حكومەتی هەرێم بەڵێنەكەی بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی نەبردە سەر

ڕاپۆرت 22/11/2021

 بەرمیلێك نەوت ئێستا سەرووی 175 هەزار دینارە
چاودێر:

 هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان  هاوینی ئەمساڵ بڕیاریدا لە مانگی ئۆكتۆبەردا نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكات، بەڵام مانگی نۆڤەمبەریش بەرەو كۆتاییە، كەچی بەشێكی كەمی هاووڵاتیان نەوتیان وەرگرت و راگیرا، یان زۆر بە سستی لەهێندێك شوێن بەڕێوەدەچێت.

هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی خاوەنی دوو پاڵاوگەی نەوت و  نەوتی خاویش رۆژانە زیاد لە 500 هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە دەكات، كەچی بە چەند ساڵێك ناتوانێت بەرمیلێك نەوت بداتە هاووڵاتیەكانی خۆی.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی نەوتی سپی بەغدا دەكات هەروەك بەنزین و موچە و زۆر شتی دیكە، بەغداش هەر كاتێك لەگەڵ حكومەتی هەرێم دووچاری بارگرژییەك یان نیگەرانییەك بێت دەیگرێتەوە و زۆر بە سستی نەوتی سپی دەنێرێت.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێم سەرووی 175 هەزار دینارە، كە نرخەكەی لە بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزترە.

لە  24\10\2021ەوە تاكو بەرواری 3\11\2021 بەڕێكوپێكی نەوت دەگەیشتە پارێزگای سلێمانی و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكرا، بەڵام لەدوای ئەوەوە خاوبوونەتەوە و سستی تێكەوتووە، بەجۆرێك لەماوەی 25 ڕۆژی ڕابردوودا تەنها دوو ڕۆژ نەوت دابەشكراوە و لە  8\11\2021ەوە هیچ بڕە نەوتێك بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشنەكراوە.

رۆژی 1\11\2021ەوە تاكو ئێستا كە 28 ڕۆژە، بەفەرمی دابەشكردنی نەوت لەناو شاری سلێمانی لەمەڵبەندی شەش و نیوەی مەڵبەندی پێنج دەستیپێكردووە، بەڵام نەتوانراوە تەنها یەك مەڵبەندیش تەواو بكرێت.

  پارێزگای سلێمانی پێویستی بە ١١٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، بەڵام ئەم بڕە نەوتە نە حكومەتی هەرێم ئامادەیی هەیە دابینی بكات، نە حكومەتی عێراق.

پێشتر نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێم گەیشتە 180 هەزار دینار، ئێستاش ئەگەر حكومەتی هەرێم لەم خەمساردییەی بەردەوامبێت و نەوتی سپی دابەش نەكات، نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی ئەم نرخەش تێدەپەڕێنێت.