تاڵیبان پێویستی بە دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

جیهان 13/10/2021



چۆن دەتوانین پێشڕەوییە خێراکانی تاڵیبان ڕوون بکەینەوە؟ ئایا پەیامەکانی بە دەسەڵات گەیشتنیان وەکوو بیست ساڵ پێش دەبێت؟ بە پێچەوانەی چاوەڕوانی هەمووان، تاڵیبان لە ١٥ی ئاب کابووڵیان داگیر کرد. ئەمسەرکەوتنە نەک تەنیا بۆ کومەڵگەی نێودەوڵەتی و چاودێرانی کاروباری ئەفغانستان، بەڵکوو بۆ تاڵیبان خۆشیان چاوەڕواننەکراو بوو.

بۆ شیکردنەوەی ئەم ڕووداوانە ڕۆژنامەنووس سیسیل بوانشۆ لە ڕۆژنامەی لوموندی فەرەنسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەریم پاکزاد، مامۆستای پێشووی زانکۆی کابووڵ و توێژەر لە ڕێکخراوی پێوەندی نێودەوڵەتیی و ستراتیجی لە فەرەنسا ساز داوە.

سیسیل بوانشۆ: وەک دەزانن کە تاڵیبان تەنیا لە ماوەی دە ڕۆژ زۆربەی خاکی ئەفغانستان و کابووڵی پایتەختی داگیر کرد. چۆن دەتوانین هاتنەسەر دەسەڵاتی ئەوان دوای چوار مانگ لە ڕاگەیاندنی چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لەلایەن جۆ بایدنەوە لە ١٤ی نیسانی ئەم ساڵ ڕوون بکەینەوە؟ ئایا بە گەڕانەوەی تاڵیبان دەتوانین بڵێین کە بیست ساڵ پرۆسەی سەربازیی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان بێسوود بوو؟ئایا بزووتنەوەی تاڵیبان بە بەراورد بە پێش بیست ساڵ هیچ گۆڕانکارییەکی سەرەکی تێیدا ڕووی داوە؟

بە سەرنجدان لە قسەکانی جۆ بایدن، سەرۆک کۆماریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و داڕووخانی سوپای ئەفغانستان وا دیارە کە ئەفغانستان یەک میللەت و یەک دەوڵەتی مەرکەزی نییە. لە کاتی قسەکردن لەسەر ئەفغانستان من گوێم لە دەستەواژەی وەکوو "جەنگسالاران" و "قەبیلە" دەبوو. دەکرێت لەبارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئەموڵاتە ڕوونکردنەوە بدەیت؟

کەریم پاکزاد: بەڵێ. بایدن لەمبارەیەوە تا ڕادەیەک ڕاست دەکات. ئەفغانستان وڵاتێکە لە نەتەوەی جیاواز پێک‌هاتووە. دەسەڵاتی مەرکەزی لەم وڵاتە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتێکی دامەزراو لە جۆرێک هاوسەنگییەکی بێ وێنە ڕێکخراوە. هاوسەنگییەکی بێ وێنە و ناواقیعی کە لە چوارچێوەی ئەودا لە ساڵی ١٧٤٧ - ساڵی دروستبوونی دەوڵەتی ئەفغانستان - پشتوونەکان کە نزیکەی لە سەددای ٤٠ی ژمارەی دانیشتوان پێکدەهێنن حووکمی ئەفغانستانیان کردووە.

نەتەوەکانی تر بەتایبەتی تاجیک، هەزارە و ئۆزبەکییەکان هەردەم ئەم دابەشکردنە ناهاوسەنگەی دەسەڵاتیان ڕەد کردووەتەوە. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین دەستەواژەی "نەتەوەی ئەفغان" هێشتا وەک میللەتێکی یەکپارچە و یەکگرتوو - بەپێی تێگەیشتنی ڕۆژئاوا بۆ چەمکی نەتەوە - دروست نەبووە.

