هەرێمی كوردستان مەیدانی جەنگێكی نوێی خوێناوی

ڕاپۆرت 08/09/2021

چاودێر: 

لەنێو خاكی هەرێمدا جەنگی پەكەكە و توركیا گەرمتر دەبێت، لەولاشەوە جەنگی ئێران و حیزبە رۆژهەڵاتییەكان خەریكە دەستپێبكات، پەكەكە و حیزبە رۆژهەڵاتییەكانیش تیرو شیر لە یەكدی دەسوون.

هێشتا جەنگی درێژمەودای پەكەكە و گرووپە نزیكەكانی لەگەڵ سوپای توركیا لەنێو خاكی هەرێمی كوردستاندا بەردەوامە، تا دێت كاریگەریی ئەم جانگە زیاتر دادەكشێتە نێو ناوچە ئاوەدانییەكانی باشووری كوردستانەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێچارەیە لە ئاستیدا، ئەمە كۆتایی نەهاتووە، كەچی خەریكە جەنگێكی دیكە لەنێو خاكی باشوور سەرهەڵدەدات.

محەمەد پاكپوور فەرمانداری هێزە زەوییەكانی سووپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران چەند رۆژی رابردوو لە كاتی بەسەركردنەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوای ئێران لە گوتاری خۆیدا هۆشداریی زۆر توندی دایە هەرێمی كوردستان.

پاكپوور گوتی: پێویستە هەرێمی كوردستان چی دیكە رێگا بە چالاكی و مەشق و كار و كردەی حیزبە "تێرۆریست و دژە شۆڕشەكان"ی ئێران نەدات لەسەر خاكەكەی، ئێمە چیدیكە بە ئەوە رازی نابین، ناچارین كاردانەوەمان هەبێت، لێیان دەدەین لەنێویان دەبەین.

محەمەد پاكپوور گوتیشی: داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی باكووری عێراقیش دەكەین كە نێزیك نەبنەوە لە بارەگای ئەو حیزبانە، تكایە دوور بكەونەوە لێیان با زیانتان پێ نەگات، یان كارێك بكەن ئەو بارەگایانە لەوێ نەمێنن.

ئەو فەرماندەی سووپای پاسداران داوای لە حكومەتی بەغداش كرد وەك دۆست و برا كارێك بكەن بۆ كۆتایهێنان بە بوونی ئەم حیزب و گرووپانە لە خاكی هەرێمی كوردستاندا.

فەرماندەكانی سووپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە چەند لێدوانێكدا دووپات لەوە دەكەنەوە كە دەبێت حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خاكی هەرێمی كوردستان چۆڵ بكات.

لەلایەكی دیكەوە محەمەد ئوسانلۆ فەرماندەیەكی دیكەی سووپای پاسداران گوتی: دەبێت گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی كوردستان دووربخرێنەوە، نابێت تێرۆرستان لەوێ هەبن و چالاكی و خۆپەروەردەكردنیان هەبێت لەسەر خاكی ئەم هەرێمە، بۆیە ئێمە بێ دەنگ نابین لە هەر چالاكییەكیان.

لەبەرامبەردا خالید عەزیزی سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت: بە لەبەر چاوگرتنی ڕابردووی ئێران، ئەوە بەڵگەیەكی دیكەیە كە ئاشكرای دەكات ئەوان گوێڕایەڵی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەكان نابن و ڕێزیان لێ ناگرن، هەر وەك چۆن لە سەرەتای دامەزرانیانەوە ئەو كارەیان نەكردووە،
لەبەر ئەو هۆیە، ئێمە داوا لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەكەین كە هەڵوێست بۆ پێشگرتن بە كارەساتێكی دیكە لە لایەن ئێرانەوە بگرن.

هاوكات ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێكدا داوای هەڵوێستیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كردووە لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێراندا.

چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانیش لەناو حیزبەكانی رۆژهەڵاتەوە بۆ مێدیاكانیان ئاشكراكردووە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەڕەشە و فشارەكانی ئێرانیان پێگەیێندراوە، بۆیە تاكە رێگا لەبەردەوامیاندا ناچارن پەنابەرنەوە بەر شاخەكان.

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵیش ئاشكرایانكردووە كۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند رێگاكەیەوە داوای لە بەغدا و هەولێر كردووە كە هەر چۆنێك بێت، دەبێت حیزبە رۆژهەڵاتییەكان هەرێمی كوردستان چۆڵبكەن.

شرۆڤەكارێكی سیاسی دەڵێـت: لە كاتێكدا كۆماری ئیسلامی ئێران جدیەتی خۆی نیشان بدات لەسەر ئەو فشارانە، دەبێت حیزبەكان بچنە شاخەكان، لەم كاتەشدا هەر لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا دەبن، دەچنە ئەو ناوچانەی كە هەرێم توانای بەسەریاندا ناشكێت.

گوتیشی: لە شاخیش چەند سیناریۆیەك هەیە، یەكێكیان روودانی شەڕی نێوان حیزبە رۆژهەڵاتییەكان و پەكەكەیە، پێشترێش چەند گرژییەك لەنێوان مەفرەزەی پێشمەرگەی رۆژهەڵات و گەریلاكانی پەكەكەدا روویداوە بەتایبەت كە گەریلاكان زۆرینەی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانیان گرتووە و جۆرێك لە هاوكاریش لەنێوان ئێران و پەكەكەدا هەیە، هاوكات پێكدادانی نێوان پاسداران و پێشمەرگەی رۆژهەڵات، لەمبارەش زیانی گەورە بەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەوێت. 

بە گوتەی ئەو شرۆڤەكارە رەنگە سیناریۆیەك بۆ هەرێمی كوردستان و ئێرانیش گونجاو بێت، كە دوورە لە جێبەجێكردنەوە، ئەویش گواستنەوەی سەرجەم حیزبە رۆژهەڵاتییەكانە بەرەو وڵاتێكی دیكە یان ئەوروپا.