رۆژئاوای كوردستان لە چاوەڕوانی جەنگێكی دیكەی خوێناویدا

ڕاپۆرت 28/09/2021

چاودێر: 

 تا دێت ناكۆكییە مەیدانییەكانی نێوان میلیشیا چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە هاوپەیمانی توركیان لەگەڵ سوپای رووسیا زیاتر دەبن، چاوەكانیش لە سەر لوتكەی نێوان فلادیمێر پۆتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیان بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەسەر دۆسێی باكووری سووریا بەتایبەت ئیدلب.

حكومەتی رووسیا خوازیارە كۆتایی بە بوونی توركیا لە باكووری سووریا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن بهێنێت و حكومەتی سووریا بگەڕێنێتەوە، هاوكات چارەسەری بنەڕەتی كێشەی كوردیش بكات لە رێگای پێدانی مافێكی سنووردار لە رۆژئاوای كوردستان.

ئاستەنگی پێش مۆسكۆ بۆ پلانەكەی بوونی سەربازیی توركیا و ئەمریكایە لە باكووری سووریا و رۆژئاوای كوردستان.

هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا سەردانی مۆسكۆ و واشنتنی كرد لەبارەی ئایندەی كورد گفتووگۆیان كرد.

لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە باكووری سووریا پێكدادانی سەربازی لەنێوان هێزەكانی رووسیا و میلیشیاكانی توركیادا رووی داوە و ژمارەیەك چەكداری كوژراون و بریندار بوون.

هاوكات میلیشیاكان لە ئیدلبەوە هێرشی درۆنیان بۆ سەر بنكەی حەمیمیمی رووسیا لە كەناراوەكانی سووریا لە دەریای نێوەڕاست ئەنجامداوە.

بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لوتكەی نێوان سەرۆكانی توركیا و رووسیا ئەنجام بدرێت، چاوەكان لەسەر ئەم كۆبونەوەیەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێكدا گوتی: حكومەتی سووریا كیشەی بۆ ئاسایشی سنوورەكانی باشووری توركیا درووستكردووە.

رەخنەشی لە ئەمریكا گرت لە سەر بەردەوامیدان بە پڕچەككردنی هێزەكانی یەپەگە لە رۆژئاوای كوردستان.

هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا سوپای توركیا و میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشێكی نوێ بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، لەوچوارچێوەیەدا هێرشی تۆپباران و بۆردومانی ئاسمانیان زیادكردووە.

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ هەواڵی كوژرانی ئەندامێكی كۆمیتەی نێوەندی پەكەكەی بە ناوی حەیدەر ڤارتۆ لە قامشلۆ بڵاوكردەوە.