هەوڵدان بۆ دروستکردنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی وڵات هەبووە. بەتایبەتی لە سەردەمی جەنگی دژی سوپای سووری سۆڤیەت، ئەم هەوڵانە ئەنجامی باشی هەبووە. لەگەڵ ئەمەشدا، زۆرترین هەوڵ بۆ گۆڕینی خەڵکی ئەفغانستان بۆ یەک میللەتی واقیعی دراوە.

لەناو خەڵکی ئەفغانستان چ کەسانێک پشتیوانی تاڵیبانن؟

لە سەرەتای دەرکەوتنی تاڵیبان لە مەیدانی سیاسیی و سەربازیی لە ئەفغانستان، هێزەکانیان لە پشتوونەکانی ئەفغانستان و پاکستان پێک‌هاتبوو. نەتەوەی پشتوون بەسەر هەر دوو وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان دابەش بووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی کە جەنگ دژی هێزەکانی هاوپەیمانان دەستی پێ کرد، بەشێک لە تاجیک و ئۆزبەکییەکانی باکووری ئەفغانستان پێوەندییان بە ڕیزەکانی تاڵیبانەوە کردووە. لە وڵاتێکدا کە زۆرینەی خەڵکەکەی موسڵمانن و پەیڕەوی لە ئایینیی ئیسلام دەکەن، وای کردووە کە خەڵکێکی زۆر لە نەتەوە جیاوازەکان لە پەنای تاڵیبانەوە دژی هێزە بیانییەکان بجەنگن.

بەرگریی نەکردنی سوپای ئەفغانستان لە بەرانبەر هێرشەکانی تاڵیبان چۆن لێکدەدرێتەوە؟ ئەمریکا و ناتۆ بە ملیاران دۆلاریان لە ڕاهێنانی ئەم سوپایە خەرج کردبوو. بۆچی توانای بەرگریکردنی نەبوو؟

سوپای ئەفغانستان وێنەی کومەڵگەی ئەفغانستانە. لە سەرەتای دەستتێوەردانی ئەمریکا لە ئەفغانستان سوپایەک لەم وڵاتە بوونی نەبوو. ئەمریکییەکان پێش دروستکردنی سوپای ئەفغانستان، سوودیان لە موجاهدینی ئەفغان وەکوو پاڵپشتی هێزەکانی ئەمریکا کە پشتوون نەبوون وەردەگرت. پلە بە پلە و بەتایبەتی کاتێک کە ناتۆ لە ساڵی ٢٠١٤ کۆتاییی بە پرۆسە سەربازییەکانی لە ئەفغانستان هێنا، ئەمریکا پەرەی بە سوپای ئەفغانستان دا و ژمارەی سەربازەکانی گەیاندە ٣٠٠ هەزار سەرباز.

لە واقیعدا، زۆرینەی سەربازانی ئەم سوپایە بۆ پارە و تێرکردنی سکی ئەندامانی خێزانیان هاتبوونە ناو سوپاوە. سەرەڕای ئەوەی لەناو فەرماندەکانی ئەم سوپایە گەندەڵییەکی بەربڵاو هەبوو. ئەمریکییەکان پارەی سەربازانی سوپای ئەفغانستانیان دەدا، ژمارەیەکی زۆرشیان بوونیان نەبوو تەنیا ناو بوون و بۆ وەرگرتنی پارە بوو. بەم شێوەیە، فەرماندەی گەندەڵ و سەربازیی کەمتوانا ئەم ئەنجامەی دەبێت. هەروەها نەبوونی ئەنگیزەی شەڕ لەناو سەربازەکان ڕەوشەکەی خراپتر کرد، لە کاتێکدا، گرووپی بەرانبەر بۆ شەڕکردن ئامادەی مەرگ بوو.

