"چاودێر" فێلێكی گەورەی یەكگرتوو لە بزووتنەوەی ئیسلامیی ئاشكرا دەكات

ڕاپۆرت 27/09/2021

چاودێر: 

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی رابردووی 2018دا فێڵێكی گەورەی لە بزووتنەوەی ئیسلامیی كرد، ئێستا دەیهەوێت فێڵێكی دیكەی لێ بكات، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت ئەمجارە رێبەرانی بزووتنەوە بچنە نێو هاوكێشەیەكی بێسوود بۆ خۆیان و زێڕین بۆ یەكگرتوو.

لە ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵی رابردوودا هەوڵی زۆر درا بەرەی ئیسلامی دروست بكرێت، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا، پێشووتری یەكگرتوو خۆی بە هاوشانی هاوڕێكانی نەدەزانی، ئێستاش كۆمەڵ، بۆیە بەرەو لیست و هاوپەیمانی ئیسلامی لە دایك نەبوو.

بەشێك لە شرۆڤەكاران پرسیاری ئەوە دەكەن، كاتێك گۆڕان و پارتی بتوانن هاوپەیمانی بكەن بۆ بەشدارس حكومەت، یان یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردن بكەن كە زۆرترین توندوتیژیان لەنێواندا بووە بەتایبەت كە هێزییش لەنێوانیاندا بەكارهێندراوە، سەیرە ئیسلامییەكان ناتوانن بچنە بەرەیەكەوە؟ چاودێران بۆ ئەم پرسیارە دەڵێن بەرژەوەندییەكان رێگرن.

یەكگرتووی ئیسلامی لە سنووری بازنەی 3ی هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنەكان كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان و كۆمەڵ دەرچوونیان مسۆگەر كردووە، كێبڕكێ لەنێوان پارتی و یەكگرتوودایە، كە كاندیدی یەكگرتوو موسەنا ئەمینە یەكگرتوو زۆر لە خەمی دەرچوونیەتی و مەترسیی دەرچوونیشی هەیە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حیزبە ئیسلامییەكان گوتی: یەكگرتوو لەسەر ئاستی باڵا بە فەڕمی داوای لە بزووتنەوە كردووە جەماوەرەكەیان لە سنووری هەڵەبجە راسپێرن دەنگ بە موسەنا ئەمین بدەن، لەبەرامبەردا جەماوەری یەكگرتوو دەنگ بە كاندیدی بزووتنەوە دەدەن.

بزووتنەوە هەرچەند بایكۆتی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بۆ كەركوك كاندیدێكی هەیە.

سەرچاوەیێك لە بزووتنەوەی ئیسلامیی گوتی: جەماوەری بزووتنەوە دەتوانن كاندیدی یەكگرتوو لە هەڵەبجە دەرچێنن، بەڵام جەماوەری یەكگرتوو لە كەركوك هێندە نییە بتوانن كاندیدی بزووتنەوە دەرچێنن، بۆیە مەحاڵە بزووتنەوە بچێتە نێو ئەو رێككەوتنەوە.

 
 سەرچاوەكەی بزووتنەوە، گوتیشی: لە هاوپەیمانی پێشووی نێوان بزووتنەوە و یەكگرتووش فێڵ لە بزووتنەوە كرا، دوای دەرچوونی كاندیدەكانی یەكگرتوو، ناوی فراكسیۆنەكەیان گۆڕی و لە هیچ پلە و پۆستێكیشداحسابیان بۆ بزووتنەوە نەكرد، كە ئەو كاندیدانەی یەكگرتوو بە پاڵپشتی جەماوەری بزووتنەوە چوونە پەرلەمان.
گوتیشی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دوور لە چاوی میدیاكان، شاندێكی باڵای یەكگرتوو سەردانی سەركردایەتی بزووتنەوەیان كردو ئەو داواكارییەیان پێشكەش كردووەتەوە، بەڵام ڕۆژێك دواتر ئەنجوومەنی سەركردایەتی بزووتنەوە كۆبووەوەو لە بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەیاندا ئاشكرایانكرد، بزووتنەوەی ئیسلامی سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی كە بایكۆت كردنە و دەنگەكانیشی بە هیچ كاندێدك نادات.

سیستمی نوێی هەڵبژاردن پشتی بە كاندید بەستووە، دەنگدەر ناتوانێت دەنگ بە حیزب و لیست بدات، تەنها دەتوانێت دەنگ بە كاندید بدات تەنها لە بازنەی خۆی، ئەمەش لە پێناو پتەوكردنی پێوەندی نێوان كاندید و جەماوەر و پابەندكردنی كاندید دوای دەرچوونی بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی و كاركردن بۆ جەماوەر و دەنگدەرەكەی نەك حیزب، بۆیە حیزبەكان تینیان لێ پەیدابووە.

ئەمە جگە لە ساردو سڕی بانگەشەی هەڵبژاردن و نەمانی متمانەی هاووڵاتیان بە بەڵێن و كاندید و هەڵبژاردن لەسەرانسەری عێراق و چاوەڕێدەكرێت كەمترین بەشداری بكەن كە لە خوار 30%ەوە بێت.