جۆو بایدن ڕەخنە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێت

جیهان 09/10/2021

چاودێر

 

سەرۆكی ئەمەریكا بە تووندی ڕەخنە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان دەگرێت و بە مەترسییەك بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ناوی دەبات.

 جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا ماوەی كارپێكردن بە بڕیارێكی ساڵی 2019ی درێژ كردەوە، كە تایبەتە بەو هەڕەشانەی لە ئەنجامی دۆخی سووریا بۆ سەر "ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان" دروست دەبن. 


 بایدن لە نامەكەیدا بۆ كۆنگرێس نووسیویەتی: "بارودۆخی ناوخۆی سووریا و پەیوەندیدار بە سووریا، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندیی بە هەنگاوەكانی حكومەتی توركیاوە هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، كاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەڵمەتەكانی تایبەت بە تێكشكاندنی داعش دەبێت و ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە، ئەمە جیا لەوەی دەبنە هەڕەشەی زیاتریش بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە"، هەروەها ئەو كارانە دەبنە هەڕەشەیەكی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان".


 بایدن دەڵێت، لەبەر ئەو هۆكارانە، دەبێت ئەو بارە نائاساییە نیشتمانییەی لەسەر بنچینەی بڕیاری جێبەجێكاریی ژمارە 13894 لە 14ی ئۆكتۆبەری 2019 دەرچووە بۆ دوای 14ی ئۆكتۆبەری 2021یش بەردەوام بێت و بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە درێژدەكرێتەوە.