پیاوی بەهێزی تاڵیبان کێیە؟

پیاوی بەهێزی تاڵیبان، ڕێبەری ئەوان واتە؛ مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادەیە، بەڵام لە مەیدانی سەربازیی، مەلا محەممەد یەعقووب و سیراجەددین حەققانی کەسانی بەهێزی تاڵیبانن. مەلا محەممەد یەعقووب کوڕی مەلا عومەر یەکەمین ڕێبەر و دامەزرێنەری تاڵیبانە. سیراجەددین حەققانی کوڕی جەلالەددین حەققانییە کە یەکێک لە موجاهیدەکانی ئەفغان بوو کە دژی هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەت شەڕی کردبوو. جەلالەددین حەققانی یەکێک لە ڕێبەرانی تاڵیبان بوو کە ڕۆناڵد ڕێگان لە سەردەمی سەرۆکایەتی خۆیدا چاوی پێکەوتبوو.

لە مەیدانی سیاسەتدا، مەلا عەبدولغەنی برادەر، خاوەن دەسەڵاتێکی بەرچاوە. مەلا برادەر - سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان لە دەوحە - کەسێکە کە لە شوباتی ٢٠٢٠ ڕێککەوتننامەی ئاشتی ئەمریکا و تاڵیبانی ئیمزا کرد. یەکێکی دیکە لە پیاوە بەهێزەکانی تاڵیبان دەبێت ئاماژە بە شیرمحەممەد عەبباس ئیستانکزیی بکەین کە زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانێت و لە دەرەوەی ئەفغانستان ناسراوە. ڕەنگە شیر محەممەد وەکوو وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تاڵیبان دیاری بکرێت.

ئایا مەترسی شەڕی ناوخۆ لە نێوان تاڵیبانە میانڕۆ و توندڕۆکان هەیە؟

ئەم مەترسییە بوونی هەیە. شایەدی ڕووداوی زۆر لەناو تاڵیبان بووین. پێش هەموو شتێک دەبێت ئاماژە بە گرووپی توندڕۆی سیراجەددین حەققانی بکەین. گرووپی دیکەش هەن کە لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا جیابوونەوە و ڕێبەرانی تاڵیبانیان بە خیانەتکار تۆمەتبار دەکرد، بەڵام دوژمنی ڕاستەقینەی تاڵیبان، دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش)ە کە هێشتا لە ئەفغانستان چالاکن.

ئێستە تەنیا باس لە کابووڵ دەکرێت، ئەی پەرچەکرداری خەڵک لەو ویلایەتانەی کە چەند هەفتەیە لەلایەن تاڵیبانەوە ئیدارە دەدرێت چۆنە؟

تاڵیبان پێش گەیشتنیان بە کابووڵ چەند ویلایەتێکیان داگیر کردبوو. لەلایەکی ترەوە، تاڵیبان پێش چەند ساڵ بەشێک لە ناوچەکانیان ئیدارە دەدا. شێوەی بەڕێوەبردنی ئەم ناوچانە هەمان ئەو شێوەیە بوو کە تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ لە سەرانسەری ئەفغانستان پەیڕەوی دەکرد.

بۆچی تاڵیبان لەگەڵ داعش لە شەڕدایە؟

داعش بزووتنەوەیەکی جیهانییە و لە بازنەی یەکەم لە جیهانی ئیسلام و لە قۆناغی دووەم لە سەرانسەری دونیا سەرگەرمی جیهادە. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕۆ و ڕادیکاڵە کە لە هەمان کاتدا، لە چوارچێوەی نەتەوەی پشتوون نەتەوەپەرستیشە. تەنیا ئارەزووی تاڵیبان تا ئێستە بەرقەراری "ئیماراتی ئیسلامیی ئەفغانستان"ە. تاڵیبان باوەڕیی بە ئایدۆلۆجی داعش نییە.

