ئەردۆغان لەگەڵ نەیاری ئیسلامییەكاندا ئاشت دەبێتەوە

ڕاپۆرت 29/11/2021

ئەردۆغان:

"لەگەڵ ئیمارات چووينە پێشەوە و هەنگاوی نوێيش لەگەڵ میسر و ئیسرائیل دەنێین"
چاودێر:

 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند لەگەڵ ئیمارات چووینە سەردەمێكی نوێ لە پێوەندییەكانماندا.

رەجەب ئەردۆعان لەبارەی پێوەندییەكانی دەرەوەی وڵاتەكەی لە لێدوانێكدا گوتی: لەگەڵ ئیمارات چووینە سەردەمێكی نوێ لە پێوەندییەكانماندا و لەگەڵ میسر و ئیسرائیلیشدا هەنگاوی نوێ دەهاوێژین.

ئەردۆغان گوتیشی: هەوڵ دەدەم لە مانگی شوباتدا سەردانی ئیمارات بكەم بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، هێندێك هەنگاو دەهاوێژین بەهێزەوە، وەك هەنگاوی وەبەرهێنان بە 10 ملیار دۆلار.

ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە دوای سەردانی شاندی باڵای ئیمارات دێت بۆ توركیا كە بڕیاریدا بە بەهای 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە توركیادا بكات.

ئاشتبوونەوەی ئەم دوو دەوڵەتە دوای ساڵانێكە لە ركابەری و ناكۆكی لە چەندین میحوەرە، توركیا وەك رێبەری گرووپە ئیسلامییەكان و ئیماراتیش وەك نەیاری سەرسەختی گرووپە ئیسلامییەكان بەتایبەت گرووپی ئیخوان.

ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتبوونەوەی لە زووتریشەوە لەگەڵ میسر دەستپێكردووە دوای ناكۆكییەكی زۆر بەهۆی كودێتاكەی 2013وە و رووخانی حكومی ئیخوانەوە.

توركیا بە تەواوەتی رێوشوێنی دژی ئیخوان لە توركیا گرتەبەر و چالاكییە سیاسی و مێدیاییەكانی یاساغ كردن ئەمە بۆ رازیكردنی دەوڵەتی میسر.

حكومەتی میسر بەرێبەرایەتی عەبدول فەتاح سیسی بە توندی دژی گرووپە ئیسلامییەكان بەتایبەت ئیخوان كار دەكات، بۆیە میسر مەرجی گرانی بۆ توركیا دانابوو لە دژی ئیخوان لەبەرامبەر ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیاندا.

هاوكات توركیا لە هەوڵدایە دوای ساڵانێك ناكۆكی لەگەڵ ئیسرائیلیشدا ئاشت ببێتەوە، پێوەندیی و گفتووگۆیان هەیە.

ئەم جۆرە مامەڵەی ئەردۆغان لە دوای هەرەسهێنانی بەهای لیرە و ئابووری توركیا بەهۆی ئەو ململانێ و دەستوەردانە زۆرانەی دەستیپێكردبوو لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لەلایەكی دیكەشەوە لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپاوەیە.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا فشارێكی گەورەیان لەسەر ئەردۆغان داناوە، تۆمەتباری دەكەن بەهۆكاری داڕووخانی ئابووریی ئەم وڵاتە بەهۆی سەركێشییەكانی و دروستكردنی ململانێی ناوچەیی، بۆیە ئەردۆغان ناچار بووە بە حیساباتەكانیدا بچێتەوە.

ئۆپۆزسیۆن رەخنەی توندیان لە ئەردۆغان گرتووە كە بۆچی دەبێت توركیا ناكۆكی و ململانێی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەكەدا، بەتایبەت دەوڵەتانی عەرەبی بە نمونەی ئیمارات و میسر و عەرەبستانی سەعوودیە.

چاودێران دەڵێن تەنگەژەی دارایی سەری ئەردۆغان دەخوات، یان ئەردۆغان سەری توركیا دەخوات، چونكە بە دووری نازانن داڕووخانی ئابووری و لیرە هەنگاوێكی دژبەرانەی ئەمریكایی و ئۆروپایی بێت لە دژی ئەم دەوڵەتە.

گرینگترین دۆسێی ناكۆكی توركیا لەگەڵ دەوڵەتان بابەتی پەكەكە و كورد، ووزە و دەریای نێوەڕاست، مووشەكی ئێس 400ی رووسیی، پشتیوانی ئیخوان و گرووپە ئیسلامییەكانن.

رەنگە بەشێك لەم دۆسێیانە ستراتیژی بن بەلای توركیاوە، بەڵام هێندێكیشیان بۆ خواستی كەسی ئەردۆغان دەگەڕێنەوە كە بوونە سەرچاوەی ململانێ لەگەڵ دەوڵەتان.

هەرچەندە ئەردۆغان بەم هەنگاوانە خوازیار رزبوونە لە تەنگەژەی ئابووری و دەرچوونەوەی بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی لە 2023، بەڵام ئاسۆ روون نییە، لەوێ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەستیانپێكردووە لە دژی، تەنانەت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەش دەكەن دەڵێن تا ساڵ و نیوێكی دیكە چاوەڕێ نابن، لیرەش رۆژانە شكستی گەورەتر دەخوات، بۆیە توانای خاوكردنەوەی تەنگەژەی ئابووری و هەڵاوسان و گرانی و بەرزكردنەوەی لیرە مەحاڵ دە بێت بەو هەنگاوانە.