لەبارەی رەوشی هەرێم هۆشداریی دەدرێتە حكومەت

ڕاپۆرت 22/11/2021

 تەنگەژەی توند ئێخەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گرتووە و 
  تەنها چارەیشی پاساوهێنانەوەیە 

چاودێر:
 لە دوای هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەرەوە تا دێت تەنگەژەی زۆرتر رووبەڕووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبنەوە و حكومەتیش جگە لە هێنانەوەی پاساوی لاواز هیچ چارەی دیكەی پێ نییە.

لە ماوەی رابردوودا لە دوای هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەرەوە هەرێمی كوردستان دووچاری تەنگەژەی متمانەی هاووڵاتیان بوو، كاتێك زانی زۆرینەی هاووڵاتیانی باشووری كوردستان بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە، ئەمەش بەڵگەی بێهیوابوونی هاووڵاتیانە.

تەنگەژەیەكی دیكە كە زۆر بە توندی ئیخەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گرت، دروستبوونی تەنگەژەیەكی بێوێنەی كۆچبەران بوو، كاتێك لەنێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا  هەزاران كۆچبەری كوردی هەرێمی كوردستان گردبوونەوە بۆ گەیشتن بە ئۆروپا، رووسیا و ناتۆ لە پێكدادانی سەربازی نزیككردەوە رێبەرانی جیهان لە رووسیا و ئەمریكا و فەڕەنسا و ئۆروپاوە هاتنە سەر هێڵ.

مێدیا و ئاژانس و كەناڵە گەورەكانی جیهان مانشێتەكانیان كردە گوێزەرەوەی نەهامەتی كۆچبەرانی كورد، لەپەناشیدا باسیان لە خراپی ژیان و گوزەران و حكومڕانی هەرێمی كوردستان دەكرد.

حكومەتی هەرێمیش جگە لە پاساوهێنانەوەی لاواز بۆ كۆچی گەنجان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هیچی دیكەی بۆ باشكردنی رەوشەكە، یان چارەسەری تەنگەژەی كۆچبەران پێ نییە.

هاوشانی تەنگەژەی كۆچبەران، تەنگەژەی كەمبوونەوە و گرانبوونی كارەبا، ئاو، سووتەمەنی نەوتی سپی، بەنزین و غاز سەریهەڵداوە.

شەڕ و پێكدادانی نێوان هاووڵاتیانیش لەلایەكی دیكەوە پەرەیسەندووە لە ماوەی چەند رۆژێكدا چوار هاووڵاتی لە هەولێری پایتەخت لە شەڕ و گرژییدا كوژران.

خۆپیشاندانەكانیش بەردەوامن، رۆژێك مامۆستای وانەبێژ، رۆژێك فەرمانبەری گرێبەست، رۆژێك خوێندكارانی دەرچوونی دوازدە، رۆژێك خوێندكارانی بەشەنێوخۆییەكان، رۆژێك شۆفێران، رۆژێك خوێندكاران ناڕەزایەتی دەردەبڕن داوای مافەكانیان دەكەن، حكومەتیش لە ئاست داواكانیاندا دەستەوەستانە.

لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆدا لە سلێمانی گرژی دروستبوو لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لەوێ ژمارەیەك خوێندكار برینداربوون.

لە بەرامبەر ئەم تەنگەژە نێوخۆییانەدا حكومەتی هەرێم خۆی و مێدیاكانی برە و بە كۆنگرە و كۆڕبەند دەدەن كە تێیدا كۆمەڵێك كەس گوتاری خۆیان دەدەن لەبارەی كۆمەڵێك پرسەوە كە هیچ لە ژیانی هاووڵاتیان ناگۆڕێـت.

چاودێرانی سیاسی هۆشداری لەبارەی رەوشەكەوە دەدەن كە حكومەتی هەرێم هەرچی دەكات بەخۆداچوونەوەیەك بكات بۆ سووككردنی باری سەرشانی هاووڵاتیان هێندەی بۆی دەكرێت و تا ئاستێكی بۆی دەكرێت نیگەرانیی و توڕەیی هاووڵاتیان كەمبكاتەوە، بە پێچەوانەوە چارەنووسی حكومەتەكە و میللەتیش باش نابێت.