ئایا ڕێی تێدەچێت کە بزووتنەوەی بەرگری لە بەرانبەر تاڵیبان پێکبهێنرێت و خەڵک دژیان ڕاپەڕن؟

پێشبینیکردنی ئەمە لە ئێستەدا زەحمەتە، بەڵام ئیرادەی بەرگری لە بەرانبەر تاڵیبان بوونی هەیە. ئەحمەد مەسعوود کوڕی ئەحمەد شا مەسعوود هەر لە ئێستەوە بەرەی بەرگری دژی تاڵیبان ڕاگەیاندووە. لە نامەیەکشدا بۆ ئەمانوێڵ ماکرۆن داوای یارمەتی کردووە. زانیاری دیکەش هەیە کە باس لەوە دەکەن بزووتنەوەی بەرگری شیعەکانی هەزارە دژی تاڵیبان دەستی پێ کردووە.

ئایا دەتوانین باوەڕ بە دەرکردنی لێبووردنی گشتی لەلایەن تاڵیبانەوە بکەین؟ ئایا تاڵیبان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە؟ ئەی چۆن لەگەڵ ژنان دەجوڵێنەوە؟

لەبارەی لێبووردنی گشتییەوە وڵامی من بەڵێیە. کاتێک کە هەراتیان گرت ئیسماعیل خان ڕێبەری بزووتنەوەی بەرگری لە هەرات دەستگیر کرا، بەڵام دواتر ڕێگەیان دا کە بەرەو ئێران بڕوات. جێگری وەزارەتی ناوخۆ و چەند جەنەڕاڵێک دەستگیر کران، دواتر ڕێگەیان دان کە بەرەو کابووڵ بڕۆن. نیشاندانی وێنەیەکی میانڕۆتر، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەیەکی کاتی لە بەرژەوەندی تاڵیباندایە.

ڕێککەوتننامەی نێوان تاڵیبان و دەوڵەتی ترامپ جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکات کە ئەفغانستان جارێکی دیکە نەبێتەوە بە پەنا و موڵگەی تیرۆرستەکان. بە بڕوای ئێوە، تاڵیبان ئەم بەڵێنەیان دەبەنە سەر؟ ئەگەر وەڵامەکەتان بەڵێیە چۆن؟

ئەمڕۆ تاڵیبان بە بەراورد بە ڕابردوو، چ لە ڕووی سەربازیی و چ لە ڕووی سیاسیی، بەهێزترە. لە سێ ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئێران، ڕووسیا و چین پێوەندی دروست کردووە. لە بیرمان نەچێت کە پاکستان لە سەرەتاوە تا ئێستە پشتیوانی لە تاڵیبان کردووە. تاڵیبان بەڵێنی بەم وڵاتە داوە کە ڕێگری لە تیرۆری نێودەوڵەتیی و بەتایبەتی داعش بکات. شەڕکردن لەگەڵ داعش و ڕێگریکردن لێی لەوەی کە نەتوانێت زیان بەو وڵاتانە بگەیەنێت بۆ تاڵیبانش سوودی دەبێت. داعش دوژمنی سەرسەختی تاڵیبانە، دوژمنێک کە دەبێت لەناوببرێت.

ئەمریکا ئامانجی خۆی لە ئەفغانستان پێکاوە؟ ئایا زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستان پشتیوانی لە گەڕانەوەی تاڵیبان دەکەن؟

جۆ بایدن وەکوو دۆناڵد ترامپ گوتوویەتی کە ئامانجی ئەمریکا لەناوبردنی گرووپی تیرۆرستی قاعیدە بووە. ئەمریکییەکان ئەرکی خۆیان لە ئەفغانستان بە ئەنجام گەیاندووە. دەستنیشانکردنی ئەوانەی کە پشتیوانی لە تاڵیبان دەکەن کارێکی قورسە، بەڵام دەتوانین بڵێین تاڵیبان لە ناوچەکانی باشوور، ڕۆژهەڵات، باشووری ڕۆژئاوای وڵات، یان بە دەربڕینێکی تر لە ناوچەکانی پشتووننشین لایەنگری زۆری هەیە. بەڵام لە شارەکان یان لە ناوەندی شارەکان خەڵک بەتایبەتی گەنجان و ژنان دژی تاڵیبانن. ئەم دژایەتیکردنە لە باکوور و لە ناوەڕاستی وڵات زۆر بەهێزە.

