەتایبەت لەلایەك لەنێوان باڵی رێكخەری پێشوو عومەری سەید عەلی و كوڕانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا، لەلایەكی دیكەوە ناكۆكی هەیە لەنێوان دەستڕۆیشتوو و سوودمەندبووان لە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتە نێوخۆییەكان لەگەڵ باڵی ناڕازییەكان كە خوازیاری كشانەوەن لە حكوومەت.

سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ چاودێر گوتی: گۆڕان خۆی زۆر پەرش و بڵاوە، لەسەر ئاستی جەماوەریش تادێت متمانەی زۆرتر دادەبەزێت و یەكێتی و پارتیش وەك جاران سەیری سەنگی گۆڕان ناكەن، هەرچەند یەكێتی بەڵێنی پشتیوانی گۆڕانی داوە لەم رەوشەدا.

پێشتر گۆڕان شكستی هێنا لە رازیكردنی سەركردەكانی پێشووی بۆ گەڕانەوە و دروستكردنی دەستەیەكی رێبەری لەو سەركردانە، بۆیە بەناچاری ئێستا پەنا بۆ كۆنفڕانس دەبات دیاریكردنی رێكخەری نوێ.

بەهۆكاری ئەوەی هیچ كەسایەتییەك نییە وەك رێكخەر دیاری بكرێت، بۆیە چیا نەوشیروان مستەفا بە تەمایە خۆی ببێتە رێكخەری گشتی و لە ئێستاوە ئامادەسازی دەستپێكردووە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە 25ی تەمووزی 2009 بە بەدەستهێنانی 25كورسی پەرلەمانی كوردستان خۆی راگەیاندووە و لە دواین هەڵبژاردندا كورسییەكانی بوون بە سفر.

ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر رەخنەی زۆری لەسەر گەندەڵی لە یەكێتی و پارتی دەگرت، بەڵام ماوەی 8 ساڵە لەگەڵ یەكێتی و پارتی چووەتە حكوومەتەوە و چەند رێككەوتنی دیكەی لەگەڵ دا كردوون.

 بزووتنەوەی گۆڕان رەخنەیی لە بنەماڵەیبوونی حیزبەكانی دیكە دەگرت، كەچی خۆی دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، كوڕەكانی  هاتنەرێزی پێشەوەی سیاسەت لە نێو گۆڕاندا، بۆیە هاووڵاتیان دەڵێن گۆڕان لەسەر بەڵێنەكانی نەماوەتەوە.

لای خۆیەوە كاردۆ محەمەد هەڵسووڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا گوتی: قۆناغی چونەوەسەر ئەو رێچكەیەكەی گۆڕان بۆی دروستبووە دەستپێدەكەین‌و كاردەكەین بۆئەوەی گۆڕان ببێتەوە مینبەرێك بۆ كۆكردنەوەی زۆرینەی لایەنەكان‌و كاردەكەین بۆئەوەی وەڵامدەرەوەی داوا ڕەواكانی هاووڵاتیان بین.