هەڵبژاردنەكەی مەغریب مەرگی ئیخوانی هێنا

ڕاپۆرت 15/09/2021

چاودێر: 

هەڵبژاردنەكەی هەفتەی رابردووی مەغریب مەرگی ئیخوانی لە جیهانی عەرەبیدا راگەیاند، دواین پێگەی ئەم رەوتە لە وڵاتانی عەرەبیدا كۆتاییهات، ئەم شكستە مێژووییەی ئیخوان رەنگە لە جیهانی عەرەبیشەوە بپەڕێتەوە توركیا، كە ئێستا نزیكە پێگەی ئیخوان لەم وڵاتەش كۆتایی پێبێت كە بە گوتەی شارەزایانی سیاسی لەرزۆك بووە.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مەغریبدا پارتی دادوگەشەی مەغریب تووشی شكستێكی گەورە بوو، ژمارەی كورسییەكانی لە 125 كورسییەوە بۆ 12 كورسی دابەزین، بەوەش پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە دەست دا دوای دوو هەڵبژاردن.

شكستی رەوتی ئیخوان لە مەغریب دوای دوورخستنەوەیان دێت لە دەسەڵات لە تونس لە رێگای كودێتایەكی قەیس سەعید سەرۆكی ئەم وڵاتەوە دوای 10 ساڵ حكومڕانی.

ئیخوانەكانی مەغریب و تونس ددانیان بە شكستەكانی خۆیان و كەموكوڕییەكانیاندا ناوە لەم دوو وڵاتەی خۆرئاوای عەرەبی و دووچاری كێشەی نێوخۆیی بوون و لە چەندین دۆسێی گەندەڵیشەوە گلاون.

لە ساڵانی رابردوودا گرووپ و حیزب و لایەنە ئیسلامییەكان لە وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گەشەی جۆراوجۆردا بوون، لە زۆر وڵات گەیشتن بە دەسەڵات بەتایبەت لە دوای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبییەوە لە 2011.

بەپێچەوانەوە ئێستا بەرە بەرە كۆتایی بە فەرمانڕەوایەتییەكانی ئیخوان دێت، دواین گورز كە لێیاندرا لە مەغریب بوو، بۆیە ئەمە بە كۆتاییهاتنی سەردەمی ئیخوان موسلیمین دادەندرێت بە گوتەی چاودێرانی سیاسی.

دوای ئەزموونەكانی میسر و سوودان و تونس، پارتی دادو گەشەی مەغریبی دواین هەرەسهێنانی ئیخوان بوو لە ناوچەكەدا.

توێژەری كاروباری جووڵانەوە ئیسلامییەكان ئەحمەد خێری دەروێش بۆ كەناڵی سكاینیوز گوتی: لە دوای ئەو شكستە مەترسیدارەی جووڵانەوەی ئیخوان لە مەغریب روونە كە تەمەنی سیاسیی ئەم جووڵانەوانە دەیەیەك تێپەڕناكات، ئەزموونی ئیخوانیش لە میسرەوە بۆ لیبیا و تونس لەوێشەوە بۆ مەغریب ئەزموون كراوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر جووڵەی ئیخوان هەیە لە خۆرهەڵات بەتایبەت لە سووریا و عێراق و لوبنان و ئوردن.

هاوكات توێژەر و نووسەر هەمبر سەلیم بۆ سكاینیوز گوتی: شكستی ئیخوان لە مەغریب كاریگەریی لەسەر جووڵەی ئیخوان لە رۆژهەڵاتی عەرەبی دەبێت.
 
بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئیخوان لە وڵاتانی عەرەبی هاتووە، لە عێراقیش حیزبە ئیسلامییەكان بە شیعە و سوونەوە شكستیان هێناوە، نەیانتوانیوە ببنە پرۆژەیەك بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، هێندەی بوونە سەرچاوەیەك بۆ خۆدەوڵەمەندكردن هاوشانی حیزبە عەلمانی و نەتەوەییەكان.

لە سووریاش پرۆژەی ئیخوان شكستی هێنا دوای شكستی شۆڕش و گۆڕینی راپەڕینەكانی سووریا بۆ جوڵانەوەی تێرۆرستی داعش و بەرەی نووسرە و گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی دیكە كە بوونە داردەستی وڵاتان و پرۆژەی ناڕەزایی گەلی سووریایان تێكدا، دواتر بەهاتنەناوەوەی رووسیا و ئەمریكا و توركیا و ئێران پرۆژەی ناڕەزایی زۆر كۆتایهات.

لە دەوڵەتانی عەرەبییەوە بۆ توركیا، لەوێش پێگەی ئیخوانەكانی میسر لە رەوشێكی زۆر خراپدایە، دووچاری دووبەرەكی بوون، خەریكی پاكتاوكردنی یەكدین.

ئیخوانەكانی توركیا خۆشی كە فەرمانڕەوان پێگەیان لەباشیدا نییە، بەپێی دواین راپرسییەكان رەوشی ئاكپارتی بۆ هەڵبژاردنەكانی 2023 لەباشیدا نییە و دەنگەكانیان لە پاشەكشێدان.