بۆچی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان بێ هیچ بەرگریی و هەوڵدانێک بۆ مانەوەی لە دەسەڵات لە وڵات ڕای کرد؟

خۆی دەڵێت کە ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە داوە ڕێگە لە خوێنڕشتن بگرێت. ئەو کاتێک وڵاتی بەجێهێشت دڵنیابوو تاڵیبان لە کابووڵ نزیک بووەتەوە. خەڵکی ئەفغانستان ڕقێکی زۆریان لە ئەشرەف غەنییە و بە ترسنۆک و ڕاکردوو لە مەیدان تۆمەتباری دەکەن. هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بیگەڕێننەوە بۆ وڵات و ڕادەستی دادگای بکەن.

کێ هاوپەیمانی تاڵیبانە؟ ئایا هیچ وڵاتێک یارمەتیان دەدا؟

هیچ وڵاتێک بە شێوەیەکی فەرمی پشتیوانی لە تاڵیبان ناکات. سەرەڕای ئەوەی دەزانین کە پاکستان هەردەم پشتیوانی لە تاڵیبان کردووە. کاتێک کە تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٦ بە دەسەڵات گەیشت پاکستان، سعوودیە و ئیمارات تەنیا وڵات بوون کە دەوڵەتی تاڵیبانیان بەفەرمی ناساند. تاڵیبان لەو کاتەوە تا ئێستە لەلایەن دەزگا و ناوەندە ئیسلام‌گه‌راکانی ئەم سێ وڵاتە پشتیوانی دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە، ڕاستییەک هەیە کە بە قازانجی تاڵیبان بووە. ئەفغانستان هێڵی سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان بەفەرمی نەناساندووە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە زیاتر لە نیوەی پشتوونەکان لە پاکستان دەژین. پشتوونەکانی پاکستان پەناگە و پاڵپشتێکی گرینگ بوونە بۆ تاڵیبان، بۆ نموونە؛ لە کاتی پێویستدا وەکوو موجاهید پێوەندی بە ڕێزەکانی تاڵیبانەوە دەکەن.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن دەتوانێت بێ دەستتێوەردان لە ئەفغانستان لە بەرانبەر تاڵیبان بووەستێتەوە؟

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشاری خستووەتە سەر تاڵیبان. تاڵیبان دەیەوێت لەو چوارچێوەیەی کە بۆی دیاری کراوە، واتە؛ بزووتنەوەیەکی تیرۆرستی پێک‌هاتوو لە موسڵمانی توندڕۆی دژی پێشکەوتن، دژی ژن و دژی ڕۆژئاوا بێتە دەرەوە. تاڵیبان بۆ حکوومەتکردن پێویستیان بەوەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەفەرمی بناسرێن. ئەوان تا ئێستە پێوەندییان لەگەڵ چین، ئێران و ڕووسیا دروست کردووە. ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا ڕایانگەیاندووە کە هەر جۆرە یارمەتیدانێک و بەفەرمی ناساندنی دەوڵەتی تاڵیبان پێوەندی بە هەڵسوکەوتی تاڵیبانەوە لەگەڵ هاووڵاتیان بەتایبەتی ژنانەوە هەیە. لەم ساڵانی دوایی لە بواری ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ژنان لە خوێندن پێشکەوتنێک هاتووەتەکایەوە. من پێم وایە تاڵیبان گوێ لە گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت.

جگە لە هەڵکەوتەی جوگرافیایی ستراتیجی، ئایا ئەفغانستان لە ڕووی سەرچاوەی کانزاوە گرینگی هەیە؟

بەڵێ، ئەفغانستان وڵاتێکە کە بەشێکی فراوانی چیایە و پڕن لە ماددەی کانزای بەنرخ. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ئەمریکییەکان پێش دە ساڵ ئەنجامیان داوە، نرخی ئەم ماددە خاوانە دوو هەزار ملیارە. پشتیوانی چین لە تاڵیبان تەنیا لەسەر ئەو بەڵێنەی کە داعش زیان بە چین نەگەیەنێت و (ئۆیغوور)ییەکان* نەچنە ڕیزەکانی داعشەوە نییە. پاڵپشتی چین لە تاڵیبان پێوەندی بە گرینگی ئەفغانستان لە ڕووی ئابووریشەوە هەیە. پێشتر چین دەستی بە چالاکییە ئابوورییەکانی بۆ دەرهێنانی کانزای مس لە باشووری ئەفغانستان کردبوو.

ڕۆڵی ئەمریکا لە کاتی لەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان چی بووە؟ ئایا دەستتێوەردانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەتوانین بە هۆکاری پێشڕەوی تاڵیبانی دابنێین؟

بەڵێ، ئەفغانستان وڵاتێکی تایبەتە بە مێژوویەکی پڕ لە جموجوول، جەنگ و بەرگری دژی داگیرکەران. لە سەدەی نۆزدە ئینگلیزەکان، لەسەدەی بیست یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی لەم بیست ساڵەی دوایی دەستتێوەردانی سەربازییان لە ئەفغانستان کردووە، کە هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەرەیەکی بەرگری بەهێز دژ بە هێزە بیانییەکانی لێ بکەوێتەوە. بەپێی مەنتقی تاڵیبان، بڕیارنامەی ئەنجمومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێگەی بە دەستتێوەردانی سەربازیی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی ئوسامە بن لادن دا واقیعییەتی بیروڕای ئەوان ناگۆڕێت.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

--------------------------------------------------------------------

• ئەم چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەی لوموندی فەرەنسی لەگەڵ (کریم پاکزاد) سازی داوە، فوئاد ڕوستایی لە فەرەنسییەوە وەریگێڕاوە و بە ناونیشانی (طالبان برای حکومت کردن محتاج به ‌رسمیّت شناخته شدن از سوی جامعه‌ی بین‌المللی است)، ١ی سێپتەمبەر ٢٠٢١، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

•• کەریم پاکزاد، مامۆستای پێشووی زانکۆی کابووڵ و توێژەر لە ڕێکخراوی پێوەندی نێودەوڵەتیی و ستراتیجییە لە فەرەنسا.

* ئۆیغوور: بەشێکن لە نەتەوەکانی لقی تورکی ڕەگەزی زەرد‪، کە دەگەڕێنەوە بۆ ھۆزە پەرتەوازەکانی گەلانی مەغۆل، بەشی ھەرە زۆری نەتەوەی ئۆیغوور موسڵمانی سوننە‌ن.‌ بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠٠٨، ژمارەیان دەگاتە (٤١) ملیۆن کەس لە جیهاندا، کە بەشی ھەرە زۆریان دەکەوێتە ھەرێمی شینجیانگی چینی و ئەوانەی دیکەش بەسەر دەوڵەتەکانی تری وەک: کازاخستان، مەنگۆلیا، تورکیا، ئەفغانستان، پاکستان، ئەڵمانیا، ئەندەنوسیا، ئوسترالیا، تایوان، سعوودیە‌. دابەش دەبن. نەتەوەی ئۆیغوور ١٠ سەدە بەر لە ئێستە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بوون بە ناوی تورکستانی ڕۆژھەڵات، بەڵام لە ساڵانی ١٧٥٩ و دواتریش ١٧٨٦ بەشێکی گەوەری لکێنرا بە چینەوە و لە ساڵی ١٩٥٠دا بەیەکجاری بووە بەشێک لە چینی کۆمۆنیستی. لە ساڵانی ١٩٣٣ و ١٩٤٤ ئۆیغوورییەکان توانیان خۆیان لە دەسەڵاتی چین ڕزگار بکەن، بەڵام ئەم سەربەخۆیییە زۆری نەخایاند و جارێکی دی چین دەستی بەسەریاندا گرتەوە.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی فەرەنسی:

Karim Pakzad, ‘Pour gouverner, les talibans ont besoin de la reconnaissance internationale’, Le Monde, 17 August 2021.